مێژووی ئەم کوردستانە کۆنترە لەو پەڕانەی مێژوو کە مرۆڤ بە پێنووسی کورت بین خۆی بۆی نووسیوەتەوە؛ خاکێکە کە بە هەناسەی پێغەمبەران و ڕێڕەوی مێژوونووسانی هەمیشەیی تەنراوە و ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی خاکی میزۆپۆتامیادا داکوتاوە. ئەگەر سەیری نەخشەی کۆنی ئەم ناوچەیە بکەین، دەبینین کوردستان تەنها جوگرافیایەک نییە سنوری ڕامیاری دیاری بكات، بەڵکوو لانکەی سەرەتایی مرۆڤایەتی و مەڵبەندی دەرکەوتنی نوور و پەیامی ئاسمانی بووە. لە لوتکەی چیاکانەوە تا جەرگەی دۆڵەکان، هەموو بەرد و خاکێکی ئەم دەڤەرە گەواهی دەدەن کە پێغەمبەران لێرەدا ژیاون، لەگەڵ ئەم خاكەدا دواون و چرۆی باوەڕیان چاندووە. ئەم لانکە پیرۆزە لە سەرەتای دروستبوونی ژیانی شارستانی و بڵاوبوونەوەی یەکتاپەرستییەوە، گەواهی گەورەترین ڕووداوە ئاسمانی و مێژووییەکان بووە کە ئاراستەی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە.
کاتێک باسی سەرەتای نوێبوونەوەی مرۆڤایەتی و تێپەڕبوونی لافاوی گەورە دەکەین، چیا سەربەرزەکانی جودی لە کوردستان دەبنە لانکەی ڕزگاری و ئارامی. حەزرەتی نووح یان نەوا، لە پاش ئەو کارەساتە بێوێنەیەی کە دنیای سارد کردبووەوە، کەشتییەکەی لەسەر لوتکەی جودی لەنگەری گرت و لەوێوە نەوەی نوێی مرۆڤ بڵاو بوونەوە. ئەمە تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو تێکەڵاوییەکە لە نێوان مانەوەی مرۆڤ و پیرۆزیی ئەم خاکەدا، چونکە جودی بۆ هەمیشە بووە مۆنیومێنتی ئارامی و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان لەسەر ئەم زەمینە. چیاکانی کوردستان لەو سەردەمەدا ببوونە پەناگەی ژیان و هێمای بەردەوامی، کە تێیدا مرۆڤ پاش تاقیكردنەوەیەکی سەخت، پەیامی نوێی ئاوەدانی و سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ئەم ڕێچکەی پەیامە درێژ بووەوە بۆ شاری حاران، کە دەکەوێتە سنوری ماردینی ئێستا و دڵی باکووری میزۆپۆتامیا. ناوی ئەم شارە لە هارانەوە وەرگیراوە، کە یەکەم کەس بوو ئەوێی ئاوەدان کردەوە و لەوێ نیشتەجێ بوو. ئەم ناوچەیە لانکەی حەزرەتی ئیبراهیم بوو؛ ئەو پیاوەی مێژووی یەکتاپەرستی بە دەستی ئەوەوە گەشایەوە. هاران، کە مامی ابراهیم و باوکی لووت و هەروەها باوکی سارای خێزانی ئیبراهیم بوو -کە لە هەمان کاتدا ئامۆزای بوو- لەم خاکەدا دەژیان. هاران یەکەم ماڵ بوو کە دەستی خستە ناو دەستی ئاوەدانی و ئەم دەڤەرەی کردە کانییەکی گەورەی زانیاری و ژیان، بە جۆرێک کە مرۆڤایەتی لەوێوە فێری بیناکردن و ژیانی شارستانی بوو. پەیوەندیی خێزانی و خوێنیی نێوان ئەم پێغەمبەرانە و خاکی حاران واتە ماردینی ئێستا، نیشانەی پتەویی ئەو ڕەگە کولتووری و ئایینییەیە کە لە نێوان مرۆڤی ئەم دەڤەرە و پەیامی ئاسماندا هەیە؛ پەیوەندییەک کە نەک تەنها بنەماڵەیی، بەڵکو ڕۆحی و مێژووییش بووە.
ئەم جۆگە خاوێنەی پێغەمبەرایەتییە هەر لەم خاكەدا وشک نەبووەوە، بەڵکو درێژ بووەوە بۆ موسڵ، کە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا بەشێکی دانەبڕاو و ڕەسەن بووە لە جەستەی ئەم خاکەدا، پێش ئەوەی بە دڕک و تەڵەی سنوورە دەستکردەکان پارچە پارچە بکرێت و خاکەکەی دابەش بکرێت. حەزرەتی یونس لەو شارەدا پەیامی خۆی گەیاند و لە دڵی مێژووی ئەم دەڤەرەدا مۆرکی خۆی جێهێشت. موسڵ ، وەک هەموو لانکەکانی تری کوردستان، خاوەنی کەلەپوورێکی  ڕۆحی و زانستیە کە تێیدا مرۆڤی کورد و دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە لە سایەی ئەم پێغەمبەرانەدا ژیاون و کەلتوور و نەریتی خۆیان لەسەر بنچینەی جوانترین بەهای مرۆیی و ئاسمانی داکوتاوە. لەم ناوچەیەشدا، بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ لای خوا و ڕەوشتی بەرز، بوو بە بەشێک لە کەرەستەی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانەکەی.
ئەمڕۆ کاتێک سەیری ئەم دابەشکارییە ڕامیارییانە دەکەین کە بە دەستی ڕۆژگار و ستەمی زەمەن بەسەر ئەم خاکەدا سەپێنراون، دەبینین هێزێک لەئارادایە کە هەموو ئەم پارچانە بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ ئەویش ڕەگە مێژوویی و ڕۆحییەکەیە کە لە نێوان پێغەمبەران و ئەم خاکەدا هەیە. نووح لە جودی، ابراهیم لە حاران واتە ماردینی ئێستا، و یونس لە موسڵ، هه‌موویان نەخشەی زانین  و وێژەیی ئەم کوردستانەیان نەخشاندووە. ئەمە میراتێکی مەزنە کە تێیدا خاک و مرۆڤ و پەیامی ئاسمانی دەبنە یەک ڕاستی بێگەرد و هەمیشەیی، گەواهی بۆ ئەوە دەدەن کە ئەم دەڤەرە لانکەی هەمیشەیی پێغەمبەران و مەعریفەی مرۆڤایەتی بووە و دەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە بەهێزە نیشانی دەدات کە ناسنامەی ئەم خاکە بە خوێن و پەیامی ئاسمانی و مێژووی مرۆڤایەتیی ڕەسەن ئاوێتە بووە و هیچ سنورێک ناتوانێت ئەم ڕەگە قوولە لەناو ببات.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا