ڕێگای كوردستان 


دوای دروستبوونی ناکۆکییەکی توند لەسەر ڕێکارەکانی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر ناحیەی جەرف سەخەردا، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەجێهێشت، هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەستیان پێکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ئەلحەدەس، کۆبوونەوەی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە نووسینگەی هومام حەموودی لە بەغدا، کە تێیدا پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و بژاردەی سەربازی تاوتوێ دەکرا، گرژیی توندی بەخۆیەوە بینى. سەرۆک وەزیران ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوتی خستەڕوو و دووپاتی کردەوە کە تێوەگلانی "کتائیبی حزبوڵا" سەلمێنراوە، جەختیشی کردەوە کە مۆڵەتی چۆڵکردنی ناوچەکە ڕۆژی هەینی کۆتایی دێت و بەبێ پاشەکشە دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی ناحیەکەدا دەسەپێنرێت.
لە بەرامبەردا، هادی عامری و ئەبو ئالا ئەولەدائی دژی بژاردەی سەربازی وەستانەوە و هۆشدارییان دا، ئەمەش بووە دەمەقاڵێ و کشانەوەی سەرەتا هادی عامری و پاشان سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکە. سەرەڕای ئەم گرژییانە، زۆرینەی سەرکردەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕێکارەکانی حکومەت دەربڕی، بەڵام بەیاننامەی فەرمیی کۆبوونەوەکە تەنیا ئاماژەی بە پرسی بودجە و سەردانی شاندی سلێمانی کرد.
لەسەر زەوی، سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لە سێ دەروازەدا (تەحریر لە موسەیەب، بەهبەهان لە کەربەلا، و پردی فازڵییە لە یوسوفییە) بۆ گەمارۆدانی جەرف سەخەر بڵاوەیان پێکراوە، و لە بەرامبەریشدا هێزی پشتیوانی گەیشتوونەتە کتائیبی حزبوڵا.
لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر عبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە چوونەژوورەوەی سوپا کردووە. لە بەرامبەردا، کتائیبی حزبوڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو کۆگایانەی لە ناوچەکەدا هەن تەنیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان تەرخان کراون.
سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکان، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە شاندێکی ئێرانی گەیشتووەتە بەغدا، هاوشانی پێشنیارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کشانەوەی کتائیبی حزبوڵا و جێگیرکردنی لیواکانی عەتەبەی حەشدی شەعبی. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ئەلحوڕە، إسماعیل قاآنی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە سەردانەکانیدا جەختی لە چاره‌سه‌ری سیاسی کردووەتەوە و هێڵی سووری لەسەر ڕادەستکردنی چەک کێشاوە.

 

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا