
کابینەی نوێی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، قۆناغێکی جیاوازی لە مێژووی سیاسی و دارایی وڵاتەکەدا دەستپێکردووە. لە ئێستادا پاکتاوکردنی دامەزراوەکان لە دیاردەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی سامانی گشتییان بەهەدەر داوە، بووەتە باسی گەرمی ڕای گشتی و میدیا جۆراوجۆرەکان. ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە ئومێدێکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی خولقاندووە، بە شێوەیەک کە تەواوی لایەنە کاریگەرەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم ڕێڕەوە دەربڕیوە بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو سەرمایانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی سنوورەکان بگێڕدرێنەوە. ئەم دەستپێشخەرییە ستراتیژییە تەنیا چاکسازییەکی کاتی و ڕووکەشی نییە، بەڵکو وەک بناغەیەکی پتەو سەیر دەکرێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانەی لەدەستچووی نێوان هاووڵاتیان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت. هاوكات، پسپۆڕانی بوارەکە پێیان وایە کە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و جێگیرکردنی سەقامگیری لە بازاڕەکانی وڵاتدا. هەر بۆیە، لێکۆڵەرانی سیاسی ئەم وێستگەیە وەک پێوەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئیرادەی جددی حکومەت دەبینن، لەپێناو کۆتاییهێنان بەو کێشە درێژخایەنەی کە بارودۆخی گشتی شێواندووە.
چەسپاندنی سەروەریی یاسا لەبەردەم داوەریی ڕای گشتیدا
عەلی زەیدی لە یەکەمین گوتاری فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند، کە گەشەپێدانی باری گوزەرانی هاووڵاتیان و چاکسازی ئابووری، هاوتەریب دەبێت لەگەڵ بڕینەوەی ڕەگی پێشێلکارییە داراییەکان. ناوبراو لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنکارانی عێراق داوای لێکردن هاوکاربن لە ئاشکراکردنی مەلەفە شاراوەکان و خستنەڕووی بەڵگەنامەکان، تا ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر. هاوکات سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی پاشخانی پیشەیی لە کەرتی بانکی و بازرگانیدا، شارەزاییەکی تەواوی لەسەر تەکنیکی کارکردنی سەرپێچیکاران هەیە و بێ چاوپۆشی، سەرجەم تۆمەتباران ڕادەستی لایەنە دادوەرییەکان دەکات. لەو چوارچێوەیەشدا، ڕاپۆرتە میدیاییە عەرەبییەکان تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە سەرۆکی نوێی حکومەت لەبەردەم جەنگێکی قورسدایە دژ بە ئیمپراتۆریەتێکی فراوانی سەرپێچی دارایی. لە کاتێکدا پێشتر ئامارەکانی پێشوو باسیان لە ونبوونی سەد و پەنجا ملیار دۆلار دەکرد، بەڵام پێشبینییە نوێیەکان دەریدەخەن کە بڕی سەرمایەی بەهەدەرچوو لە ڕێگەی گرێبەستە گوماناوییەکانەوە سێسەد ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە؛ لێکەوتەی ئەم قەبارە گەورەیەش وایکردووە کە بنبڕکردنی ئەم دۆسیە ئاڵۆزە ببێتە گرنگترین کارنامەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. چونکە بەبێ هێنانەدی ئەم ئامانجە، چاکسازییە ئابوورییەکان هیچ بەهایەکی مەیدانییان نابیێت. لەرێگەی ئەم وەستگەیەشەوە، ئیرادەی ڕاستەقینەی حکومەت بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا دەکەوێتە بەردەم داوەریکردنی ڕای گشتی.
سەدەیەک بەڵگەنامە لەسەر مێزی سەرۆک وەزیران
ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە مەلەفی پاکسازی دارایی، لە ئێستادا لە پێشەنگی ئەو بابەتە جدیانەیە کە لەسەر مێزی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران جێگیر کراوە. بۆ سەرخستنی ئەم ئامانجە، عەلی زەیدی نزیکەی هەزار دۆسیەی جۆراوجۆری لەسەر بەرپرس و تاقمە تۆمەتبارەکان ڕێکخستووە؛ لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی ناو ئەم بەڵگەنامانەش تەنیا لە چوارچێوەی ناوخۆی وڵاتدا قەتیس نەماون، بەڵکو لە ڕێگەی بازرگانانی جیهانی و دامەزراوە بانکییە نێودەوڵەتییەکانەوە کۆکراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ناوبراو پاڵپشتییەکی گەورەی هەرێمی و ناوخۆیی بۆ ڕێڕەوی چاکسازی بەدەستبهێنێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەم پلانە ستراتیژییە، دەستەی دەستپاکیی عێراق بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەر، لە ههنگاوی یهكهمدا، توانیان شەش فەرمانبەری خاڵە گومرگییەکان بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل دەستبەسەر بکەن و ڕووبەڕووی یاسایان بکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە لە سەرەتای دیاریکردنی عەلی زەیدی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت ڕەخنەی کەمئەزموونی و بێبەرنامەیی لێدەگیرا، بەڵام دوای ئاشکراکردنی کەیسی عەدنان جومەیلی، یاریدەدەری پێشووی وەزیری نەوت، پێگەی سیاسی ناوبراو سەنگێکی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینی و متمانەی هاووڵاتیانی بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بەدەستهێنا.
ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی بەرامبەر تۆڕی دەستەگەری
کارنامەی عەلی زەیدی تەنیا لە چوارچێوەی کەیسی تاکەکەسی نەماوەتەوە، بەڵکو پەرەی سەندووە بۆ پلانێکی گشتگیر و بێوێنە. لەم ڕوانگهیهوه: «ئەنجومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاکی و چاودێری و وەرگرتنەوەی پارەی گشتی»، هێنراوەتە کایەوە؛ ئەم دامەزراوە نیشتمانییە، بەدواداچوونی ورد بۆ تەواوی گرێبەستە فەرمییەکان دەکات و سەرجەم ئەو دۆسیانە دەستنیشان دەکات کە گومانی نایاساییبوونیان لێدەکرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنگری حزبی یان پێگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان. کاریگەریی ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی چەسپاندنی چەمکی سەروەریی یاسا و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ قۆرخکاری لە کەرتی گشتیدا. بەڵام کۆتاییهێنان بەم مەلەفە ئاڵۆزەی کە چەندین ساڵە عێراقی ماندوو کردووە، پێویستی بە بەردەوامی و خواستێکی پۆڵایین هەیە. ئەو هەنگاوانەی لە ئێستادا دەبینرێن، نیشانەی سەرەتایەکی ئەرێنین بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە تەنگژەی دارایی و بەهەدەردانی سامان. سەرکەوتنی تەواوەتی ئەم کاروانە، بەندە بە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێگریانەی کە لەوانەیە لە داهاتوودا لە لایەن گروپە زیانمەندەکانەوە بخرێنە بەردەم ئەم کابینە نوێیە. هەر بۆیە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە هۆشیارییەکی گشتی و هاوکاریی ڕاستەقینەی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن هەیە بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە. لە کۆتاییدا، تەنیا کات دەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئایا ئەم شۆڕشی چاکسازییە دەگاتە ئامانجی کۆتایی خۆی یان لەژێر گوشاری هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکان و تۆڕەکانی گەندەڵیدا پاشەکشە دەکات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنیا ململانێیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو نەبەردییەکە لە دژی دەستەگەرییەک کە ساڵانێکە .جومگەکانی ئابووری و سەرمایەی وڵاتیان بەتاڵان بردووە. هەر بۆیە ئەگەر ئیرادەی یاسایی ڕووبەڕووی ئەم گوشارانە نەبێتەوە، ئاستەنگەکان دەبنە ڕێگر لەبەردەم ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتدا. لەبەر ئەوە، ئایندەی ئەم چاکسازییە بەندە بە ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو لایەنانەی کە مانەوەیان لە لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا دەبیننەوە.
