زاهیر باهیر

 

​زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد، دەستەواژەی «یەکێتی و برایەتیی گەلان»-ی هەسەدە بە هەڵەیەکی سەرەکی دەزانن لەو ڕووداوانەی کە لە ڕۆژئاوادا ڕووی دا؛ بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو بڕوابوونەی هەسەدە بەو دەستەواژەیە، پرشنگدارترین خاڵی ئەو بزوتنەوەیە بووە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە، کە ئەو تەبایی و بەیەکەوەژیانەی لە سایەیدا دروست بوو، ڕێگریی سەرەکی بوو لە لافاوی خوێنڕشتنی نێوان ئەو ئێتنیکییانەی کە لەو شوێنانەدا دەژیان کە هەسەدە تێیاندا باڵادەست بوو. نەک هەر ئەوە، بەڵکو خاڵێکە کە بزوتنەوەکانی دیکە و ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانە دەبێت لێوەی فێر بن.

​هەرگیز ئەوە پرسێکی سەرەکی و گەورە نەبووە لە ڕوودانی هەندێک رووداوی نەخوازراوی خوێناویدا. ئەوە ڕاستییە کە هەندێک لە سەرۆکخێل و هۆزەکانی عەرەب، بە بەهێزکردنی زیاتری «هەیئەی شام» لە لایەن ئەمریکاوە، هەسەدەیان لە کاتێکی زۆر ناسک و هەستیاردا بەجێهێڵا۔ ئەو سەرۆکهۆز و خێڵانە هەرگیز وەکو کەسانی مەبدەئی کە باوەڕیان بە دروشم و کارەکانی هەسەدە هەبێت لە بنەڕەتدا نەبوون، بەڵکو ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و مانەوەی هەیمەنەی خۆیان بەسەر هۆزەکانیانەوە و دەستکەوتنی جۆرێک لە ئیمتیاز، لەگەڵ هەسەدەدا مابوونەوە.

​ئەم خاڵە لای ئەم ڕۆشنبیر و نووسەرانە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی لە نووسین و دیمانە و یوتیوبەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ هەندێکیشیان وەکو کینە لەدڵ دژی عەرەب بەکاری دەهێنن تاوەکو ئەوەی کە باوەڕیان پێیەتی، ئەمە وەکو بەڵگەیەکی سەلمێنراو بەکار بهێنن و پاساوی کوردایەتیی پێ بکەن.

​ئەوەی مایەی نائەمانەتیی نووسین، نەگواستنەوە و نەوتنی ڕاستییە بە خوێنەرەکانیان، ئەوەیە کە ئەمان باس لە زۆرێک لەو سەرۆکهۆز و خێڵانە ناکەن کە هەتا ئێستاش لەگەڵ هەسەدەدا ماونەتەوە و لاینگریی کورد و هەسەدەیان کردووە. لە سەردەمی ڕووداوی دڵتەزێنی گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود و ڕەققەدا، بە دەیان ڤیدۆ و دیمانە و یوتیوبمان دەبینی لە وەتساپ و هەندێک لە ماڵپەڕەکانەوە کە ئەوان چۆن دژ بە جۆلانی و ئیدارەکەی وەستانەوە.

​بەڵام ئایا خودی دەستەواژەی «یەکێتی و برایەتیی گەلان» ڕاستە؟

مێژووی هەموو نەتەوەیەک تا ئێستا پێی وتووین کە ئەو دەستەواژەیە هەر لە ئەساسەوە هەڵەیە، چونکە نەتەوە دابەش بووە بەسەر چینی جیاوازدا و چینەکانیش بەسەر توێژاڵی جیاوازدا، کە بەرژەوەندیی خۆیان یەکێتییان و برایەتییان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا دیاری دەکات. هەر لەناو خودی ئەو چینانەشدا بەشبوون هەیە سەبارەت بە لاینگری یاخود دوژمنایەتیی لایەنێک. بوونی دەوڵەت بەڵگەی بوونی برایەتی و یەکێتیی گەلەکەی نییە؛ گەر وابوایە، بۆ ئەو هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە دەکران؟!

​لێرەدا پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ بەڵگە مێژووییە کۆنەکان، با هەر تەماشای تورکیا، ئێران، هەموو بزوتنەوەکانی کورد، ئێستای هەرێم و پرسی فەلەستینییەکان...تد بکەین؛ ئایا یەکێتییەکی نەتەوەیی هەرگیز هەبووە یاخود هەیە؟ گەر هەبووە، بۆچی کورد نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات؟ پێم مەڵێ بارودۆخی ناوچەکە و ئیمپریالیزم و غەرب و ئیسرائیل دژایەتییان کردووە، ئەوانە هۆکاری سەرەکی نەبوون! یان بۆچی فەلەستینییەکان ئاوایان بەسەر هاتووە لە کاتێکدا بەشێکن لە نزیکەی 600 ملیۆن کەس؟

​دەتوانم سەد نموونە بهێنمەوە بە بەڵگەوە، بەڵام نامەوێت نووسینەکەم درێژتر بکەمەوە و لە حەوسەڵەی خوێنەر تێپەڕێنم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا