
رێگای کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/14، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی نوێی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایيی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایيی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدراڵەوە، تاووتوێ کرا.
لەمبارەیەوە چەند خاڵ و داواکارییەک خرایەڕوو:
🔻 پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات.
🔻پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت
🔻 هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، ڕێكکەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و ڕۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە.
🔻سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.
🔻 دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حكومەتی فیدراڵ، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایيی فيدراڵ پابەند بکرێت
🔻ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی ڕاسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ .