
ڕۆژی پێنجشەممە (٢٦ی ٢ی ٢٠٢٦)، هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعیی کوردستان کۆبووەوە.
سەرەتا هاوڕێ حەمەڕەشید قەرەداغی، سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان، بەخێرهاتنی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و هاوڕێیانی کرد و پێکەوە هەمووان چەند خولەکێک بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی حزب و گەل و شەهیدانی ڕۆژاوا وەستان.
هاوڕێ ئەبو کاروان، دوای گوێگرتنی لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونەکان، لەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە و جیهان، قسەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد.
ئەبو کاروان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پێشمەرگە دێرینەکان وتی: "پێم باشە ئێوە وەک پێشمەرگە دێرینەکانی حزب، چاودێریی کاری حزبیمان بکەن، لە کاروچالاکییەکان و هەڵوێستەکانمان ڕەخنەتان هەبوو پێمانی بڵێن، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە کارێک بکەین حزبەکەمان بەرەوپێش ببەین."
وتیشی: "ئێمە بەرهەڵستکاری دەسەڵاتێکین کە ڕۆژبەڕۆژ باری سەرشانی خەڵکی قورستر کردووە. ئێمە دەمانەوێت خەڵک ڕزگاری بێت لەو ژیانەی ئێستا هەیە، کە میللەت بەدەست دەیان کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت."
ئاماژەی بەوەش دا کە ململانێی ناوخۆیی و دەوڵەتانی ئیقلیمی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەتی نوێیان دواخستووە؛ هەروەها پەیوەندیی نێوان هەردوو حزب تێکچووە و تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ حزبەکانی دیکەش بچڕاندووە (بە ئێمەشەوە)، و گوێ لە خەڵكی دڵسۆز، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیران ناگرن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد: "وەک حزبی شیوعی پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵك، چین و توێژەكان، نووسەران و ڕۆشنبیران لە ئاستێكی بەرزدایە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی گشتیی حزب كە كۆنگرە دیاریی كردووە، هەروەها خاوەنی دیدی سەربەخۆی خۆمانین كە بنەمای دەربڕینی هەڵوێستەكانمانە."


