
ژووری هەواڵ
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا عێراقی و عەرەبییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، گرژی و ناکۆکییەکی توند لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی "جەرف سەخر"ی سەر بە پارێزگای بابل دروست بووە و چەندین هەڵوێستی جیاوازی سیاسی و جووڵەی سەربازی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سکای نیوز، لە کاتی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا، مشتومڕێکی گەرم و گرژی لە نێوان هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران ڕوویداوە.
سکای نیوز ئاماژەی بەوە کردووە، کە عامری داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێککەوتنی لەگەڵ کتائبی حزبوڵا کردووە، هاوکات هۆشداری بە زەیدی داوە زیادەڕۆیی نەکات، بەڵام عەلی زەیدی ئەو پێشنیارەی ڕەتکردووەتەوە. لەم بارەیەوە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە دوای بێئاکامبوونی کۆبوونەوەکە، زەیدی بڕیاریداوە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕۆژی هەینی داهاتوو بە هێز کۆتایی بە پرسی تاڵانی و قاچاخچێتی نەوت لەو ناوچەیە دەهێنێت. هاوکات کەناڵی ئەلحەدەسی عێراقی لە زاری سەرچاوەکانییەوە ڕایگەیاندووە کە زۆرینەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە ڕێکارەکانی عەلی زەیدی دەکەن.
لەلایەکیترەوە، بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکان، هێزێکی زۆری دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە بەغداوە بەرەو ناوچەی جەرف سەخر جووڵەیان پێکراوە.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە و جەخت لە دوورکەوتنەوە لە پێکدادان دەکەنەوە.
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوا دەکات کێشەکە تەنها لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێکارە یاساییەکانەوە چارەسەر بکرێت و هۆشداری دەدات کە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری زیان بە سەقامگیری وڵات دەگەیەنێت.
هەروەها هشام ڕکابی، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی مالیکی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی کە ئەوان دژی هەموو جۆرە قاچاخچێتییەکی نەوتن و هەرکەسێک تێوەگلابێت دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بەڵام ڕەتیشی دەکەنەوە قەیرانەکە بەرەو شەڕی چەکداری بڕوات.
هاوپەیمانی نەسڕ (حەیدەر عەبادی)، ڕایگەیاندووە، کە هەنگاوەکانی عەلی زەیدی بۆ پاراستنی سامانی گشتی دروستە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە نابێت خوێنی هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی لەم پێناوەدا بڕژێت.
بەم شێوەیە، دۆسیەی جەرف سەخر لە نێوان ئامادەکارییە سەربازییەکان و هەوڵە سیاسییەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانە بە کراوەیی ماوەتەوە.
