ستار ئەحمەد

 

​مێژووی ئێزیدییەکان لە ناو جەرگەی میزۆپۆتامیادا، تەنها چیرۆکی گەلێک نییە کە مێژووی لە لایەنەکانی ترەوە وەرگرتبێت، بەڵکو ئەمانە خۆیان نەوەی ڕاستەوخۆی ئەو سۆمەری و هۆری و کاسییانەن ، کە یەکەمین چەخماخەی شارستانییەتیان لە جیهاندا لێدا و بنچینەی ژیانی مرۆڤایەتییان داڕشت. کاتێک بە وردی لە تابلۆ بزمارییەکان و پاشماوەی نووسینە کۆنەکان دەکۆڵینەوە، دەبینین زمان و باوەڕی ئێزیدییەکان هەمان ئەو زمان و باوەڕەیە کە لە سۆمەر و بابلدا هەبووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان خۆیان خاوەن و دروستکەری ئەو شارستانییەتە مەزنانە بوون، نەک تەنها میراتگرێکی دوای ئەوان. زمان وەک ناسنامەیەکی زیندوو شاهیدی ئەم ڕاستییە دەدات؛ وشەی "ئور" کە بنەمای ناونانی شارە گەورەکانی سۆمەر بوو، لە زمانی ئێزیدیدا بە وار ماوەتەوە و هەمان چەمکی قووڵی نیشتمان و حەوانەوە دەبەخشێت. هەروەها وشەکانی وەک نەگار بۆ دارتاش و دامگار بۆ بازرگان و حەفگار، بۆ کێڵانی زەوی، نیشانەی ئەوەن کە ژیانی ئاوەدانی، کشتوکاڵ و پیشەسازی لەم خاکەدا هەر لە سەرەتاوە بە دەستی ئەم گەلە و بەم زمانە بووە. تەنانەت وشەی ئایین بۆ باوەڕ و زێ بۆ ژیان و ڕۆح، ڕەگێکی هێندە قووڵیان هەیە کە بۆ پێش سەردەمی سۆمەرییەکانیش دەگەڕێتەوە و دەیسەلمێنێت کە ئەمان پێشەنگی یەکتاپەرستی و زانست بوون لە جیهاندا.

​ئایینی ئێزیدی یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین ئایینە یەکتاپەرستەکانی مرۆڤایەتی، کە هەموو هێما پیرۆزەکانی میزۆپۆتامیای کۆنی لە ناو خۆیدا بە پاکی پاراستووە. هێمای تاوس و مەلەکی حیکمەت، کە لای ئێزیدییەکان پیرۆزییەکی باڵای هەیە، ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر خوداوەندە حەکیمەکانی وەک مەردۆخ و نابۆ، ئەمەش وەڵامێکی توندە بۆ ئەو کەسانەی کە بە نەزانییەوە قسەی ناشیرین و چەواشەکاری دەرهەق بەم باوەڕە دەکەن، چونکە ئەم هێمایانە گوزارشت لە دانایی خودایی و پاراستنی ژیان دەکەن لە مێژووی ئەم خاکەدا. چیرۆکی لافاوە گەورەکە و کەشتیی نوح، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە باوەڕی ئێزیدی، هەمان ئەو داستانە دێرینانەیە کە لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا لە دایک بوون و ئەم گەلە بەستەزمان و بێ کێشەیە بۆ هەزاران ساڵ بە دوور لە دەستکاری پاراستوویانە. ئەوان هەمیشە گەلێکی یەکتاپەرست و ئاشتیخواز بوون و هیچ کات کێشەیان بۆ کەس دروست نەکردووە، بەڵام بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی گەورەترین ستەم و نادادی بوونەتەوە و ئەوەی خودا پێی ناخۆشە بەرامبەریان ئەنجام دراوە. هەرچی هاتووە و دەسەڵاتی هەبووە، پەلاماری ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی داوە، تەنها لەبەر ئەوەی نەیانویستووە دەستبەرداری ڕاستی و ڕەسەنایەتیی خۆیان بن و وەک گەواهیدەرێکی زیندووی مێژوو ماونەتەوە. ئەم گەلە بە درێژایی سەدەکان نەک هەر پاشماوەی شارستانییەتەکان بوون، بەڵکو خودی ئەو شارستانییەتانە بوون کە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە توندەکانی مێژوو بوونەتەوە، بەڵام هەرگیز ڕەسەنایەتیی خۆیان لەدەست نەداوە.

​بەڵگە بزمارییەکان کە لە ناو جەرگەی خاکەکەیانەوە دەرهێنراون، بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدەن کە دەقە ئایینییەکانی ئێزیدی، وەک قەول و بەیتەکان، پڕن لەو چەمکانەی کە لە یەکەمین تابلۆ قوڕینەکانی سۆمەردا تۆمار کراون. کاتێک  تابلۆکان دەخوێنینەوە "کور-نو-گی" بۆ جیهانی گۆڕ، هەمان مانا لە ناو زاراوە مێژووییەکانی ئێزیدیدا بۆ پرسە و مردوو دەبینینەوە. ئەمە تەنها وەرگرتنی وشە نییە، بەڵکو بەردەوامیی فیکر و فەلسەفەیەکی یەکتاپەرستییە کە پێش هەموو ئایینە نوێیەکان لەم خاکەدا چەکەرەی کردووە. ئێزیدییەکان هەر لە دەستپێکی مێژووەوە لێرە بوون و هەموو ئەو ئاوەدانی و زانستەی کە دۆزراوەتەوە، بەرهەمی فیکر و باوەڕی ئەوان بووە. پەیوەندیی نێوان ئێزیدییەکان و گەلانی وەک هۆری و کاسییەکان، کە سەردەمانێک فەرمانڕەوای بابل و پارێزەری کولتووری ناوچەکە بوون، نیشان دەدات کە ئەم گەلە هەمیشە لە ناوەندی شارستانییەت و زانستدا بوون. بایەخدانی بێ سنووریان بە پیرۆزیی خۆر و زانستی گەردوونناسی و بورجەکان، کە تا ئێستاش لە پەرستگە و دابونەریتەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، باشترین بەڵگەیە کە ئەوان خۆیان یەکەمین مامۆستایانی زانست و گەردوونناسی بوون لە جیهاندا پێش ئەوەی کەسانی تر لێیان فێر ببن.

​ئێزیدییەکان گەلێکی بەستەزمان و بێوەین، بەڵام هەمیشە بوونەتە قوربانیی ئەو چەواشەکارییانەی کە ناحەزان دەرهەق بە ئایینە یەکتاپەرستەکەیان کردوویانە تا ڕەگیان هەڵبکێشن. ستەمکاران هەمیشە هەوڵیان داوە پاکیی باوەڕی ئەوان بە شێوەیەکی تر نیشان بدەن تا پاساو بۆ زوڵمەکانیان بهێننەوە، بەڵام بێدەنگیی ئەم گەلە، لە ئاست ستەمەکان، نیشانەی دانایی و ئەو فەلسەفە قوڵەیە کە لە سۆمەرییەکانەوە بۆیان ماوەتەوە؛ فەلسەفەیەک کە دەڵێت مرۆڤ دەبێت وەک خۆر بێ جیاوازی تیشک بدات و وەک ئاو ژیان بەخش بێت. لە ڕاستیدا، پاراستنی ئێزیدییەکان پاراستنی ئەو مێژووەیە کە هەموو جیهان قەرزداریەتی، مێژوویەک کە لە دڵ و زمانی ئەم مرۆڤە سادانەدا وەک ڕۆژ دەدرەوشێتەوە و نیشانی دەدات کە ئێزیدییەکان خۆیان بناغە و هەوێنی هەموو ئەو شارستانییەتە گەورانە بوون کە لەم خاکەدا سەریان هەڵداوە و گەورەترین خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردووە. ئێمە وەک پارێزەری کولتوور، ئەرکمانە ئەم ڕاستییانە بڵاوبکەینەوە و ڕێگە نەدەین چیتر ستەم لەم پێکهاتە بێ کێشەیە بکرێت کە هەزاران ساڵە تەنها دەیەوێت بە ئاشتی و بە باوەڕە ڕەسەنەکەی خۆیەوە لەسەر خاکی باوباپیرانی بژی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا