
كەشناسێك پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا بارانێکی زۆر لە باشوری کوردستان ببارێت، لە مڕۆوە ٦ ی شوباتەوە دەستپێدەکات تا كۆتایی هەفتە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات " لە ئێستادا کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین لەدەریای سوورەوە گەیشتووەتە ناوچەکانمان بەتایبەت سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووەتەوە کاریگەریەکانی ٤ تا ٥ کاتژمێری داهاتوو بەردەوامی ئەبێت و بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبارێت دواتر لاواز ئەبێت".
لە بارەی رۆژی شەممەوە ئەو پسپۆرە پێشبینی دەکات، سبەی شەمە ٧ ی شوبات لەکاتەکانی دوای نیوەرۆوە شەپۆلێکی دیکە لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و سەرەتاش لەسنوری پارێزگای دهۆک و هەولێرەوە پاشان لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەریەکەی زیاد دەکات و بارانێکی بەردەوام و باش سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە کە هەندێ جارێش ئاستی دابارینەکە ئەگۆرێت بۆ لێزمە باران لەگەڵ ئەگەری ڕوودانی هەورە بروسکە و ئەم قۆناغەیان تا نیوەرۆی یەکشەمە ٨ ی شوبات بەردەوامی ئەبێت، دواتر شەپۆلی تر لەم هەفتەیەدا روودەکاتە ناوچەکە.