
كەشناسێك پێشبینی دەكات لە رۆژانی داهاتوو تا كۆتایی مانگ شەپۆلێكی سەرما روو لە هەرێم دەكات و ئەگەری بارینی بەفر هەیە و بارانێكی باشیش دەبارێ.
ئاراس جەبار بڵاویکردەوە'' لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست باران و بەفری مامناوەندی پچر پچر دەستپێدەکاتەوە و سەرەتاش ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە و پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا کاریگەریەکانی درێژ ئەبێتەوە بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر و ناوچە شاخاویەکانی.
وە لە کاتی شەودا بۆ رۆژی دووشەمە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئەگرێتەوە و بەفر لەناوچە شاخاویەکان ئەبارێت و بارانی کەم بۆ مامناوەندی پچر پچر لەسەنتەری شارەکان.
ئاماژەی بەوەشکردەوە، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە لە رۆژی سێشەمە شەپۆلێکی سەرما سەرجەم ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و پلەکانی گەرما بەرێژەی ٦ تا ٧ پلە نزمدەبنەوە و بەجۆرێک لەسەنتەری پارێزگاکان بەرزترین پلەی گەرمی لەنێوان ٢ بۆ ٤ پلەی سەدی ئەبێت و نزمترین پلەی گەرمی ٣ تا ٤ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە .
ئاراس جەبار وتیشی'' تا لە شەوی دووشەمە لەسەر سێشەمە تا نیوەرۆی سێشەمە هەر دابارینێک دروستببێت لە سەنتەری شارەکانیش ئەیکات بە بەفر بەڵام بەگشتی شەپۆلەکە لەوکاتەدا زۆر لاوازبووە کە سەرماکە دێت بۆیە هەموو شوێنێک نابارێت و بڕی بەفرەکەش کەم ئەبێت.''