
محەمەد- سۆران
ئەمڕۆ شەممەە، لە شاری سۆران، لە کەشێکی پڕ لە شکۆ و وەفادا، مەراسیمێکی تایبەت بۆ یادکردنەوەی ١٤ی شوبات، "ڕۆژی شەهیدی شیوعی" لەسەر گۆڕستانی شەهیدانی حزب لە (جنێراوە) بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکەدا لەلایەن کۆمیتەی ڕێکخستنی سۆران، بە ئامادەبوونی ئەندامان، لایەنگران و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بەڕێوەچوو، وتاری مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بەبۆنەی ١٤ی شوبات خوێنرایەوە. لە وتارەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خوێناوی و پڕ سەروەریی حزب لە خەباتی چینایەتی و نیشتمانیدا، جەخت لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە؛ تێیدا چەندین پارچە شیعر و دەقی ئەدەبی پێشکەش کران کە گوزارشتیان لە گیانفیدایی و ڕۆحی بەرزەفری شەهیدان دەکرد، وەک هێمایەک بۆ پاکی، خۆڕاگری و ڕاستگۆیی کاروانەکەیان لە چیاکانی کوردستان.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ئامادەبووان بە دانانی چەپکە گوڵی سوور لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان، تاجەگوڵینەی وەفایان پێشکەش کردن و پەیمانیان نوێ کردەوە کە تا بەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانیان، لە تێکۆشان بەردەوام دەبن.

