
بەهای مرۆڤ تەنها بە توانای بەرهەمهێنانی دەپێورێت. ئەم شانۆنامەیە ڕەخنەیەکی توندە لەو سیستەمە ئابوورییانەی کە مرۆڤ ناچار دەکەن بۆ مانەوە، دەستبەرداری کەرامەت و ناسنامەی خۆی بێت
سەردارئەکرەم -بەریتانیا
شانۆنامەی چیرۆکی ئەو پیاوەی بوو بە سەگ کە لە ساڵی ١٩٥٧دا لەلایەن شانۆنامەنووسی گەورەی ئەرژەنتینی ئۆسڤالدۆ دراگۆن نووسراوە وەک مانیفێستێکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی دژی داماڵینی مرۆڤ لە بەهاکانی دەردەکەوێت و ئەم بەرهەمە کە بەشێکە لە زنجیرە شانۆنامەی چیرۆک گەلێک بۆ گێڕانەوە وەک یەکێک لە شاکارەکانی شانۆی بێمانایی و ئیپیکی لە ئەمریکای لاتیندا دەناسرێت کە تێیدا دراگۆن بە زمانێکی پڕ لە هێما و مێتافۆر باس لە کارەساتبارترین دۆخی مرۆڤ دەکات لە سایەی سیستەمێکی ئابووریی بێڕەحمدا و ناوەڕۆکی ئەم شانۆنامەیە باس لە پیاوێکی بێکار دەکات کە لە گەڕانێکی بێ ئەنجامدا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان دەگاتە بنبەست و ناچار دەبێت ببێتە سەگی پاسەوان لە کارگەیەکدا ، چونکە هیچ هەلێکی تری کارکردنی بۆ نەماوەتەوە و ئەمە تەنها دەسپێکی تراژیدیایەکە کە تێیدا مرۆڤ نەک هەر کارەکەی بەڵکو ناسنامە و زمان و خێزان و دواجار جەستە و دەروونیشی دەبێتە قوربانیی پێداویستییە مادییەکان و پەیامی سەرەکیی دراگۆن لەم کارەدا پرۆسەی بە ئاژەڵکردنی مرۆڤە کە تێیدا مرۆڤ لە ژێر فشاری هەژاری و بێکاریدا ناچار دەبێت وەک ئامرازێک یان ئاژەڵێک ڕەفتار بکات تا بتوانێت بژیت و دراگۆن لێرەدا ڕەخنەیەکی توند لە سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت کە مرۆڤ تەنها وەک ژمارەیەک یان ئامێرێکی بەرهەمهێنەر دەبینێت و کاتێک کارەکتەری سەرەکی دەچێتە ناو قەفەسی سەگەکەوە و دەست دەکات بە خواردنی سەگ و بڵاوکردنەوە ئەمە تەنها نواندن نییە بەڵکو وێناکردنی ئەو واقیعە تاڵەیە کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ لە پێناو پارەدا دەشکێنرێت و نووسەر دەیەوێت بڵێت کە کاتێک کۆمەڵگە و سیستەمی حوکمڕانی ناتوانن مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دابین بکەن ئەوا مرۆڤ بەرەو فەنابوون دەبەن و یەکێک لە قووڵترین ڕەهەندەکانی ئەم شانۆنامەیە گۆڕانی زمانی مرۆڤە بۆ دەنگی ئاژەڵ و پیاوەکە وردە وردە توانای قسەکردنی نامێنێت و تەنها دەتوانێت بوەڕێت ئەمەش هێمایە بۆ لەدەستدانی دواین قەڵای مرۆڤایەتی کە زمان و بیرکردنەوەیە و لە ڕووی هونەری و تەکنیکییەوە دراگۆن سوودی لە تەکنیکی نامۆکردنی برێخت وەرگرتووە تا بینەر لە ڕووی سۆزدارییەوە تەنها نەگریت بەڵکو بە قووڵی بیر لەو نادادپەروەرییە بکاتەوە کە دەیبینێت و شانۆنامەکە بە شێوازێکی مێتا شانۆیی دەست پێ دەکات کە تێیدا ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەر دەدوێن و پێیان دەڵێن کە ئەمە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە و دەیانەوێت نیشانی بدەن و ئەمەش وادەکات بینەر هەست بکات کە ئەم کارەساتە تەنها لەسەر تەختەی شانۆ نییە بەڵکو لە کۆڵان و کارگەکانی شارەکەشدا ڕوو دەدات و تایتڵی چیرۆکی ئەو پیاوەی بوو بە سەگ خۆی لە خۆیدا کێشکردنێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ ناو جیهانێکی پڕ لە پارادۆکس و بێمانایی کە لە ڕاستیدا واقیعێکی تاڵە و دراگۆن لە ڕێگەی کارەکتەری هاوسەری پیاوەکەوە ڕەهەندێکی تری تراژیدیایەکەمان نیشان دەدات و ئەو ترسەی کە دایکان هەیانە لەوەی نەوەکانی داهاتووشیان هەر بە سەگ لەدایک ببن ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ گواستنەوەی کۆیلایەتی و بێکەرامەتی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر لە سایەی سیستەمە چەوسێنەرەکاندا و ئەم بەرهەمە ئەدەبییە دەوڵەمەندە پڕە لە سەرچاوەی فیکری کە دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی بوونگەرایی و سۆسیالیزمی ڕەخنەگرانە و دراگۆن نیشانی دەدات کە چۆن مرۆڤ لە جیهانێکی بێباکدا دەبێتە نامۆ و چۆن پەیوەندییە مرۆییەکان لەبەرژەوەندیی مادییدا هەڵدەوەشێنەوە و بۆیە دەتوانین بڵێین شانۆنامەی چیرۆکی ئەو پیاوەی بوو بە سەگ هاوارێکی ئەدەبیی بەرزە دژی هەموو ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت مرۆڤ بچووک بکەنەوە و بیکەنە ئامراز و ئەم بابەتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیامی دراگۆن پەیامێکی جیهانییە و تەنها پەیوەندی بە ئەرژەنتینی ساڵانی پەنجاکانەوە نییە بەڵکو هۆشدارییەکە بۆ هەموو سەردەمەکان کە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و دابینکردنی ژیانێکی شایستە تەنها ئەرکێکی سیاسی نییە بەڵکو بنەمایەکی ئەخلاقی و مرۆییە کە ئەگەر پشتگوێ بخرێت مرۆڤایەتی بەرەو تاریکییەکی قووڵ دەبات.
