
نەرمین نەجمەدین مامۆ
بەشێک لە ڕۆشەنبیران بیرۆکە و قەڵەمەکانیان وەکو کاڵا لە ناو میدیای چەواشەکار و کۆڕی دەستڕۆیشتووان بە(قازانج) دەفرۆشن.
لە بەرامبەردا دەبنە خاوەنی کۆمپانیا و سەنتەری بە ناو خزمەتگوزاری و شارستانی و پێشکەوتن، بەڵام بە گوێرەی واقیع دەبینین ئامانجیان تەنها بەرژەوەندی خۆیانە.
ئەوان لە ژێر ناوی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی وڵاتان، نموونەی چین و ئەسکەندەناڤیا و هەموو وڵاتانی جیهان خۆیان دەردەخەن!
دیارە پێشکەوتن و سودوەرگرتن لە سیستەمی مودێرنی جیهانی یەکێکە لە ئامانج و خەونەکانمان. بەڵام ئەگەر پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان تەنها بۆ قازانجی چەند کەسێک بێت، نەگاتە ئاستێک کە توانای خزمەتگوزاری گشتی هەبێت ، ئەوە تەنها "خۆڵ کردنە چاوی خەڵک"ە و هیچی تر!
لە ڕاستیدا سیستمی نیولیبرالیزم سود لەم جورە ڕۆشەنبیرانە وەردەگرێت و پەروەردەیان دەکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی خۆیان و سیستەمی کاپیتالیزم.!
خۆ ئەگەر ئەو ڕۆشەنبیرانە ڕاست دەکەن، جارێ با هەندێ شت بەلاوەنێن!
بیرۆکە و قەڵەمەکانیان بۆ خەباتی ڕاستەقینە دژی ستەم و ناڕەوایی بخنەکار و دەنگیان لە دژی هەموو نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتیەکان بەرزبکەنەوە کە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
بەڵام دەبینین ئەوان هەوڵدەدەن هەموو ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی بە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان داهاتووە نابینای بکەن!
بۆ نموونە
لە گەڕەکە هەژارنشینەکان یەک قتووی شیری منداڵان لە بەر هەژاری و کەمدەرامەتی ناکڕدرێت!
کێشەی گرانی نەوت و غاز یەکێکە لە کێشە گەورەکان..!
ئینجا ئەگەر ئێمە ئەو هەموو سەنتەر و کۆمپانیا و خزمەتگوزارییە شارستانی و پێشکەوتووەمان هەیە، بۆچی تا ئێستا لە ناو شارەکان لە بەر بارینی باران قوربانی دەدەین!
نموونەی
بارانەکەی هەولێر کە ناویان ناوە" لافاو" کە لە ڕاستیدا چارەسەرنەکردنی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆکان و کەمترخەمی پلاندانانی حکومەت و کۆمپانیاکانە!
ئەوانە و سەدان نموونەی تری جەرگبڕ!
ڕۆشنبیرانی ڕاستگۆ؟!
لە بەری شکۆمەندی دەوڵەمەند و زلهێزەکان، دەبی سەروەت و سامان و سەرفرازی دەسەڵاتداران بکەنە هێمای چەوساندنەوە و بێبەشکردنی هەژاران.
