
ڕێگای کوردستان/ کەرکوک
لە پێشهاتێکی مەترسیداری ئەمنیدا و لە چوارچێوەی بەرفراوانبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاری کەرکوک بۆ دووەم جار کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
هێرشەکە بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبیی لە ناو جەرگەی شارەکەدا کردە ئامانج و ژمارەیەک چەکداری بارەگاکە کوژران و برینداربوون.
ئەمە دووەم جارە هێرشی لەم شێوەیە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئەو هێزانە لە سنوری پارێزگای کەرکوک ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارەو بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بارەگای ئەو گروپانە لەناو جەرگەی شارەکە و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان ، پێشبینی دەکرێت هێرشەکان فراون ببنەوە
لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای دانیشتووانی شارەکە و چاودێرانی ئەمنی دروستبووە. شارەزایان هۆشدارییەکی توند دەدەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە بەپەلە و لە ئێستادا، ئەو بارەگایانەی سەر بەو گروپە چەکدارانەن کە ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیلن، چۆڵ بکرێن یان بۆ دەرەوەی شار دووربخرێنەوە. هێشتنەوەی ئەم بارەگایانە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و لە ناو جەرگەی شارەکەدا، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی گشتی دروست دەکات.
چالاکوانان و چاودێرانی دۆخەکە پێیان وایە، ئەگەر دەستبەجێ ڕێکاری پێویست نەگیرێتەبەر و ئەم بارەگایانە لە ناو شاردا بمێننەوە، ئەوا لە داهاتوودا باجەکەی زۆر قورس دەبێت. بە دڵنیاییەوە لە هێرشەکانی داهاتوودا هاووڵاتییانی مەدەنی و بێتاوانیش دەبنە قوربانیی ئەو بارەگایانە و ژیانی دانیشتووانی کەرکوک دەکەوێتە نێو ئاگری ئەو جەنگە وێرانکەرەی کە عێراقی تێوەگلاوە.