
ئاراس جەبار ڕایگەیاند'' لەیەکەم وێستگەی گۆڕانکارییەکاندا، پێشبینی دەکرێت لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە (١٨ی شوبات)، ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بکەونە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی تورکیا.''
بەو هۆیەوە ئاسمانی هەرێم دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و ئەگەری نمەبارانی پچڕپچڕ لە هەندێک ناوچەدا هەیە، بەڵام کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی دهۆک و هەولێر بەهێزتر دەبێت و بارانی مامناوەند و کەمێک بەفری لوتکەی چیاکانی لەگەڵە؛ ئەم دۆخە کورتخایەن دەبێت و بەرەبەیانی چوارشەممە کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دوای تێپەڕبوونی ئەم شەپۆلە لاوازە، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆ گەرمەکان لەسەر بەرگەهەوای ناوچەکە، کەشوهەوایەکی جێگیر و بەهاریانە باڵ بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەکێشێت.
ئەم سەقامگیرییە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو (٢٣ی شوبات) بەردەوام دەبێت، کە تێیدا پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە و هیچ نیشانەیەکی دابەزینی پلەکانی گەرما یان بارانبارین لە ئارادا نابێت، ئەمەش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ چێژوەرگرتن لە کەشێکی فێنک.
لە ڕۆژی دووشەممە (٢٣ی شوبات) و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگ، پێشبینی دەکرێت بارستە هەوایەکی سارد لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ناوچەکە شۆڕ ببێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لە سەرەتادا ئەگەری شەپۆلێکی کورتی بارانی لەگەڵە و دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بە بڕی ٤ تا ٥ پلەی سیلیزی. هەرچەندە کەشەکە تا ڕادەیەک زستانە دەبێتەوە، بەڵام بە گشتی بارانبارین لەو ماوەیەدا کەم دەبێت و سەقامگیری بەسەر کەشەکەدا زاڵ دەبێت.
ئەو کەشناسە وتیشی'' سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە هاتنی شەپۆلێکی توندی بەفربارین و شەختە بۆ سەنتەری شارەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەکەن، سەرجەم ئەو هەواڵانە ڕەتدەکرێنەوە.''
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ شەپۆلێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و تەنها دابەزینێکی ئاسایی پلەکانی گەرما ڕوودەدات، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و دڵنیابن کە هیچ سەرما و بەفرێکی بەهێز لە ڕێگادا نییە.