ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دۆسیەی ئەمنی و بەڕێوەبردنی بازگەکانی پردێ ( هەولێر-کەرکوک) و چیمەن ( سلێمانی-کەرکوک)، گۆڕانکاری لەناکاوی  بەخۆیەوە بینی ، دوورخستنەوەی پۆلیسی ناوخۆیی، وەرگرتنەوەیان لەلایەن  حەشدی شەعبی (فەوجی تورکمانی) و سوپا، پرسیاری زۆری لە شەقامی کەرکوک دروستکردووە.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری ڕادەستکردنی بازگەکان بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ، کۆنترۆڵکردنی دەروازەکانە، ئەمەش دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی زیندانەکان کە چەکدارانی داعشی تێدابوو، لە لایەن گروپە چەکدارەکانی دیمەشق.

بەغدا ترسی هەبوو چەکدارە بەرەڵاکراوەکانی داعش لە زیندانەکانی ڕۆژئاوا ، دزە بکەنە ناو خاکی عێراق و خۆیان بخزێننە ناو شارەکانەوەو دەست بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی بکەنەوە، بۆیە دەیەوێت دەروازە سەرەکییەکانی پارێزگای کەرکوک (کە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی کوردستان) لەژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییە سیادییەکاندا بن (سوپا)، نەک هێزە ناوخۆییەکان.

ئەم جووڵەیە بەشێکە لە جێبەجێکردنی فەرمانێکی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بۆ یەکخستنەوەی بازگەکان لەژێر چەتری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بێت.

دوای ئەوەی پۆلیس لە بازگەکان دوورخرایەوە، هێزێکی حەشدی شەعبی (فەوجی تورکمانی) لە بازگەکە جێگیرکران، بەڵام زۆر بە خێرایی دوورخرانەوە.

سەرەتا وەک بەشێک لە هێزی پشتیوانی سوپا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پۆلیس هێنران، هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ ڕازیکردنی پێکهاتەی تورکمان کە داوای ڕۆڵی زیاتر دەکەن لە دۆسیەی ئەمنی کەرکوکدا.

بەڵام دانانی هێزێکی سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراو (تورکمان) لە بازگەیەک کە ڕێگای سەرەکی شارە کوردییەکان (هەولێر و سلێمانی)، نیگەرانی دروستکرد و ئەگەر هەبوو ببێتە هۆی درووستبونی گرژیی نەتەوەیی، هەروەها حزبە کوردستانیەکان وبەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی کەرکوک ئەمەیان بە هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری زانی، بۆیە بڕیاردرا فەوجە تورکمانەکەی حەشدی شەعبی لە بازگەکان دوور بخرێتەوەو تەنها سوپای عێراق بمێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئیدارەی کەرکوک ڕۆڵی هەبووە لە گەیاندنی نیگەرانییەکان بە بەغدا سەبارەت بە مەترسی دانانی هێزێکی سەر بەنەتەوەیەک لەو بازگانە، ئەمەش وایکرد بەغدا بڕیارەکە بگۆڕێت و تەنها سوپا لەوێ بهێڵێتەوە.

لە ئێستادا بازگەکانی پردێ و چیمەن لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراقدان، ئەم هەنگاوە بەغدا وەک تۆکمەکردنی ئەمنی ناوی دەبات، لەکاتێکدا لایەنە کوردییەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن تاوەکو هاوسەنگی هێز لە کەرکوک تێک نەچێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا