
ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان
لە دوای هێرش و پەلامارە سەربازیەکانی دیمەشق بۆ سەر ڕۆژئاواو بێدەنگی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی ، بەتایبەتی ئەو ووڵاتانەی خۆیان بە دۆستی کورد ناودەبرد، پرسی کورد لە سووریا پێویستی بە یەک گوتار و یەک هەڵوێستـی تۆکمە هەیە، بەڵام سەردانی تاکلایەنەی شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) بۆ دیمەشق بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ شاندی سەرەکیی دانوستانکاری کوردی، نیگەرانیی لای چاودێران و شەقامی کوردی دروست کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ENKS بەبێ ئاگاداریی شاندی هاوبەشی کوردی و بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەنگاوی بەرەو دیمەشق ناوە، ئەم جووڵەیە لەم کاتەدا بە واتای لێدان دێت لە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد، کاتێک کورد بە دوو شاند و دوو داواکاریی جیاواز بچێتە دیمەشق. حکوومەتی سووریا ئەمە وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بۆ مافەکانی کورد نەکات و یاری بە دژایەتیی نێوان لایەنەکان بکات.
چاودێران و ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە ئێستادا خاوەنی هێزێکی کاریگەر نییە لەسەر زەوی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێز و دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی لە دەستی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، بۆیە هەر ڕێککەوتنێک بەبێ نوێنەرانی ڕاستەقینەی ئەو هێزانە، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەبێت.
هەڵوێستی ڕابردووی ENKSـە. لە کاتێکدا ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی توند و داگیرکاری دەبووەوە، ئەم ئەنجوومەنە هەڵوێستەکانی لە ئاستی مەترسییەکاندا نەبوون، ئەمەش متمانەی جەماوەری لاواز کردووە.
مێژووی مامەڵەی ڕژێمی بەعس لە سووریا دەریخستووە ،کە ئەوان تەنها لە زمانی هێز و یەکڕیزی تێدەگەن، ئەگەر کورد بە پەرتەوازەیی بچێتە گفتوگۆوە:
١. دیمەشق لایەنێک دژی ئەوی دیکە بەکار دەهێنێت.
٢. بەها و سەنگی داواکارییە دەستوورییەکانی کورد کەم دەبێتەوە.
٣. دەستکەوتەکان دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسک و ململانێی حیزبی.
ئێستا کاتی ئەوە نییە هیچ لایەنێکی کوردی ببێتە مایەی کێشە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە پەرتەوازەیی واتە دۆڕاندنی دەستکەوتەکان، بۆیە پێویستە ENKS و هەموو لایەنەکانی دیکە لەژێر چەتری شاندێکی نیشتمانیی یەکگرتوودا ڕوو لە دیمەشق بکەن، تەنها بە یەکدەنگی دەتوانرێت مافەکان دەستەبەر بکرێن و هەر هەنگاوێکی تاکڕەوانە خزمەت بە نەیارانی کورد دەکات و زیان بە ئایندەی ڕۆژئاوا دەگەیەنێت.