
🔻ئەمریکا هێزی زیاتر ڕەوانە دەکات
🔻ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات
گرژیەکانی نێوان واشنۆن و تاران بەرەو قۆناغێکی ئاڵۆزتر دەچێت، هاوکات لەگەڵ چڕکردنەوەی جووڵە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی بژاردەی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، تاران خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا ئامادە دەکات.
لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)،لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە ئاشکرای کردووە، وەزارەتی شەڕی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەستی کردووە بە ڕەوانەکردنی سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، لەگەڵ کەشتیی جەنگیی زیاتر کە هێزەکانی پیادەی دەریایی (مارینز)یان هەڵگرتووە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ژمارەی ٩ هەزار تا ١٠ هەزار سەرباز زیاد بکات.
لە بەرامبەردا، تاران پلانە مەیدانییەکانی خۆی بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا پێداچوونەوە پێدا دەکات، هەروەها دیراسەی فراوانکردنی ژمارەی ئامانجەکانی دەکات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هورمز، کە ڕاپۆرتەکان باس لە هێرشی دووبارەی ئێران دەکەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کەشتیەکی نەوت لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا تووشی هێرش بووە. لە هەمان کاتدا ئێران بۆ یەکەمجار بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجگرتنی چەند شوێنێک لەگەرووەکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش ڕەهەندێکی نوێ دەبەخشێتە ئاڵۆزییە هەڵکشاوەکان لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهاندا.
