خوێندنەوەیەکی ئایینیی مەقاسیدیانە


 
مەلا ئیدریس ژاڵەیی

بەشی دووەم 

لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی زانستییەوە ناوی حیزب بە تەنها بەڵگەی تەواوی پابەندبوون یان پابەند نەبوونی بە بنەما ئایینییەکان نییە! هەروەها نەبوونی پاشگری "ئیسلامی" بۆ ناوی حیزب و ڕێکخراوەکان بەڵگەی بێباوەڕی یان دژایەتیی ئایین نییە.
بێگومان گروپ یان حیزبێک دەتوانێت بۆ چاوەڕاو یان فریودان ناوی ئیسلامی هەڵبژێرێت دەشکرێت کردارەکانی پێچەوانە بێت لەگەڵ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵک دا!
لە بەرامبەردا دەکرێت حیزب یان ڕێکخراوێکی ئەم کوردستانە ناوی ئایینی بۆ خۆی دانەنابێت بەڵام لە سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری، پاراستنی ژیان، کەمکردنەوەی هەژاری، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی ئایینداری دەستی باڵای هەبێت، هەرچەند ناشکرێت لەمەوە ئەنجام گیری بکەین کە کردارێکی خزمەتگوزاری بە تەنها بەڵگەی تەواوی دروستیی ئایدیۆلۆژیا یان پابەندبوون بە شەریعەتە! هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە پێویستی بە کۆکردنەوەی هەموو بەڵگەکان هەیە وەک بەرنامە، کردار، شێوازی بەڕێوەبردن، پاراستنی ماف و مامەڵە لەگەڵ کەمینەکان .
لەبەر ئەوە پێویستە هەڵسەنگاندنی ڕێکخراو و حیزبەکان لەسەر بنەمای ئەم پێوەرانە بێت:
خەبات و قوربانیدان و ڕوبەڕوبونەوەی ستەم و ستەمکاران ، 
پابەندبوون بە دادپەروەری و سەروەری یاسا،
پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ،
پاراستنی مافی ئاینداری و ئازادیی بیر و باوەڕ لە چوارچێوەی ماف و یاسادا
پاراستنی ماڵ و سامان و مافی خاوەندارێتی،
پاراستنی خێزان و نەوە و منداڵان و مافەکانیان.
کەمکردنەوەی هەژاری و دابینکردنی پێداویستیەکان،
بەرپرسیارییەتی و ڕوونی لە بەڕێوەبردن.
خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی بەبێ جیاکاریی حیزبی و ئایدیۆلۆژی،
ئەم پێوەرانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن لە سنووری دروشم و ناوەکان تێبپەڕێت و بگاتە ئاستی کردار و ئەنجامی ڕاستەقینە.
شەشەم
مەقاسیدی شەریعەت و پاراستنی بەرژەوەندیی مرۆڤەکان
مەقاسیدی شەریعەت یەکێکە لە گرنگترین چوارچێوە زانستییەکان بۆ تێگەیشتن لە ئامانجە گشتییەکانی حوکمە ئیسلامییەکان! لە وەبەرهێنانەکانی زانایانی موسڵمان لە ئوسوولی فقهدا:  پاراستنی ئایین، ژیان، عەقڵ، نەوە و سامان 
وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مەقاسید باس کراون، زانایانی دواتریش زیاتر بایەخیان بە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم مەقاسیدانە و دادپەروەری و چاکسازیی کۆمەڵایەتی داوە.
لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا گرنگیی مەقاسیدی شەریعەت لەوەدایە کە تەنها بە ناوی بەرنامە و ڕێکخراوەکانەوە  نا وەستێت بەڵکو لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئەو بەرنامە و کردارە تا چی ئەندازەیەک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی مرۆڤ و ڕێگریکردن لە زیان و ستەم یارمەتی دەرن :
۱. پاراستنی ئایین و مافی ئایینداری:
پاراستنی ئایین تەنها بە دروشمی ئایینی یان زیادکردنی ناوی ئیسلامی لەسەر دامەزراوەکان بەدی نایەت! پێویستە ژینگەیەک دروست بکرێت کە تێیدا خەڵک بتوانن بە ئازادی و ئارامی ئایینداری بکەن و لە چوارچێوەی ماف و یاسادا ئایینی خۆیان بپارێزن.
دامەزراوە ئایینییەکان کاتێک کاریگەرییەکی ئەرێنییان دەبێت کە ببنە ناوەندی پەروەردە و ئەخلاق و خزمەتگوزاری و چاکسازی، نەک مەیدانی ڕق و ناکۆکیی حیزبی و گرووپ و پێڕبازی. 
٢. پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ:
پاراستنی ژیان لە گرنگترین مەبەستەکانی شەریعەتە، هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدرێت دەبێت لە خزمەتی ژیان و کەرامەتی مرۆڤدا بێت و ڕێگربێت لە خوێنڕشتن و توندوتیژی!
مێژووی مەزڵومیەتی کوردستان بە تایبەتی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و کوشتوبڕی هاووڵاتییان ئەوەمان پێدەڵێت کە پاراستنی ژیان و کەرامەتی کورد و ئاسایشی نەتەوەییمان هەرگیز نابێت ببێتە بابەتێکی لاوەکی لە گفتوگۆی سیاسی و ئایینیدا!
هەرچەندە  نابێت ئەزموونی ئازار و ستەم ببێتە هۆی دروستکردنی دوژمنایەتییەکی نوێ لە گەڵ نەتەوەکاندا بەڵام دەکرێت وانەیەک بێت بۆ یەکڕیزی و ڕەتکردنەوەی ستەم و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر.
۳. پاراستنی عەقڵ و ئاوەز :
پەروەردەی دروست و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و توانای جیاکردنەوەی زانیاریی ڕاست لە ساختە بنەمای کۆمەڵگەیەکی هۆشیارە! 
کاتێک دروشمە ئایینی و حیزبیەکان  جێگەی گفتوگۆی زانستی دەگرنەوە خەڵک لە بەرامبەر زانیاریی نادروست و دروشمی عاتیفی و هەستیارانەدا لاواز دەبن!
لەبەر ئەوە ڕۆشنبیران و دامەزراوە پەروەردەییەکان وزانایانی ئایینی و مامۆستایان دەبێت هاوکار بن بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان بە هزر و ئاوەز .
٤. پاراستنی خێزان و نەوە :
کێشە ئایینیە سیاسییەکان دەبنە مەترسییەکی کۆمەڵایەتی کاتێک کە منداڵان و نەوەکانیش بەهۆی ناکۆکیی نێوان گەورەکانەوە تووشی ڕق و دابڕان دەبن!
پێویستە پەروەردەی منداڵان لەسەر ڕێزگرتن لە جیاوازی و دادپەروەری و هاوکاری و خزمەتکردنی کۆمەڵگە بێت! نابێت منداڵ بەهۆی ئایین یان حیزبایەتی باوانی یان جیاوازیی سیاسیی خێزانەکەی تووشی سووکایەتی و جیاکاری ببێتەوە!
٥. پاراستنی سامان و بەرژەوەندیی گشتی
بەکارهێنانی سامان و دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و پشتگوێخستنی پێویستیی خەڵک پێچەوانەیە لەگەڵ چەمکی دادپەروەری و بەرپرسیارییەتیدا!
لەبەر ئەوە هەر ڕێکخراو و دەسەڵاتێک دەبێت لە بەڕێوەبردنی سامان و دابەشکردنی دەرفەتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پابەندی دادپەروەری و ڕوونی"شەفافیەت " بێت، یارمەتیدانی هەژاران و نەخۆش و  بێبەشکراوان و کەسانی پێویست بە یارمەتی دەبێت لە بنەمای ماف و مرۆڤایەتییەوە بێت نەک بە مەرجی پابەندبوون بە حیزب یان گروپێکی دیاریکراو .
حەوتەم
مێژووی کوردستان و زەرورەتی خوێندنەوەیەکی دادپەروەرانە 
لە خوێندنەوەی مێژووی گەلی کورددا پێویستە جیاوازی لە نێوان ئایدیۆلۆژیای ڕێکخراوەکان و هەڵوێستی تاکەکەسەکان و ئەنجامی کردارە مێژووییەکان بکرێت.
لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی کورددا ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکان بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیا و شێوازی جیاواز لە هەندێک قۆناغدا هەوڵیان داوە . 
وەڵامی پرسی نەتەوەیی و ماف و ئازادی و ڕزگاریی گەل بدەنەوە!  هەندێک لەوانە پەیوەندییان لەگەڵ بیرۆکە و ڕێبازە جیاوازە ئایدیۆلۆژیکییەکان هەبووە بەڵام هەڵسەنگاندنی ئەم ئەزموونانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی مێژوویی و بەڵگەی پشتڕاستکراو هەیە! لە هەمان کاتدا نابێت بەرپرسیارییەتیی تاکەکەسەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ هەموو ئەندامانی ڕێکخراوێک بگوازرێتەوە  هەروەک چۆن نابێت خزمەتێکی باشی تاکەکەسێک ببێتە هۆی پشتگوێخستنی هەڵە و پێشێلکارییەکانی.
هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە دەبێت ئەم پرسیارانە لەبەرچاو بگرێت: ئەو ڕێکخراوە چ خزمەتێکی بەم گەل و نیشتمانە کردووە؟
لە پاراستنی ژیان و ماف و کەرامەتی هاووڵاتییاندا چ ڕۆڵێکی هەبووە؟
لە بوارەکانی پەروەردە و خزمەتگوزاری و یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیاندا چ ئەنجامێکی بەدەست هێناوە؟
ئایا کردارەکانی لەگەڵ بەرپرسیارییەتی دادپەروەری و پاراستنی مافەکاندا یەکدەگرنەوە؟
ئایا بیرۆکەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوە هەڵەکان و چاککردنی سیاسەتە نادروستەکان لەناو ئەو ڕێکخراوەدا هەیە؟
ئەم شێوازی هەڵسەنگاندنە لە یەک کاتدا ڕێگە بە ناساندنی کارە باشەکان دەدات و دەرفەتی ڕەخنەی زانستی و دادپەروەرانەش دەپارێزێت.
هەشتەم
پەروەردە و خزمەتگوزاری! پردی پەیوەندی لەنێوان ئایینداری و کۆمەڵگە
لە کوردستاندا مزگەوت و تەکیە و خانەقا و مەجلیسەکانی خوێندنی قورئان  و وانەکانی ئاداب و ڕەوشتە ئایینیەکان و کاری دامەزراوە خێرخوازییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەروەردەی ئایینی و یارمەتیدانی کۆمەڵگەدا هەیە و هەتا ئەم دامەزراوانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاکاری کار بکەن دەتوانن ببنە یارمەتیدەرێکی باش بۆ پەیوەندیی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە!
یارمەتیدانی هەژار و مەحرومان و سەردانی نەخۆشان و پشتیوانی لە خوێندکاران و هاوکاریی 
مامۆستایان، ئەمانە هەموویان دەتوانن بەشێک بن لە پڕۆژەیەکی گشتی بۆ چاکسازی و پەرەپێدانی کۆمەڵگە! بەڵام پێویستە ئەم خزمەتگوزارییانە لە هەموو جۆرە قۆرخکاری و بەکارهێنانی سیاسی بپارێزرێن و مافی هەژار و نەخۆش و خوێندکار نابێت بە پابەندبوون بە حیزبێکەوە ببەسترێتەوە ! هەروەها نابێت ئەم کار و چالاکیانە ببنە ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگ یان دروستکردنی وابەستەیی حیزبی و سیاسی!
ئایینداریی ڕاستەقینە یان ڕۆحی ئایین تەنها لە دروشم و هێمای دەرەوەدا کورت نابێتەوە! بەڵکو لە ڕاستگۆیی و ئەمانەتداری و دادپەروەری و میهرەبانی و خزمەتکردنی خەڵکدا دەردەکەوێت.
نۆیەم
چاکسازی لەبری شەڕەدەنووک و دوژمنایەتی! ئەرکی زانایانی ئایینی و ڕابەرانی سیاسی زانایانی ئایینی و ڕابەرانی کۆمەڵایەتی دەتوانن ڕۆڵێکی بنەڕەتی کارا لە کەمکردنەوەی ناکۆکی و بەهێزکردنی متمانەی گشتی بگێڕن! ئەمەش پێویستی بەوە هەیە کە ڕەخنە و ئامۆژگاری لەگەڵ ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤدا کۆبکرێنەوە! 
لەم کۆمەڵگەیەدا کە تێیدا ناکۆکیی سیاسی و حیزبی بە درێژایی ساڵان کۆمەڵێک برینی کۆمەڵایەتی دروست کردووە پێویستە ڕێبازێکی نوێ بگیرێتەبەر! ڕێبازێک لەسەر بنەمای گفتوگۆ و چاکسازی و دادپەروەری و هاوکاری بنیات نرابێت.
ئەم ڕێبازەش دەکرێ لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە جێبەجێ بکرێت:
یەکەم: بەهێزکردنی کولتووری گفتوگۆ، پێویستە ناکۆکییەکان بە گفتوگۆی ئارام و بەڵگە و ڕاوێژ چارەسەر بکرێن نەک بە تۆمەت و دروشمی توند .
دووەم: جیاکردنەوەی ڕەخنە لە بریندارکردنی کەرامەت ، ڕەخنە لە بەرنامە و کردار دەگیرێت! کاری کردەنی نییە  ببێتە هۆی سووکایەتی و پێشێلکردنی مافی تاکەکەس .
سێیەم: پشتیوانی لە کردارە چاکەکان،
هەر هەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی ماف و کەمکردنەوەی هەژاری بێت، دەبێت دادپەروەرانە هەڵبسەنگێندرێت و هان بدرێت. 
چوارەم: ئامۆژگاریی دڵسۆزانە،
ڕوودانی هەڵە لە لایەن کەسێک یان ڕێکخراوێکەوە ئاساییه بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت بە حیکمەت و ئاوەز و ڕاوێژ ڕاست بکرێتەوە، لە هەندێک باریشدا ئامۆژگاریی تایبەت دەتوانێت لە بڵاوکردنەوەی هەڵە "شایعەکردن"و دروستکردنی ناکۆکی کاریگەرتر دەبێت، هەرچەندە ئەمە نابێت ببێتە بیانوو بۆ شاردنەوەی گەندەڵی و ستەم یان پێشێلکارییە گشتییەکان.
پێنجەم: پاراستنی دامەزراوە ئایینییەکان لە ململانێی حیزبی!
مزگەوت و ناوەندەکانی پەروەردەی ئایینی دەبێت شوێنی زانست و پەرستش بن مەشخەڵی چاکسازی و پێکەوە ژیان بن نەک شوێنی دووبەرەکی و دابەشکردنی کۆمەڵگە.
شەشەم: بەرپرسیارکردنی دەسەڵات و ڕێکخراوەکان!
چاکسازی تەنها ئەرکی تاکەکەس نییە، دامەزراوە سیاسییەکانیش بە پلەی یەکەم دەبێت بە کردار پابەندی دادپەروەری و پاراستنی ماف و خزمەتگوزاریی گشتی بن و لە بەرامبەر هەڵەکانیان بەرپرسیاریەتی مێژوویی  و لە ئەستۆیاندایە دەبێت 
خۆیان بە بەرپرسیار بزانن .

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا