
نووسینی/ زیرەک کەمال
کاتێک فیرعەون خۆی و لەشکرێکی بێئەژمار و زەبەلاح لە میسرەوە دەگاتە عێراق و لە کەناراوەکانی فرات بارگەوبنەی دەخات، فیرعەون کە چاوی بە ڕووباری فورات دەکەوێت، ڕوو لە دەست و پێوەندەکانی دەکات و دەڵێت: «ئەو ڕووبارە بەهەڵە دەڕوات! بۆیە پێویستە ڕێڕەوەکەی ڕاست بکەینەوە!» چونکە فیرعەون لە ژیانیدا تەنها ڕووباری نیلی بینیبوو، ئەویش پێچەوانەی هەموو ڕووبارەکانی جیهان بەرەو ژوور دەڕوات، بۆیە پێی وابوو فورات بە هەڵە دەڕوات. دواتر بەرەو باشووری عێراق بەڕێدەکەوێت، هەردەم لەو کاتەدا گەرمایەکی جاڕسکەر و تاقەتپڕوکێن ئەو دەڤەرەی گرتبووەوە. فیرعەون لە هاووڵاتییەکی ناوچەکە دەپرسێت: «ئێوە چۆن لەو گەرمایە هەڵدەکەن؟» هاووڵاتییەکە دەڵێت: «قوربان، ئەوە گەرمای خورمایە.» کە فیرعەون گوێبیستی ئەو قسەیە دەبێت، ڕوودەکاتە پیاوەکانی و دەڵێت: «مادام وایە، بۆ ئەوەی ئەو گەرمایە نەمێنێت، هەرچی زووە و بەپەلە هەرچی دارخورمایە بیبڕنەوە!»
دەڵێن سەردەمانێک لە وڵاتێکی ئەو سەری هەسارەیەش، بێکاری وەکو پەتایەکی ترسناک بڵاوبووەوە، هەژاری بە شێوەیەکی ترسناک تەشەنەی کرد، برسییەتی و سەختگیریی ژیان دەستی لە بیناقاقای خەڵک گیر کردبوو، وەکو کابووس و مۆتەکە چۆکی لەسەر گوند و شار دادابوو، خەم و دەردوناسۆری و نائومێدی، تەمێکی ڕەش باڵی خۆی بەسەر ڕوخساری خەڵک و تەواوی مەملەکەتدا کێشابوو. ڕوو لە هەر کوچە و کۆڵانێک بکردبا، لە بەردەرگە و مەجلیس و دیوەخان و لەناو کێڵگە و ڕەز و بیستان و لەناو ماڵان و لە سەر سەکۆی مزگەوتەکان، باس هەرباسی خراپیی حوکمڕانی و کاروباری ئیداری و بەڕێوەبردنی وڵات بوو. دواتر هۆشیاریی کۆمەڵگا و رای گشتی گەشەی کرد و هەربۆیەش ڕەخنە و ناڕەزایی و گلەیییەکانی کۆمەڵانی خەڵک وردە وردە هەمووی ڕوویان لە سوڵتان کرد و ئەویان بە هۆکاری ئەو کارەسات و پاشاگەردانییە دەزانی. هەربۆیەش سوڵتانی مەملەکەتی واق واق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بێکاری و دەردەسەری و برسییەتی و قاتوقڕییە، ڕووی لە خەڵک کرد و بڕیاریدا ژمارەی زیندانەکان و پاسەوانەکانی کۆشک زیاتر بکات.
هەڵبەت فیرعەون نەیتوانی ڕێڕەوی ڕووباری فرات بگۆڕێت و نەشیتوانی بە بڕینەوەی دارخورما گەرما نەهێڵێت، دەشڵێن کە برسییەتیش گەیشتە کۆشکی مەملەکەتی واق واق، یەکسەر پاسەوانەکانی کۆشک، پشتیان کردە ئەو کەسەی بە بیانووی گەرما هەموو دارخورماکانی بڕیەوە و دەشیویست ڕێڕەوی ڕووباری فرات بگۆڕێت.
