
ستار ئەحمەد
ژیان تەنها پرۆسەیەکی بایۆلۆژیی نییە کە تێیدا هەناسە بدەین و بخۆین، بەڵکو کۆچێکی بەردەوامی ڕۆحە لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی. زۆرجار وا دەزانین گەورەترین مەترسی، لەدەستدانی ئەو کەسانەیە کە خۆشمان دەوێن، بەڵام قووڵترین برین کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ لە جەنجاڵی دۆزینەوەی ئەوانی تردا، ڕێگەی ماڵی خۆی ون بکات. کاتێک ئاوێنە دەبێتە بێگانەیەک و ئەو دەنگەی لە ناخمانەوە دێت، چیدی نایناسینەوە. مرۆڤ وەک دەریایە؛ لە سەرەوە ئارام و لە قووڵاییدا پڕ لە گێژاو. ئەو جەنگە بێدەنگەی لە ناوەوەماندا بەرپایە، نیشانەی زیندووییە. زەردەخەنەیەک، کە لەسەر لێو دەپشکۆێت و لە پشتەوە خەمێکی گەورە دەشارێتەوە، درۆکردن نییە لەگەڵ ژیان، بەڵکو جۆرێکە لە خۆڕاگری. ئێمە فێرکراوین چۆن لەگەڵ خەڵک بدوێین، بەڵام کەس فێری نەکردین چۆن لەگەڵ تەنیایی خۆماندا ئاشت ببینەوە. تەنیایی زیندان نییە، بەڵکو نیشتمانی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت بزانن لە پشت ڕوخسارەکانەوە چی دەگوزەرێت.
ئەو کاتەی مرۆڤ بەدوای دادپەروەری و مانادا دەگەڕێت لەناو ئەم هەموو شێواوییەی جیهاندا، زۆرجار تووشی نائومێدی دەبێت، چونکە چاوەڕێیە دونیا وەڵامی بداتەوە. کەچی نهێنییەکە لەوەدایە،کە مانا بەمرۆڤ نادرێت،بەڵکوو خۆی واتا بە ژیان دەبەخشێت. ئەگەر بەهایەک نەبێت لە پێناویدا بژین، ئەوا ڕۆژەکان دەبنە تەمێکی نیشتوو، کە چاوەکانمان کوێر دەکەن. بوێری ئەوە نییە لە مردن نەترسیت، بەڵکو ئەوەیە، کە نەبەردیت هەبێت لەناو ئەم هەموو ئازارەدا هێشتا بەدوای جوانیدا بگەڕێیت. هەموو ئەوانەی لە ڕێگەی گەڕان بەدوای ئەوانی تردا خۆیان ون کردووە، دەبێت بزانن گەڕانەوە بۆ لای خود، قورسترین و بەنرخترین گەشتە. ئێمە زۆرجار دەبینە قوربانی چاوەڕوانییەکانمان لەوانی تردا، لە کاتێکدا کلیلە ڕاستەقینەکە لەوەدایە، کە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە کەسێکی تر بۆ ئەوانی تر، ببێتە خۆی بۆ خۆی.
لە نێوان نەبوونی ئەشق و لەدەستدانیدا، ئازارەکە لەوەدایە، کە مرۆڤ تامی بەهەشت بکات و پاشان لێی بێبەش بکرێت. بەڵام دڵێک کە سووتاوە، زۆر لەو دڵە گەورەتر و بەرزترە کە هەرگیز گەرمییەکی نەبینیوە. ئەوەی عەشقی ناسی و پاشان لەدەستی دا، ڕەنگە چاوەکانی پڕ بن لە فرمێسک، بەڵام ڕۆحی پڕە لە ئەزموون و مانا. برینەکانمان ناسنامەی ئێمەن؛ ئەوان نیشانەی ئەوەن کە ئێمە ژیاوین، جەنگاوین و نەترساوین لەوەی بشکێین. ئازاری دوای عەشق وەک بارانی پاییز وایە، دارەکان ڕووت دەکاتەوە، بەڵام زەوییەکە بۆ بەهارێکی نوێ ئامادە دەکات. ئەگەر بپرسین کامیان سەختترە، دەبێت بڵێین: ژیان بەبێ ئەزموونکردنی هەستەکانمان، وەک بیابانێکی وشکە، کە هەرگیز ڕەنگی سەوزی نەبینیوە، بەڵام لەدەستدانی عەشق وەک دارستانێکە کە سووتاوە؛ ئازاری هەیە، بەڵام خاکەکەی پڕە لە خۆڵەمێشی یادگارییەکان، کە دەتوانێت ژیانێکی نوێی تێدا شین ببێتەوە.
هەموو ڕۆژێک، کە خۆر هەڵدێت، هەلێکی نوێیە بۆ ئەوەی ئەو جەنگە نێو خۆییەی هەمانە بە ئاشتییەکی کاتی بگۆڕینەوە. مرۆڤی تێگەیشتوو ئەو کەسەیە کە دەزانێت هیچ برینێک بە تەواوی سارێژ نابێت، بەڵام فێری ئەوە دەبێت چۆن لەگەڵ برینەکانیدا پێکەوە هەڵبکات. نهێنی ژیان لە مانەوە نییە، بەڵکو لە تێپەڕبووندایە بەناو هەموو ناخۆشییەکاندا بێئەوەی ناخت ژەنگ هەڵبێنێت. مرۆڤ کە دەدوێت، دەیەوێت بەشێک لە تەنیاییەکەی بڕوخێنێت، بەڵام پەیڤە ڕاستەقینەکان ئەوانەن، کە لە بێدەنگیدا دەگوترێن. لە کۆتاییدا، هەر یەکێک لە ئێمە چیرۆکێکی نەگووتراوە، جەنگێکە ، کەس باسی ناکات، و عەشقێکە لەناو بێدەنگیدا دەژی. بژی نەک تەنها بۆ ئەوەی تەمەن بەسەر ببەیت، بەڵکو بۆ ئەوەی ببیتە ئەو ڕووناکییەی کە تەنانەت لە تاریکترین شەوەکانیشدا، ڕێگەی گەڕانەوە بۆ لای خۆت نیشان بدەیتەوە. ژیان تەنها یەکجارە، بەڵام ئەگەر بە دروستی و بەدوای مانادا بژیت، هەر ئەو یەکجارە بەسە بۆ ئەوەی ببیتە بەشێک لە جوانییەکانی بوون.