کۆتایی بە پشکی کورد لە هەرەمی سوپادا هات

پەرلەمان متمانەی بە عەرەبێک بەخشی

ڕێگای کوردستان

لە پێشهاتێکی نوێی سیاسی و سەربازیدا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی هاوکێشەی دابەشکردنی پۆستەکان لە عێراقدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دانانی فەرماندەیەکی عەرەب دا وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، بەمەش بە فەرمی ئەو پۆستە باڵا سەربازییە لە پشکی کورد سەندرایەوە.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، عەبدلئەمیر یارەڵا وەک پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپا خرایە دەنگدانەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتی بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان کە ئەم هەنگاوە بە تێکدانی هاوسەنگیی پێکهاتەکان لە نێو دامەزراوەی سەربازیدا دەزانن، بەڵام زۆرینەی پەرلەمان دەنگیان بە بەربژێرە عەرەبەکە دا و متمانەیان پێ بەخشی.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دروستبوونەوەی سوپای عێراق، پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بەپێی نەریتی سیاسی  و ڕێککەوتنی پێکهاتەکان، وەک پشکی کورد دیاری کرابوو، دیارترین ئەو فەرماندانەی کورد کە ماوەیەکی درێژ ئەم پۆستەیان بەڕێوەبرد، (بابەکر زێباری) بوو، بوونی کورد لەم پۆستەدا وەک زامنێک بۆ هاوسەنگیی هێز و ئاگاداربوون لە جووڵە سەربازییەکانی سوپای عێراق سەیر دەکرا.

چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوە بە قۆناغێکی نوێ لە پەراوێزخستنی کورد لە جومگە هەستیارەکانی بەغدا لێکدەدەنەوە، پێشیان وایە لێسەندنەوەی ئەم پۆستە پێچەوانەی بنەمای شەراکەت و تەوافوقە، بەتایبەت کە ئێستا هەردوو پۆستی وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە دەستی پێکهاتەی عەرەبدا (سوننە و شیعە) کۆبووەتەوە.
بەشێک لە پەرلەمانتارانی عەرەب دەڵێن پۆستە سەربازییەکان دەبێت لەسەر بنەمای پیشەییبوون بێت نەک پشکپشکێنە و کاتی ئەوە هاتووە سوپا لە دەرەوەی بازنەی تایفەگەری و نەتەوەیی بەڕێوە ببرێت.

پاش دەنگدان لە سەر ئەم پۆستە لە پەرلەمانەوە بۆ بەرژەوەندی عەرەبێک، کورد یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکە سەربازییەکانی لە بەغدا لەدەستدا، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر داهاتووی پێگەی کورد لە بڕیارە ئەمنییە ستراتیژییەکانی عێراقدا دروست دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا