
هەرچەند کۆمۆنیستی و عیرفان سەر بەدوو فەلسەفەو بۆچوونی جیاوازن بەڵام لە ئاکام دا دوو رووبارن دەڕژێنە نێو یەک دەریای روحی یەوە، هەردووکیان دژی خۆپەرەستی و خود خواهین، دژی چڵیسی و چاوچنووکین، بڕوایان بە عیدالەت و دادپەروەری کۆمەڵگاوە هەیە، کۆمۆنیستی سەر بە فەلسەفەی ماتریالیزمی یە، بڕوای بە دیالێکتیک هەیە لە مەر گەشەسەندن و پەرەسەندنی کۆمەڵگا، بڕوای بە یاساکانی دیالێکتی هەیە، چاوەڕی موعجیزەو دەستێوەردانی خودا ناکا !
لە کاتێکدا عیرفان ناسینی خۆد و خودایە لە رێگای ئەزموونی قووڵی روحی یەوە، ئینسان لە قۆناغێکی ژیانی دەگاتە عیرفان، عیرفان درک بەخوشەویستی یەکی بێ پایانی ئیلاهی دەکا وەک جەلال دین رومی دەڵی، من دەتبینم و دەمبینی ئەگەر نەتبینم دەمبینی ! مەبەستی چاوەکان و دەسەڵاتی خودایە لای کۆمۆنیستەکان دەبێتە چاوەکانی یادەوەری و دەسەڵاتە پەنهانەکەی، لە ڕاستی دا فەلسەفەی مادی و فەلسەفەی ئایدیالیستی وێڕای جیاوازی دوو دیوی یەک دراون، تەواو کەری یەکن، نە دەتوانین بەشێوەیەکی رەها بڵێن دونیا رووت و قووت مادی یە، نە دەتوانین بڵێن دونیا سەراپا ئایدیالیستی و خورافاتە، بەرای من ئەگەر ئەنالیزەی ئاینە ئاسمانیەکان بکەین ئەوە دیوێکی روحی یە دیوێکی ماتریالی یە ! لێرەدا من نەک بەتەواوەتی بەڵکۆ تا ڕادەیەک بڕوام بە خودای سپینوزا هەیە، سپینوزا دەڵێ، خودا کائنێکی جودا نییە بەڵکو گەوهەری قووڵی گشتگیرە، لە رێگای درک کردنی تەواو بە یاساکانی گەردوون دەگەین بە گەوهەری خودا، لای سپینوزا خودا بەشێوەیەکی ئیرادەگەری و موعجیزە ئامێز دەستێوەردان لە سروشت ناکا بەڵکۆ بوونی لە نێو سروشت و بوون دایە ! کۆمۆنیست بوون دەرگاو دەروازەیەکە لە ئاکام دا ئینسان دەگاتە عیرفان و روحی باڵا، کۆمۆنیست بوون پلەو پایەی هەیە، فلتەری روحی هەیە، سەرکەوتنە بە پیرامیدی ( اهرام ) دا، لە خوارەوە بۆ لووتکەی سەرەوە، ئەو کۆمۆنیستانەی قاڵ دەبنەوە لە ژیان، ژیان لە مەحەکیان ئەدا ئاکام روحیەتیان ئاوێتە ئەبێ لە گەڵ روحی عیرفان و تەسەوفدا، مانای خودا، هەم چەمکێکی روحی یە هەم چەمکێکی مادی یە، خودا هەم چەمکێکی ڕەهایە هەم چەمکێکی ڕێژەیی یە، ئەگەر شێکردنەوە بۆ میکانیزم و دەسەڵاتی یادەوەری بکەین لە رووی وزەو فریکوینسی یەوە، لە رووی پاراسایکۆلۆژی و تەلە پاتی یەوە، لە رووی ترانسپارینت و روون و شەفافییەوە دەگەینە ئەو ڕاستی یە کە ئەم دیاردە زانستیانە دیوێکی روون و ئاشکرایە، دیوێکی شاراوەو پەنهانە، دیوە روون و ئاشکراکەی فەلسەفە ماتریالی یە، هەروا دیوە شاراوەو پەنهانەکەی فەلسەفەی ئایدیالیستی یە، بە قسەیەکی پوخت دەتوانین بڵین خودا هەم هەیە هەم نییە ! خودا بریتی یە لە یادەوەری یونیڤیرسەو گەردوونی کە تژی یە لە بەهای باڵاو و ئەستاندار، هەوڵی کۆمۆنیستەکان گەیشتنە بە ئاستی یادەوەری گەردوونی، ئەم پروسەیە رەسینە بە عیرفانی کۆمۆنیستی، عیرفان بە ئەزموونی روحی قووڵ بەدەست دێت، عیرفان ناسینی خۆد و جیهانە، ناسینی دەروونی قووڵی ئینسانە، بڕوانە رۆمانی ژنە نووسەری تورک ئەلیف شەفەق لە رۆمانی چل ریساکەی عیشق چۆن باسی ئەزموونی جەلال دین رومی و شەمس تەبریزیمان بۆ دەکات، قارەمانەکان لە نێو چەمک و مانای دونیای مادی و مەعنەوی دا هاتووچۆ دەکەن، شەمس وا لە جەلادین رومی ئەکا لە پیاوێکی ئاینی یەوە ببێ بە شاعیر تەنانەت عەرەق خۆر، کێشەکە لەوە دایە، ئێمە چۆن ڕاڤەو تەفسیری دەقە ئاینیەکان دەکەین چۆن لە روحی دەقەکان دەگەین، لە زەمان وشوێنی نووسینیان ڕەهایان دەکەین، دەیانخەینە حاڵەتی دیالۆگ لەگەڵ روحی سەردەم و زەمانە، من کە باسی عیرفان دەکەم باسی عیرفانێکی عەلمانی دەکەم وەک جەلال دین رومی و شەمس تەبریزی و ئیبن عەرەبی و ئەبو علاو مەعەری دەکەم کە ( رسالە الغفران ) ی نووسی لەسەدەی دوازدەهەم دواتر دانتی لە ئیتالیا دوای چەندین ساڵ هەمان ئیلهامی بۆ هات کومیدیای خوداکانی نووسی، من کە باسی کۆمۆنیست بوون دەکەم لە دوا ئاکام دا دەبێتە کەسێکی عیرفانی باسی خەڵەف بوون و گەورەیی تەمەن ناکەم بەڵکۆ باسی ئەو ئەزموونە قووڵە روحی یە دەکەم کە کۆمۆنیستەکان دووچاری دەبنەوە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنی کاری سیاسی و حزبی لە نێو جەماوەر بەشێوەیەک کە کۆمۆنیست نوقم ئەبێ لە دەریای خۆشەویستی جەماوەر، ئاست و فریکوینسی یی دەگاتە ئەو ڕادەیە کە تەماسی روحی لە گەڵ هاوڕێ و ئاشناکانی دەگرێ، لێرەدا فروید دەڵێ، ئەگەر خۆشەویستی و فریکوینسی دوو کەس گەیشتە ئاستێکی بەرزی هاوتا وەک پەیوەندی نێوان دایک و کوڕ ئەوە دەتوانن مێشکی یەکتر بخوێننەو کایەی تەلەپاتی ئەنجام بدەن ! هەروا لێرەدا باسی کارما دەکەم دەبێ کۆمۆنیستەکان بڕوایان پێ هەبێ، میکانیزمی کارما لە نێوان دووالیزمی پاداشت و سزایە، ئەگەر کارێکی چاکە بکەیت ئەوە لە دوا رۆژ پاداشت ئەکرێ خۆ ئەگەر خراپە بکەیت لە دوا رۆژی نزیک سزا ئەدرێ بەشێوەک لە شێوەکان، لە رووی زانستی یەوە کارما هەقیقەتێکی میکانیزمی یادەوەریی یە، یادەوەرییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ لە نێو یەک ئیش دەکەن هەروا وێکرا لە نێو یادەوەریی گەورەکەی گەردوون، یادەوەریی گەردونیش دەریایەکی بەرفراوانە شەپۆلەکانی خڵت و خەوشی یادەوەریی دەخاتە کەنارەوە وەک چۆن شەپۆلی دەریا بوتڵی بەتاڵ و وردە چیلگە دەخاتە کەنارەوە !
لە کۆتایی دا دەڵێم بوون و نەبوونی خودا تا ئێستا ساغ نەبۆتەوە تەنانەت لە قورئانیش دا دەڵی (فمن شاو منکم فلیۆمن ومن شاو منکم فلیکفر )
ئەوەی حەزی لێ یە با ئیماندار بێت، ئەوەی حەزی لێ نیە با کوفر بکا
تەنانەت نووسەران لە رۆمان و شانۆگەرییەکانیان دا پانتاییکی بەرفراوان تەرخان دەکەن بۆ ئاخاوتن لەمەر بوون و نەبوونی خودا وەندەوە، مەسەلەی بڕوا بوون یان نەبوون بە خودا مەسەلەیەکی وێژدانی یە تەنانەت لە دەستوری زۆربەی وڵاتان بەندێک هەیە بەناوی ئازادی وێژدان، من کە دەڵێم کۆمۆنیست دەبێت بە عارف لە هەمان کاتدا عارفیش دەبێ لە دوا ئاکام دا ببێت بە کۆمۆنیست بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر بۆیە پەیوەندی نێوان کۆمۆنیست بوون و عارف مەسەلەیەکە پەیوەندی ئۆرگانیکی لە نێوانیان دایە هەرچەند یەکەمیان سەر بە دونیایە دووەمیان سەر بە دینە، دەتوانم بڵێم دین و دونیا یەکتر تەواو دەکەن ئەگەر بواری دیمۆکراسیەت لە نێوانیان هەبێ وەک دەڵێن ئاین بۆ تاک دیمۆکراسیەت بۆ هەمووان .
هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
٢٢ / ١١ / ٢٠٢٦
