هۆشەنگ کەریم

 

لە یازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی شیوعیی عێراق لە ڕۆژانی 24 هەتا 28 ی تەشرینی دووەمی 2021، هاوڕێ کەریم ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردە مێژووییەکانی حیزب، یادگارییەکی ئێجگار بەنرخ و گرنگی پێشکەش بە کۆنگرە کرد و وەکوو ئەمانەتێکیش بۆ نەوەی نوێی ناو حیزبی گەڕاندەوە کە بۆ 70 ساڵ پارێزرابوو، ئەمانەتەکەش کاتژمێری دەستیی هاوڕێ یوسف سەلمان یوسف - فەهدی دامەزرێنەر و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حیزب بوو.
ئەم یادگارییە مێژووییە، سەرنج و بایەخێکی زۆری نوێنەرانی کۆنگرەی حیزبی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و پێشنیازیان کرد مۆزەخانەیەک بۆ پاراستنی کەلوپەل و پاشماوە بەنرخەکانی حیزب دابمەزرێنرێت.
هاوڕێ کەریم ئەحمەد بەسەرهاتی کاتژمێرەکەی هاوڕێی نەمر فەهدی لەنامەیەکدا نووسیبوو لە لایەن دکتۆر رائید فەهمی، بۆ نوێنەرانی کۆنگرە خوێندرایەوە.

ئەمە دەقی نامەکەیە:

کاتژمێرەکەی فەهد
کەریم ئەحمەد
ساڵانێکی دوورودرێژ بەسەر مێژووی حیزبی شکۆدارماندا تێپەڕیون، کە پڕن لەو وێستگە و وەرچەرخانانەی زۆریان لەسەر وتراوە و گێڕدراونەتەوە، بەڵام هێشتا زۆریان ماون کە بەهۆی بارودۆخی سەخت و دژوارمانەوە دەرفەتی ئەوەمان نەبووە بۆ نەوەی نوێی بگێڕینەوە، بێگومان ئەمە مافی ئەوانە و ئەرکی ئێمەی شیوعییە دێرینەکانیشە کە بۆیان باس بکەین، بەو ئامانجە بەرز و پیرۆزەی کە لاوانی شیوعی سوود لە ئەزموونی سەرکردە مەزنەکانی حیزب وەربگرن، ئەو سەرکردانەی وانەی نیشتمانپەروەری، خۆنەویستی و قوربانیدانیان پێ بەخشین لە پێناو نیشتمانێکدا کە خەونیان پێوە دەبینی و تێکۆشانیان بۆ دەکرد تا ڕۆژێک بێت ئازاد بێت و گەلەکەشی بەختیار و سەربەرز بژیت.

کاتێک لە ساڵی 1949دا دادگای عورفی لە بەغدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سەرکردە مەزنەکانمان دەرکرد، کە یەکێکیان هاوڕێی نەمر یوسف سەلمان (فەهد) بوو، چەند کاتژمێرێک پێش بەیانیی 14ی شوبات —ئەو ڕۆژە شوومەی بڕیارەکەی تێدا جێبەجێ کرا— هاوڕێ فەهد وەک دوا داواکاریی پێش ماڵاواییکردنی لە ژیان، داوای لە پاسەوانەکانی زیندان کرد کە بۆ ماوەیەک بە تەنیا لەگەڵ یەکێک لە زیندانییەکاندا کۆببێتەوە، کە هاوڕێیەکی گەنج بوو و حوکمی زیندانیی هەبوو نەک لەسێدارەدان. ئەوانیش داواکەیان قبووڵ کرد و ڕەتیان نەکردەوە، تەنانەت چاودێریشیان نەکرد (دەستیان خۆش بێت!).
ئیتر لە گۆشەیەکی زیندانەکەدا بە تەنیا دانیشتن و داوای لێکرد کە لە ڕێگەی زیندانییەکانی دیکەوە چەند پەیامێکی زارەکی بگەیەنێتە هاوڕێییان دەرەوەی زیندان، پاشان کاتژمێرەکەی لە مەچەکی کردەوە و خستیە دەستی هاوڕێ گەنجەکەوە و پێی وت: (لە هەموو سامانی دنیا ئەوەی هەمە تەنیا ئەم کاتژمێرەیە و ئەمەش موڵکی حیزبە، تکایە هەر کاتێک ئازاد کرایت بیگەیەنە دەستی هەڤاڵان، ئەمە ئەمانەتە لای تۆ)
هاوڕێ فەهد باش دەیزانی کە ئەندام و کادیرانی حیزب لە دەرەوەی زیندانەکان لە چ تەنگژە و بارودۆخێکی دارایی دژواردان و تەواوی وڵاتیش بەهۆی تیرۆر، ڕاوەدوونان، خۆشاردنەوە و نەدارییەوە، لە سەردەمێکی تاریکدا دەژیا.
هاوڕێ فەهد لەسێدارەدرا و کاتژمێرەکەی وەک ئەمانەت لای هاوڕێ گەنجەکەمان مایەوە تا ئەو کاتەی ئازادکرا، هەر کە ئازادبوو، توانی پێوەندی بە چەند هاوڕێیەکەوە بکات کە لە نزیکەوە دەیناسین و بڕیاریدا ئەمانەتەکە ڕادەست بکات، دوای ئەوەی دڵنیابوو لەوەی دەگاتە دەست سەرکردایەتیی حیزب وەکوو یادگارییەکی ئازیزی هاوڕێیەکی شەهید و خۆشەویست.
لە ساڵی 1953دا بوو، کاتژمێرەکە ڕاستەوخۆ ڕادەستی خۆم کرا، کە ئەو کاتە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەدا سەرکردایەتیی حیزبمان لە بەغدا دەکرد، لەگەڵ کاتژمێرەکەدا نامەیەکیش هەبوو لەلایەن (ئەبو سەلام - بەهائەدین نووری) نووسرابوو تێیدا باسی هەموو ئەو ڕووداوانەی کردبوو کە لەو شەوەدا، واتا چەند کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی بڕیاری لە سێدارەدانی هاوڕێ فەهد ڕوویاندابوو.

وا دیاربوو ئەو هاوڕێ گەنجە (موسعەب، ناوە حیزبییەکەی یان ڕاستەقینەکەی بوو، چاکم لەبیر نییە) خوێندەواریی نەبوو یان لێی شارەزا نەبوو، وەک زۆربەی خەڵکی ئەو کاتەی عێراق.
منیش وەک هەموو هاوڕێیانی دیکەی حیزب، خۆم و خێزانەکەم ڕاوەدوودەنراین و لەو ماڵە هەژارانەیەی بە شێوەی کاتی بەکرێمان دەگرتن خۆمان حەشاردەدا لەو شارانەی کە پڕ ببوون لە سیخوڕ و پۆلیسی نهێنی، جگە لەوەی من و خێزانەکەشم بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی حیزب بەردەوام لە نێوان شارەکانی عێراقدا لە کۆچ و هاتوچۆدابووین، بارودۆخمان زۆر سەخت بوو و هیچ شتێکمان نەبوو، چ جای بگاتە ئەوەی سندوق یان کانتۆری جلوبەرگمان هەبێت بۆ ئەوەی کەلوپەلە کەمەکانمانی تێدا دابنێین.
کاتژمێرەکەی دەستی هاوڕێ فەهد تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو بۆ من و خێزانە بچووکەکەم، ئیتر ڕادەستی هاوسەرم، هاوڕێ ئوم سەلیمم کرد (سڵاو لە ڕوحی پاکی، کە لە ئەیلوولی 2017دا کۆچی دوایی کرد) و پێم وت: (ئەمە کاتژمێرێکی ئاسایی نییە، ئەمە ئەمانەتێکی قوڕسە لەسەر شانمان تا ئەو ڕۆژەی ئەم تاریکی و نەهامەتییە لەسەر خۆمان و حیزب و تەواوی نیشتمان دەڕەوێتەوە، با شایستەی متمانەی شەهیدی ئازیزمان هاوڕێ فەهد بین)ئەویش وتی: (خەمت نەبێت، ئەمە لە چاوەکانم بەنرخترە).

دوای ئەوە لە خێزانەکەم دابڕام و بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی کەوتمە گەڕان لە نێوان شارەکانی عێراقدا، هەمان شت بەسەر هاوڕێ ئوم سەلیمیشدا هات کە ئەویش بە ڕۆڵی خۆی ئەرکی حیزبیی جۆراوجۆری لەئەستۆ گرتبوو، وەک گەیاندنی پۆستی حیزبی و ڕۆژنامە، شاردنەوەی خێزانە حیزبییەکان، سەردانی زیندانەکان و هاتوچۆکردن لە نێوان بەغدا و کوردستان، مەنفای بەدرە و جەسان، پاشان کەرکووک، مووسڵ و بەغدا، منیش دەستگیرکرام و سزای زیندانیی و دوورخستنەوەم بەسەردا سەپێنرا تا ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە شۆڕشی تەممووزی 1958دا، کە ئازادی کرام و دووبارە گەڕامەوە ناو ژیانی ئاسایی هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کەم بوو، لەو ماوەیەشدا کاتژمێرەکە هەر لای هاوڕێ ئوم سەلیم مابووەوە.
بەڵام لە شوباتی 1963دا، بارودۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی دیکەی زۆر مەترسیدارتر لە ساڵانی پێش شۆڕشی تەممووزدا ڕۆیشت. ئوم سەلیمیش ڕووی لە شاخ کرد، چونکە ناچار بووین پەنا ببەینە بەر ژیانی پێشمەرگایەتی لە کوردستان. ژمارەی ئەندامانی خێزانەکەشم زیادی کردبوو، نە خانوومان هەبوو نە مووچە، تەنیا ئەو بڕە هاوکارییە کەمە نەبێت کە حیزب بۆی دابین دەکردین.
ئوم سەلیم خەریکی ململانێ بوو لەگەڵ ژیان و بەخێوکردنی منداڵەکان، منیش بۆ ماوەیەکی درێژ لێیان دوور بووم، ژیان بۆ ئێمە بریتی بوو لە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم و ستەمکاری، زۆر کەم بوون ئەو ساڵانەی کە پێکەوە کەمێک ئارامیمان تێدا چەشتبێت، ئەو ساڵانەش بێگومان بە بێ دڵنیایی و ئاسایش بوون، بەڕاستی ڕووداوەکان لە عێراقی دوای کودەتا، شەڕ و چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەییدا بە خێرایی تێپەڕ دەبوون، ئێمەش جگە لە خۆشاردنەوە، پەنابردنە بەر شاخ، تاراوگە و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات چ ڕێگەیەکی دیکەمان لەپێش نەبوو، و ئەمەش بەردەوام دووبارە دەبووەوە.
لە درێژەی هەموو ئەم ساڵانەدا، ئوم سەلیم هەر کاتژمێرەکەی هاوڕێ فەهدی وەک ئازیزترین ئەمانەت و هێژاتر لە کەلوپەلەکانی خۆی دەپاراست، نە دەستکاری کرد، نە بەفیڕۆی دا و نە لای کەسیش بەجێی هێشت. تەنانەت هەندێک کەسی دەستبڕ و نەفس نزمێک دەستیان بردبوو بۆ دزینی ئەو بڕە پارە کەمەی کە هەیبوو، بەڵام نەیانتوانی دەستیان بگاتە کاتژمێری مەچەکی فەهد.
هاوڕێ ئوم سەلیم لە هەر شوێنێک جێگیر بووبێت، متمانەی بە بارودۆخەکە و ڕەوشی سەقامگیری حیزب و هاوڕێیان نەبووە، نەیدەتوانی کاتژمێرەکە لای کەسانی دیکە وەک ئەمانەت دابنێت؛ ئەمەش نەک لەبەر نەبوونی متمانە پێیان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەزموونی ساڵانێکی دوورودرێژی لە ناسەقامگیریی ژیانی گشت هاوڕێیان بەبێ جیاوازی هەبوو، بۆیە پێی باش بوو لای خۆی بمێنێتەوە (بۆ چەند ساڵێکیش لای کچەکەمان «بەیان» بوو، سڵاو لە ڕوحی پاکی، کە لە ئەیلوولی 2019دا کۆچی دوایی کرد).
زیاتر لە حەوت دەیە بەسەر ئەو کاتە تێپەڕیوە کە هاوڕێ فەهد پێش لەسێدارەدانی کاتژمێرەکەی لە مەچەکی کردەوە، ئەمڕۆش کاتێک یادی ئەو و یادەوەریی هەموو ئەو ساڵە سەخت و دژوارانە بە تاڵ و شیرینیانەوە دەهێنمەوە یاد، هیوادارم هاوڕێیان ئەم ئەمانەتەم لێ وەربگرنەوە، با پێکەوە(کاتژمێری فەهد) و مانا و مەبەستی ئەم ئامێرە بچووکە بەبیر بهێنینەوە کە دەستی هاوڕێی نەمرمان فەهدی ڕازاندبووەوە؛ فەهدی سیمبولی مێرخاسی، سەربەرزی، خۆنەویستی، نیشتمانپەروەری و ئینتەرناسیۆنالیزمی ڕاستەقینە، بەڵام پێش هەموو شتێک، ئەوەمان لەبیربێت ئەو حیزبە شیوعییە مەزنەی کە دەستەکانی فەهد دروستیان کرد، حیزبێکە نە نەرم دەبێت، نە تەسلیم دەبێت و نە سازش لەسەر بنەماکانی دەکات.
ئەم کاتژمێرە لە قەبارەدا بچووکە، بەڵام لە مانا و ناوەڕۆکدا زۆر مەزنە، فەهد لێی دەڕوانی بۆ ڕێکخستنی کات و دیدارەکانی و هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێیانی بۆ دەستپێکی کارەکانی گەورەترین حیزبی سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، ڕێکخستنی کات بۆ هاوڕێیان لە ژیانی حیزبیاندا کاری لەپێشینە بوو، لە وڵاتێکدا کە هێشتا خەڵکەکەی مانای وردبینی و دیسپلینیان بە چەمکە هاوچەرخەکەی نەدەزانی، لە کاتێکدا کە سەردەمی ئامێر و بەرهەمهێنان لە جیهاندا چەندین سەدەی بڕیبوو، بەڵام عێراق هێشتا وڵاتێک بوو زۆربەی کشتوکاڵی و لە هەندێک شوێنیشیدا پیشەگەری و کاری دەستیی بوو.
فەهد خاوەنی دیدگایەکی پێشکەوتوو بوو بۆ دواڕۆژی حیزب و بنیاتنانی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، ئەو قوتابییەکی زیرەک و لێهاتووی سەرکردەی کۆمۆنیستی ئینتەرناسیۆنال «گیۆرگی دیمترۆڤ» بوو، کە ئەزموونی بنیاتنانی حیزبێکی نهێنیی کۆمۆنیستی هەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆنەپەرستی، سەرمایەداری و فاشیزم و سەرکەوتن لە هەموو شەڕەکانیدا دژی ئەوان. بەم شێوەیە فەهد بوو بە خاوەنی ئامرازێکی ڕێبەرایەتی تێکۆشانی کرێکاران، جووتیاران و تەواوی ڕەنجدەران و حیزبی شیوعی عێراقی دامەزراند کە هەموو پێکهاتە نەژادی، نەتەوەیی و ئاینییەکانی گەلەکەمانی بەبێ جیاوازی لە باوەش گرت، لە هاوئاهەنگی و فرەچەشنی هاوبەشدا هاوشێوەی کەمە تەنانەت لە مێژووی جیهانیشدا و تا ئەمڕۆش بە وردبینی و دیسپلینێکی بەرزەوە کار دەکات.
ئەی هاوڕێییان، لەگەڵ مندا ئەو ڕۆژە سەختانە بەبیر بهێننەوە کە فەهد سەیری مەچەکی دەکرد کاتێک کاتی کۆبوونەوەیەک بەبێ دواکەوتن دەستی پێدەکرد، یان کاتێک کاری چاوپێکەوتنەکان و ڕادەستکردنی پۆستی حیزبی و کڕینی کەرەستەی چاپکردنی ڕۆژنامە و ئەدەبیاتی حیزبی ڕێکدەخست، یاخود ناردنی شاندێک بۆ لای یەکێک لە حیزبە دۆستەکان بە مەبەستی هەماهەنگی لەسەر کاری سەندیکا و یەکێتییەکان و سەدان ڕووداوی دیکە کە حیزب لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا کاری دەکرد تا بە وردی و ڕێکخراوەیی جەشنی ئامێرێکی بچووک بێت، کە ئەویش کاتژمێری مەچەکی هاوڕێی شیوعی، شەهید یوسف سەلمان یوسف - فەهد بوو.
ئەمانەت تەنیا ئەوە نییە کە شتێک بپارێزیت، هەرچەندە لە پێناویدا ناڕەحەتی بچێژیت و دوای ماوەیەک ڕادەستی بکەیتەوە، بەڵکوو ئەمانەتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە پەند و وانە لەو مانا بەنرخ و بێ هاوتایە وەربگرین کە ئەو شتە هەڵیگرتووە، بگرە وانە لە مێژووی ئەو شتە و ئەو کەسانە وەربگرین کە ژیانیان پێوەی گرێدرابوو و کاریگەریی لەسەر خۆیان و چارەنووسیان هەبوو.
سڵاو لە تۆ ئەی فەهد، هاوڕێ و مامۆستا و ڕێبەری ڕێگاکەم، هیوا و متمانەم وایە کە کاتژمێرەکەت ببێتە مەشخەڵ و پێوەرێک بۆ تێکۆشانی حیزبە گەورەکەمان.

هەولێر - کۆتایی تشرینی دووەمی 2021

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا