
ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان
مێژووی داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی حکوومەتەوە (١٩٩٢) تا ئێستا، مێژوویەکی خراپی تۆمارکردووە. سەرەڕای ئەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێم بە یەکێک لە یاسا تا ئاستێک باشەکان دادەنرێت، بەڵام جێبەجێکردنەکەی هەمیشە لەژێر کاریگەریی ململانێ سیاسییەکان و دۆخی شەڕی ناوخۆدا بووە.
لێرەدا پوختەیەک لە دیارترین ئەو ڕووداوانە دەخەینە ڕوو کە تێیدا دەزگای میدیایی داخراون یان پەخشیان ڕاگیراوە.
لەکاتی شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤ - ١٩٩٨)ی نێوان پارتی و یەکێتی ، داخستنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەنها بە فەرمانی ئیداری نەبوو، بەڵکو زۆرجار بە هێزی سەربازی جێبەجێ دەکران.
کاتێک یەکێتیی سلێمانی و هەولێری کۆنتڕۆڵ کرد، هەموو ڕۆژنامە و ڕادیۆ و بارەگاکانی پارتی دادەخست و قەدەغەیانی کرد، بە هەمان شێوە پارتیش لە دهۆک هەمان کاری بەرامبەر میدیاکانی کرد.
دوای ڕووداوەکانی ۳۱ی ئاب و کۆنترۆڵکردنی هەولێر لەلایەن پارتی، سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی داخران
هەروەها چەندین جار ڕادیۆ و بڵاوکراوەی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهۆی شەڕەوە داخراون.
لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەڤەری بادینان ، بە تایبەت دهۆک و زاخۆ، هێرش کرایە سەر بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی. لەو ڕووداوانەدا بارەگا و کەناڵی تەلەفزیۆنیی یەکگرتوو سووتێنران و بۆ ماوەیەک دەنگ و ڕەنگیان نەما.
لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات (٢٠١١) کەناڵی NRT، کە تەنها ٣ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی پەخشی ئاسایی، لە شەوەی ١٧ لەسەر ١٨ی شوباتی ٢٠١١، هێزێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر بینای کەناڵەکە لە چیای ئەزمەڕی سلێمانی، تەواوی ئامێرەکانیان شکاند و بیناکەیان سووتاند. پەخشی کەناڵەکە بۆ ماوەیەک وەستا.
لە کاتی دروستبوونی کێشە لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان ، نووسینگەکانی کەناڵی (KNN)ی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر و دهۆک لەلایەن ئاسایشەوە داخران و ڕێگری لە پەیامنێرەکانیان کرا کار بکەن،
هەر لەم ماوەیەدا چەند جارێک نووسینگەکانی NRT لە هەولێر و دهۆک داخران و پەیامنێرەکانیان دەستگیرکران یان شاربەدەر کران بەرەو سلێمانی.
لە ساڵی ٢٠١٨ بە پاساوی نەبونی مۆڵەت، بۆ ماوەیەک پەخشی کەناڵی ئازادی حزبی شیوعی کوردستان لە هەولێر ڕاگیرا، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێک بەهۆی هەڵوێستەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی، بارەگای ڕادیۆی ئازادی لە هەولێر و شوێنەکانی تر گەمارۆدراون
لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مووچە لە سلێمانی و دەوروبەری، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێم بە فەرمی بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی NRTی دەرکرد بۆ ماوەیەک، بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی ، هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر بینای کەناڵەکە لە سلێمانی و پەخشەکەیان ڕاگرت.
دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی لە زۆنی زەرد ، چەند جارێک میدیاکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و نزیک لەوانیان داخستووە، وەک داخستنی نووسینگەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز (Rojnews) لە دهۆک و هەولێر لە کاتە جیاوازەکاندا.
داخستنی بارەگا و میدیای تەڤگەری ئازادی لە ساڵانی ڕابردوودا بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت.
جگە لە داخستنی ڕاستەوخۆ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠، زۆرێک لە ڕۆژنامە ئەهلییەکان (وەک هاوڵاتی و ئاوێنە) ڕووبەڕووی جۆرێک لە داخستنی ناڕاستەوخۆ بوونەوە، ئەویش لە ڕێگەی
تۆمارکردنی دەیان سکاڵای یاسایی و سەپاندنی سزای دارایی قورس بۆ ئەوەی مایەپووچ ببن.
لە ساڵی ٢٠٢٥ کەناڵی زووم زمانحاڵی بەرەی گەل ، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر بیناو کەلو پەلەکانیدا گیراو کارمەندەکانی نێردرانەوە بۆماڵ و تا ئێستاش له پەخش ڕاگیراوە.
هەفتەی ڕابردووش ، هەردوو نوسینگەی هەولێرو دهۆکی کەناڵی NRT ، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە داخران
بە درێژایی ٣٥ ساڵی ڕابردوو، داخستنی میدیاکان لە هەرێم زۆربەی کات پەیوەست بووە بە دۆخی سیاسی و ئەمنی. هەرکاتێک گرژیی سیاسی لە نێوان حیزبەکان یان خۆپیشاندانی جەماوەری دروست بووبێت، یەکەم هەنگاوی دەسەڵات سنووردارکردن یان داخستنی ئەو میدیایانە بووە کە بە هاندەر ناوزەدی کردوون.