
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە نوێترین لێدوانیدا وردەکاریی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سوریا و چارەنوسی بەڕێوەبەریی خۆسەر ئاشکرا دەکات، هاوکات هۆشداری دەدات لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕگە سەربازییەکانی ڕێککەوتنەکە.
لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتیەکانی شاری حەسەکە، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سوریا دەکرێت.
عەبدی ئاماژەی بە بوونی بەربەستێک کرد لەو پڕۆسەیەدا و ووتی ، کێشەیەک لەسەر دیاریکردنی ناوی جێگری وەزیری بەرگری هەیە، کە بڕیارە پشکەکە بۆ هەسەدە بێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوە ، تەنها تایبەت نییە بە کورد، بەڵکو سەرجەم پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە چارەنوسی دامودەزگاکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا، فەرماندەکەی هەسەدە دڵنیایی دایە خەڵکی ناوچەکە و ڕایگەیاند، گرنگترین خاڵی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە کە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر تێکەڵ بە پێکهاتەی دەوڵەتی سوریا دەکرێن، بەڵام وەک خۆیان و بە هەمان فەرمانبەرەکانیانەوە دەمێننەوە و پارێزگارییان لێ دەکرێت.
وتیشی ، مەبەستمان لە پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان ئەوەیە کە ڕۆڵەکانی ناوچەکە خۆیان ئیدارەی ناوچەکانیان بدەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزڵوم عەبدی نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە خاوی بەڕێوەچوونی بڕگە سەربازییەکان و ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبوایە لە ٢ی شوباتەوە هێزە سەربازییەکان لە بەرەکانی شەڕ بکشانایەتەوە، بەڵام دواکەوتن هەیە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە سنوری پارێزگای حەسەکە تەواوی هێزە سەربازییەکان بۆ سەربازگەکان کشاونەتەوە و هێزەکانی ئاسایش شوێنیان گرتوونەتەوە، بەڵام کێشە لە کۆبانێ هەیە.
عەبدی داوای کرد بەپەلە هێزە سەربازییەکان لە گوندەواری کۆبانێ بکشێنەوە و ئەو گەمارۆیەی لەسەر ناوچەکە هەیە هەڵبگیرێت، جەختیشی کردەوە کە ئەوان ئامادەن هەموو کارێک بکەن بۆ بەردەوامیی ئاسایش و سەقامگیری.