
هەر لە دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراقەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خەباتی چینایەتی و نیشتمانیدا هەبووە. ئەم بەشدارییە نەک تەنیا هۆشیارییەکی چینایەتی دروست کردووە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر پێکهێنانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەبووە. ئافرەتانی ناو ڕێزی حزب و "کۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق" لەلایەک هزری یەکسانی و بڕوابەخۆبوونیان لا چەسپاند، لەلایەکی دیکەشەوە توانیان پێگەی خۆیان لە هەموو جومگەکانی ڕێکخراوە حزبییەکاندا بسەلمێنن.
هەرچەندە ئەم بەشدارییە لە سەرەتاوە ناڕاستەوخۆ بوو، و ژنان و کچانی سەر بە خێزانە شیوعییەکان زیاتر لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ژنان و خزمەتکردنی هاوڕێیان لە ماڵە حزبییەکان و گواستنەوەی پۆستەدا ڕۆڵیان دەبینی، بەڵام بەرەبەرە ئەم بەشدارییە شێوازێکی دیکەی وەرگرت و ژنانمان لە کاری ڕێکخراوەیی و سیاسیدا بەشداریی کارایان کرد. ژنان لە خەباتی نهێنیی هەموو سەردەمەکاندا ڕۆڵێکی گەلێک گرنگیان بینیوە و زۆر جار ئەوەی بۆ ئەندامانی پیاو نەدەکرا، ئەوان ئەنجامیان دەدا. نابێت بەشداریی ژنانیشمان لە خەباتی چەکداریدا لەبیر بچێت، کە هاوشانی هاوڕێیانی پیاو چەکیان هەڵگرت و دژی ڕژێمی بەعس جەنگان.
لەم مێژووە پڕ لە خەباتەدا، ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ژن ڕووبەڕووی گرتن، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردن و شەهیدبوون بوونەتەوە. لەم ڕۆژەدا، دەمانەوێت سەری ڕێز و ستایش بۆ یەکێک لەو ژنە خەباتگێڕانە دابنەوێنین وەک سیمبولی خەباتی ژنان لەناو ڕیزەکانی حزبی شیوعیدا.
ئایشە قادر (ئایشە گوڵ): ژیان و تێکۆشانی ژنێکی ئازادیخواز
ئایشە قادر، ناسراو بە نازناوەکانی "ئایشە گوڵ" و "ئایشە گرۆکە"، یەکێکە لە سیما دیارەکانی مێژووی خەباتی ژنانی کوردستان. ناوبراو لە ساڵی ١٩٣١ لە گەڕەکی بایزئاغای شاری کۆیە لەدایکبووە. لە تەمەنی چوار ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات و لەژێر سێبەری دایکی، ئامینە خانم، لەگەڵ یەک خوشک و دوو برادا پەروەردە دەبێت. بەهۆی جوانی، زیرەکی و ئیرادە بەهێزەکەیەوە، هەر لە منداڵییەوە نازناوی "ئایشە گرۆکە" (واتا ئایشە گوڵ)ی پێدەبەخشرێت، نازناوێک کە تا کۆتایی تەمەنی و تەنانەت دوای شەهیدبوونیشی، وەک ناسنامەیەکی شانازی لەگەڵیدا مایەوە.
ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی:
ئایشە گوڵ لە ساڵی ١٩٤٧ ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێناوە و دایکی سێ کچ و پێنج کوڕ بووە. هاوکات لەگەڵ بەرپرسیارێتییە خێزانییەکانی، وەک ئەندامێکی چالاکی "کۆمەڵەی ئافرەتان"، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا گێڕاوە. مامۆستا عەقیلە ڕواندزی لە کتێبی (یاد و ئافەرین)دا بەم شێوەیە وەسفی دەکات: "ئایشە گور، ئایشە گوڵ، ژنە کوردی بەجەرگ و ئازا و ئازادیخواز، ڕۆڵێکی گرنگی لە خەباتی حزب بەرامبەر بە ڕژێمی فاشست بینیووە. ئایشە گور ڕۆڵی تەتەری لە نێوان ڕێکخراوەکانی ناو شار و شاخدا بینیوە و زۆریش هاتوچۆی بنکەکانی پێشمەرگەی دەکرد، کە جێی مەترسی و گومان لێکردن بوو."
دایکێکی مەزن لە یادەوەریی پێشمەرگەدا:
خەبات و دڵسۆزیی ئایشە گوڵ وایکردبوو ببێتە سیمبولێکی دایکایەتی بۆ پێشمەرگە. حازم عەلی کوتک، پێشمەرگەی دێرین، لە یاداشتەکانیدا بە "دایکێکی مەزن" ناوی دەبات و دەڵێت: "لە ساڵانی پێشمەرگایەتی بە شێرە ژنێک ئاشنابووم کە لەناو کوردا کەم وێنە بوو... وەک دایکی خۆمان هەموومانی ماچکرد... مرۆڤ شەرمی لە دڵسۆزی و میهرەبانیی ئەو شێرە ژنە دەکرد." ناوبراو باس لەوە دەکات کە ئایشە گوڵ بەردەوام بەدوای پێشمەرگەوە بووە لە ناوچەکانی دەشتی کۆیە، دۆڵی سماقوڵی، مەلەکان، دۆڵی ڕوستی و بارزان، و زۆرجار بە خواردنی خۆماڵی و دۆڵمەی کۆیە پێشوازیی لێکردوون.
هەروەها، پێشمەرگەی دێرین چەتۆی بەڕانەتیش لە کتێبی (لاپەڕە پڕشنگدارەکان... پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی) بە "دایکی هەموومان" ناوی دەهێنێت و دەنووسێت: "بەبێ موبالەغە، هەموو جارەکان هەست و سۆزی دایکایەتیم لێ بەدی دەکرد... ئەو چۆن هەمووانی بە جگەرگۆشەکانی خۆی حیساب دەکرد، ئێمەش هەروا وەک دایکی خۆمان ئەو هەست و سۆزەمان لێی بەدی دەکرد."
شەهیدبوون:
چالاکییە سیاسی و حزبییەکانی ئایشە گرۆکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمی بەعسی ناچارکرد هەموو توانایەکی بخاتەگەڕ بۆ دەستگیرکردنی. لە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ١٩٨٨، کاتێک لەگەڵ گوڵەباخی کچی بە نهێنی سەردانی شاری هەولێر دەکەن، لە ڕێگەی سیخوڕەکانەوە زانیاری دەگاتە هێزە ئەمنییەکان. دوای گەمارۆدانی شوێنەکەیان، ئایشە گرۆکە دەستگیر دەکرێت. دواتر لەژێر ئەشکەنجەیەکی دڕندانەدا شەهید دەکرێت. بڕوای پۆڵاینی بە بیروباوڕ و حزبەکەی دەبێتە هێزێکی لە بن نەهاتوو، جەستەی دەکاتە قەڵغانێک و بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیە دەگرێت. پاش هەوڵدانێکی زۆری منداڵەکانی توانیان گۆڕەکەی بدۆزنەوە و بەو پەڕی شکۆمەندییەوە بیگوازنەوە بۆ زێدی خۆی لە کۆیە. هەردەم ناو و خەباتی ئەم پاڵەوانە بە نەمری دەمێنێتەوە.