
لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی سەبارەت بە هێرشی میلیشا و گروپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر کوردانی حەڵەب ئەنجامدرا.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند: ئەوەی كەوا بەرامبەر بە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەڵەب ئەنجامدرا جۆرێک بوو لە جینۆساید بەرامبەر گەلەکەمان.
راگەیاندنى کۆتایى کۆبوونەوەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان سەبارەت بە رەوشى کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستان
- جەماوەری وڵاتپارێزى كوردستان ...
- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە، رێکەوتى ١١ / ١ / ٢٠٢٦ ، ئێمە ئەو حزب و لایەنە سیاسييانەى کوردستان کەوا لە خوارەوە ناومان هاتووە سەبارەت بە هێرشەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب ( شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و بەنى زێد) و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان، لە شارى هەولێر لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردى هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە کرا و شرۆڤەکرا.
بە باوەڕى ئێمە؛ هێرشەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و بەنى زێد)، کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستانى خستۆتە رەوشێكی زۆر دژوار, بەتایبەت ئەوەی كەوا بەرامبەر ئەو دوو گەڕەکە ئەنجامدرا جۆرێک بوو لە جینۆساید بەرامبەر گەلەکەمان, ئەم تاوانە تاوانێکە بەرامبەر تەواوى پێکهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان ئەنجامدەدرێت، بۆیە ناكرێ لە ئاست ئەو كارەساتەدا بێدەنگ بین, ئەو هێرشە دڕندانەیەی كەوا لەلایەن میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانى شارى حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و بەنى زێد) ئەنجامدرا، پیلانێكی داڕێژراوە، ئێمە لە کاتێکدا ئەو هێرشانە بەتوندى ئیدانە و مەحکووم دەکەین، لەهەمان کاتدا پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ بەرخودان و خەباتى رەواى گەلى رۆژئاواى کوردستان رادەگەیەنین و، بەهەموو لایەکى رادەگەیەنین کەوا بێدەنگ نامێنین و هەموو هەوڵێكمان دەخەینەگەڕ و هەموو رێگایەك دەگرینەبەر بۆئەوەى فشاری مەدەنییانە دروست بكەین تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهانای کوردانى (حەلەب)ەوە بێن و لەو مەرگەساتە چاوەڕوانکراوەدا رزگاریان بكەن، هەروەها داوا لە وڵاتان و رێکخراوە خێرخوازییەکان و خێرخوازان دەکەین بە هاناى خەڵکى ئاوارەو دەربەدەرى کوردانى حەلەبەوە بێن و کۆمەکیان بکەن، کە ئەوەش ئەڕکێکى مرۆڤانەو نەتەوەیى و نیشتمانییە
لێرەوە بانگ لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان UN و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ دەکەین کەوا بە هاناى کوردانى (حەلەب) و رۆژئاواى کوردستانەوە بێن و بێدەنگ نەمێنن، ناكرێ لەوێ شارێك وێران بکرێت و خەڵکەکەى جینۆساید بکرێت و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، هەروەها داوا لە وڵاتانى زلهیزو کۆمەڵگەى نیودەوڵەتى دەکەین کەوا سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانى میلیشیا تیرۆریستەکانى سەر بە حکومەتى کاتى سوریا دابنرێت، بێگومان بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى سەر گەلى رۆژئاواى کوردستان دژى بنەماکانى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکانه، پێویستە وڵاتان ریز لەو پەیماننامەو جاڕنامە نیودەوڵەتییانە بگرن کەوا خۆیان ئیمزایان کردووە، ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێز لە مرۆڤ دەگرێت پێویستە مرۆڤى رۆژئاواى کوردستان لەو هەڕەشەو هێرش و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە.
- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى رۆژئاواى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ داگیرکەرانى کوردستان.
ناوى حیزب و لایەنە سیاسییەکانى بەشداربووى کۆبوونەوە:
1- کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK
2- یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان
3- بزووتنەوەى گۆڕان
4- حزبى شیوعى کوردستان
5- یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
6- حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان
7- پارتى رەنجدەرانى کوردستان
8- بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان
9- بەرەى گەل
10- حزبى دیموکراتی بێت نەهرێن
11- بزووتنەوەى رزگارى دیموکراتى کوردستان
12- پارتى پارێزگارانى کوردستان
13- پارتى گەشەپێدانى تورکمان
14- حزبى رزگاریى کوردستان
15- پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان
11 / 1 / 2026 هەولێر - کوردستان