
فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە رایگەیاند كە بەفەرمی بانگهێشتی ئەمەریكا كراوە و بەمنزیكانە سەردانی ئەو وڵاتە دەكات.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە دوای کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن دێت، کە تێیدا جەخت لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوولا کراوەتەوە و فەرماندەی هەسەدەش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر بوار بڕەخسێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو سەردانە ئەنجام دەدەن.
سەبارەت بە هۆکارەکانی گۆڕانی ڕوانگەی وڵاتان بەرامبەر دۆزی کورد لە سووریا، فەرماندەی گشتی هەسەدە دووپاتی کردەوە، هەڵوێست و خۆڕاگری گەلی کورد لە ناوخۆ و چالاکی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لە گۆڕینی ڕێبازی نێودەوڵەتی بەرامبەریان.
پێیوایە ئەم یەکگرتووییە وای کردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی جیاوازتر لە جاران سەیری پێگەی سیاسی و سەربازی هێزەکانیان و ئیدارەی خۆسەر بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزڵوم عەبدی باسی لە پەیوەندییە هەرێمییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چووەتە قۆناغێکی نوێوە.
بە تایبەت سەبارەت بە تورکیا، ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا کەناڵی پەیوەندی کراوە لە نێوانیاندا هەیە و هیوای خواست کە دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵێکی ئەرێنی لە پرۆسەی ئاشتیدا بگێڕێت و پاڵپشتی ئەو هەوڵانە بکات کە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەدرێن، چونکە پرۆسەی ئاشتی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەبێت.
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتۆن دەتوانێت وەرچەرخانێکی گرنگ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمریکا، بەتایبەت لە ڕووی بەدەستهێنانی دانپێدانانی سیاسی زیاتر و هەماهەنگی بەردەوام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.