
مووچەی ۷ ملیۆنی تەنها سەرەتایە و ئیمتیازاتەکان ملیۆنان دیناری تر دەخەنە سەر
لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی پۆستی وەزیر لە عێراقدا بە ٧ ملیۆن دینار دیاری کراوە، بەڵام بەراورد بە داتاکانی خەرجیی فەرمی و بودجەی تەرخانکراو، داهات و خەرجیی مانگانەی هەر وەزیرێک زۆر لەو ژمارەیە تێپەڕ دەكات و دەگاتە دەیان ملیۆن دینار، ئەمەش بەهۆی ئەو ئیمتیازاتە زەبەلاحانەی بە پۆستەکەوە گرێدراون.
وردەکاریی داهات و خەرجییەکانی مانگانەی وەزیر:
مووچە و دەرماڵەی بنەڕەتی:
مووچەی بنەڕەتیی مانگانەی وەزیر ٤ ملیۆن دینارە و دەرماڵەی پۆستەکەی ٣ ملیۆن دینارە، کە کۆی گشتیی ئەم دوو بڕگەیە پێکەوە دەکاتە ٧ ملیۆن دیناری عێراقی.
دەرماڵەی میوانداری و خەرجییەکانی نووسینگە:
مانگانە بڕە پارەیەکی گەورە لە خەزێنەی دەوڵەت وەک مۆڵەتی میوانداری و خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی نووسینگە بۆ وەزیر تەرخان دەکرێت، کە بە تێکڕا لە نێوان ٥ بۆ ١٠ ملیۆن دیناردا خەمڵێنراوە و بەبێ هیچ لێبڕینێک دراوە.
تیمی پاسەوان و پاراستنی تایبەت:
هەرچەندە پاسەوانەکان لەسەر میلاکی هێزە ئەمنییەکانن، بەڵام بوونی دەستەیەک لە پاسەوان، ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی گرانبەهای پڕۆتۆکۆڵ کە خەرجیی بەنزین و چاککردنەوە و دابینکردنیان لەسەر ئەستۆی دەوڵەتە، بە سەدان هەزار دۆلار لە ساڵێکدا تێچوویان دەبێت.
خەرجیی گەشت و دەرماڵەی مۆڵەتی دەرەوەی وڵات:
لە کاتی ئەنجامدانی سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات، وەزیر جگە لەوەی سەرجەم خەرجییەکانی فڕۆکە و هۆتێل و پڕۆتۆکۆڵ لەسەر حیسابی دەوڵەتە، دەرماڵەی روژانەی، زۆر گەورەی بە دۆلار بۆ خەرج دەکرێت.
