رێبوار بەكرەجۆیی
 
     پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، سەرەڕای ئەركە سەرەكییەكەی لە پەروەردەو فێركردنی نەوەی نوێ پڕیەتی لە شتی سەیر و سەمەرە و خۆش، كە تێكهەڵكێش دەبێت لەگەڵ بابەتەكەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بدوێین، بەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتی ئێستا و سەرەتایی دوێنی، تایبەتتریش قوتابییانی بازنەی یەكەم، واتە پۆلەكانی(یەكەم و دووەم و سیێەم)ی بنەڕەت. 
لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، ئەوكاتەی ئێمە لەسەرەتای كاری مامۆستایی بووین، لەبەیانییەوە تا ئێوارە دوو دەوام دەواممان دەكرد، كاری زۆرینەی ڕۆژەكانیشمان لە هەردوو دەوامەكە پێش چوونەژوورەوەی قوتابییان بۆ پۆلەكانیان، لە گۆرەپانە شەقوشڕەكەی بەردەم بینا وێرانەكەی هەزار و یەك عەیبی هەبوو و پەنجەرەكانی نایلۆن و سەربانەكانی هەمووی دڵۆپەی دەكرد و ئێمە ناومان نابوو (قوتابخانەی هەنارۆك) ڕیزمان دەكردن و پشكنین، یان با بڵێین(تەفتیش)ی سەر تا بنی پێمان دەكردن. 
ئەوەی سەروقژی هاتبا، یان نینۆكی درێژ بووایە، یان جلوبەرگی پیس و دڕاو بووایە، ئاگادارمان دەكردەوە، یان ئەگەر پێویستی كردبا دەمانهێنایە دەرەوە و لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەكرد، یان بەدوای كەسوكاریماندا دەنارد و لەكەمتەرخەمی منداڵەكەی ئاگادارمان دەكردەوە. 
ئەمە جۆرێك لە ڕاهێنانی قوتابییان بوو بۆ گرنگی دان بە پاكوخاوێنی خۆیان و جۆرێكیش بوو لە پەروەردەی دروستی ئەو سەردەمە، كە نەیدەهێشت قوتابی بە لاڕێدا بڕوات.
ئەوە بۆ ئێمە ئەرك بوو، بەڵام لێشی بێزار نەدەبووین، چونكە ئامانجەكە ڕاستەوخۆ و ڕۆژانە دەهاتە دەستمان. 
لەو گەڕان و پشكنینەدا زۆرجار كێچ و ئەسپێ بە ئێمەش هەڵدەگەڕان، بەڵام گوێمان پێ نەدەدا. 
ئەو سەردەمە، من كە تاڕادەیەك دەستی دەلاكیم هەبوو، زۆرجار چەند قوتابیم لەدەوامی بەیانیان دەهێنایەوە دەوامی دوای نیوەڕۆیان و سەر و قژم بۆ چاك دەكردن. مامۆستایانی هاوپیشەم و قوتابییانی ئەوكاتی قوتابخانە شاهیدی ئەوەم بۆ دەدەن. 
ئەوەی ئێمە دەمانكرد دڵسۆزی نواندن و بەدواداچوون بوو بۆ پاكوخاوێنی قوتابییان و ڕاهێنان و پەروەردەكردنیان بەڕێگایەكی دروست، نەك گەڕان بەدوای شتە ڕێگا پێ نەدراوەكان، چونكە لەولایەنەوە قوتابییەكانمان تاڕادەیەكی باش سەلامەت بوون. 
من كە بەئێستاشەوە زۆر ڕقم لەپیس و پۆخڵی بوو، جیا لەوەی لەكاتی ڕیزكردنی قوتابییەكان لە پاكوخاوێنیمان دەپرسین، كردبووم بە نەریتی خۆم، ڕۆژانە و هەركاتێك دەچوومە ژووری هەرپۆلێك پێش ئەوەی دەست بە وتنەوەی بابەتەكەم بكەم قوتابییەكانم ڕاهێنابوو هەردوو دەستیان لەسەر تەختەكەی بەردەمیان دابنێن و دەستەسڕەكەشیان لەژێر دەستیان بێت، منیش بەخێرایی چاوێكم پێدا دەخشاندن و دەمگوت: زۆر باشە ئەوجار كتێبەكانتان دەربێنن. 
ئەمە هەموو ڕۆژێك و لەهەموو پۆلەكان دووبارە دەبۆوە. بەو بۆنەیەوە شتێكی خۆشم دێتەوە یاد. 
لەبیرمە لە پۆلی دووەمی سەرەتایی ئەوكاتە قوتابییەكی خنجیلانەی كچم هەبوو، ژیكەڵەو عاقڵ بوو، زمانی دەیگرت و پاك نەببۆوە، زۆریش زیرەك نەبوو، مام ناوەند بوو. من، بەحوكمی ئەوەی پسپۆرییەكەم عەرەبی بوو، زۆر وشەی عەرەبیم بەكاردەهێنا. ئەویش وشەكانی منی دووبارە دەكردنەوە، زۆرجار وشەكانی تێكەڵ دەكردن، یان بەهەڵە هەندێ وشەی دەگوتنەوە. 
یەكێك لە قسەخۆشەكانی ئەوەبوو كە هەر ڕۆژێ بەپەلە دەچوومە ژوورەوە و یەكسەر دەمگوت كتێبەكان دەربێنن، یان دەمگوت كوا دەفتەرەكانتان بزانم وەزیفەتان نووسیوەتەوە؟ یان دەی دەفتەری ئیملاكانتان دەربێنن، ئیملایە. ئەو قوتابییە خنجیلانەیە دەیزانی لە پاكوخاوێنی ئەوانم نەپرسیوە، یەكسەر بیری دەخستمەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بڵێ مامۆستا تەفتیشمان ناكەی؟ دەیگوت: ئەی مامۆستا تەفنیشمان ناكەی؟ منیش خەندەیەكم بۆ دەكرد و دەمگوت ڕاست دەكەی، دەی باشە دەستان لەسەر تەختەكانتان دانێن با تەفتیشتان بكەم. 
من لەبەرچاوی ئەو وشەكەم بەڕاستی دەگوتەوە و بۆم ڕاست دەكردەوە، بۆ ئەوەی ئەو قوتابییە فێربێت و هەڵەكە دووبارە نەكاتەوە، كەچی ئەو هەر ئەوەی خۆی دووبارە دەكردەوە و گوێی بەمن نەدەدا. 
 ئەو سەردەمە، ئێمە كە ئەوەندە گرنگیمان بە پەروەردەكردنی نەوەكان دەدا بۆ ئەوەبوو كەمتر لەڕووی فێركردنیانەوە ماندوو ببین، ئامانجەكەشمان دەیپێكا. 
پەروەرەو فێركردن دوو چەمك بوون، تەواوكەری یەكتری بوون. من پێم وایە لەڕووی ئاكار و فێربوونەوە نەوەی ئەو سەردەمانە زۆر لەپێش نەوەی ئێستاوە بوون.
ئەوەی لەو شێر و ڕێوییەی سەرەوە مەبەستمە ئەوەیە دەمەوێ بڵێم ئەو سەردەمەی ئێمە مامۆستا بووین، پەروەردەی نەوەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی مامۆستادا بوو و كەمتر قوتابی بەلاڕێدا دەڕۆیشت، ڕێز و خۆشەویستی قوتابی لەناوەوەو دەرەوەی قوتابخانە بۆ مامۆستا و پەروەردەكارانی بەراوردناكرێ بە ئێستا. 
ئەو سەردەمە ئەوەی لە كاتی پشكنین لە گیرفانی هەندێ قوتابی لاسار دەرمان دەهێنا و لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەكرد (كەلاشووشە، یان كەلابەرد، یان دارلاستیك (فندەق) یان قەڵەم و لاستیكی یەكتری بوو كە دەیانبرد بۆخۆیان، بەدەگمەنیش نیوەجگەرە و چەقۆی بچووك بوو، كە هەندێكیان بەنینۆكەرەوە بوون). 
دەست بەسەردا گرتن و ئاگاداركردنەوەی كەسوكاریان لەبارەیانەوە كۆتایی بەو كێشەیە دەهێنا، زیاتریش بەهۆی پشتیوانی ئەوان (دایك و باوك) بوو، لە بڕیار و لێپرسینەوەكانی ئیدارە و مامۆستایان.
 لەولایەنەوە یەكێك لە قسە پشتیوانیەكانی كەسوكاری قوتابییان بۆ مامۆستایان و ئیدارەی قوتابخانە لە پەروەردەكردنی نەوەكانیان ئەوەبوو كە هەركاتێك دەهاتن بۆ قوتابخانە، ئینجا بۆ مەبەستی لێپرسینەوەی پەروەردەیی بوو یان كەموكووڕی لە فێربوونی قوتابییەكانیان، دەیانگوت: مامۆستا گۆشتەكەی بۆ تۆ ئێسقانەكەی بۆ من. 
ئەوە پشتیوانییەكی زۆربوو بۆ مامۆستایان لە پەروەردەكردنی قوتابییان، چونكە دڵنیابوون و دەیانزانی كە هەر سزایەكی پەروەردەییانەی مامۆستا لەبەرژەوەندی قوتابییەكەیان بەتایبەتی و كۆمەڵگە بەگشتی دا بوو.  
بەداخەوە ئێستا دوای پڕۆسەی ئازادبوونی قوتابی لەژێر دەست و كۆنتڕۆڵی پیرۆزی پەروەردەی مامۆستا و بەدواداچوونی ڕۆژانەی بۆ هەموو ئەو شتانەی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی پەروەردە و فێركردنی قوتابی دیاری دەكرد، گۆڕاوە بۆ بەدەگمەن ڕیزكردن و لێپرسینەوە و گیرفان گەڕانی قوتابییان بۆ شتە ڕێگاپێ نەدراوەكان. 
ئازادییەكە بەجۆرێكە، جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە لەنێوان چوونی قوتابی بۆ كۆڵان و بازاڕ  یان قوتابخانە، ئێستا بەشێكی بەرچاوی قوتابییان لەژێر كۆنتڕۆڵ دەرچوون و جڵەوكردنەوەیان تەمەنێكی دوور و درێژی دەوێت. 
ئێستا كە ئێواران لە قوتابخانە تەواو دەبن و بەناو بازاڕ و كۆڵانەكاندا دێن و دەڕۆنەوە بەرەوماڵ، زۆرینەیان پاكەت و چەرخ و ڤەیبەكانیان دێننەدەرەوە و دووكەڵی جگەرە و ڤەیبەكانیان ڕوخساری خۆیانی داپۆشیوەو سەروچاوی خەڵكی تریشی پی سواغ دەدەن، خۆ ئەگەر لەوكاتەدا گیرفانیان بگەڕێی لەوانەیە شتی مەمنوعتری وەكو چەقۆ و هاوشێوەكانیشیان پێبێت، هەرخواش دەزانێ لەناو ئەو گیرفانە هەڵاوساوانە چی تێدایە؟  ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە دەیان بینی هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان بەجۆرێكە پڕپڕە لە هەڵوێست و ئاكاری نادروستی بێزراوی ناو خێزان و كۆمەڵگا، كە زۆر دوورن لەو پەروەردە و فێركردنەی كە بەحساب دید و پەیامی بەشێكی بەرچاوی ناوەندەكانی خوێندنن، هەربۆیە لە ئێستادا هیچ بەراوردێك لەنێوان پەروەردەی دوێنێ و ئەمڕۆی نەوەكاندا ناكرێت و جیاوازی نێوانیان ئاسمان ڕێسمانە. كەواتە پەروەردەی نەوەكانمان لەژێر هەڕەشەی پاشەكشە و لەناوچوونی حەتمی دایە. 
بێگومان ئەمەش بەرپرسیارێتی هەموولایەكە، بە خێزان و كۆمەڵگاشەوە، دوای هەمووانیش مامۆستا دێت، چونكە مامۆستا لەئێستادا بە كۆمەڵێك یاسا و ڕێسای پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی پابەند كراوە و ناتوانێت بیان بەزێنێت، ئەمەش بواری پەروەردەكردن و كۆنتڕۆڵكردنی هەڵسوكەوت و ڕەفتاری نەوەكانی بەرتەسك كردۆتەوە. 
پێشم وانییە بەو بارودۆخە پڕ لە قەیرانە هەمەجۆرە دەستكردانەی وڵاتی ئێمەی نوقمی نائومێدی كردووە، هەر وازوو پەروەردە ئاسایی بێتەوەو نەوەكان بەجۆرێك پەروەردە بكرێنەوە كە ئامانجە پەروەردەییەكان بێنەدی.
ماویەتی

 

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا