​ڕاپۆرت/ هاوڕێ کرێکار


​لە ئەنجامی ڕێکنەکەوتن و نەگەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێنانەکایەی دروستبوونی دوو ئیدارەیی هاتووەتە ئاراوە؛ کادیرێکی پارتی یەکێتی تاوانبار دەکات و یەکێتییەکیش هەردوو حزب بە هۆکار دەزانێت، حزبی شیوعیش پێی وایە دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان سەرەتای قەیرانێکی قووڵترە و سەرهەڵدانی ململانێیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستووری و یاساییەکەی.

حزبی شیوعی: مەترسی دوو ئیدارەیی قەیرانەکە قووڵترە دەکاتەوە 

​بۆ ئەمەش هیوا محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، دەڵێت: باسکردنی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان بە بۆچوونی ئێمە سەرەتای قەیرانێکی قووڵترە و سەرهەڵدانی ململانێیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستووری و یاساییەکەی. حزبە حکومڕانەکانی هەرێمی کوردستان تەنها بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی خۆیان و سەلماندنی پەیوەستبوونیان بۆ دۆستەکانیان و لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمایەتییە نەیارەکان لە لایەک، و لە لایەکی دیکەشەوە پیلانی نەیارانی هەرێمی کوردستانی تێدایە کە ئارەزووی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی دەکەن.
​وتیشی: لە دوو ئیدارەییدا شەڕ و ماڵوێرانی و کوشتن و براکوژی دێتە ئاراوە، ملکەچیی زۆرەملێ و دیکتاتۆریەت و گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو حزبی دێتە ئاراوە، جگە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو حزب بە فەرمی؛ بۆیە نەک قەیرانە بەستووەکان چارەسەر ناکات بەڵکو زیاتریش دەبێت، چونکە قەیرانەکان زادەی عەقڵییەتی لاوازی ئیدارەدان و بەحزبییکردنی هەموو کایەکان و شێواندنی سیماى ڕاستەقینەى دیموکراسی و پەیوەستبوون بە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و زیادبوونی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بایەخدان بە کەرتی تایبەت و فەرامۆشکردنی کەرتی گشتییە کە دێتە ئاراوە.
هیوا محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی و دوو زۆنییە و هەر ڕەوتێکی سیاسین کە بەو ئاراستەیە بڕوات، و بانگەوازی خەڵکی کوردستانیش دەکەین هۆشیارتر بێت و دەنگی هەبێت و هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆیان بنوێنن بۆ ئەوەی نەبنە یاریی سیاسیی نێوان کورسییەکان، و ستراتیژی ڕاستەقینەش پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.


​پارتی: یەکێتی تۆمەتباردەکات بە دوو ئیدارەیی 


​لە بەرامبەردا، ڕێبوار مستەفا، بەرپرسی ناوچەی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەلار، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی یەکێتی دەکات و دەڵێت:
​"سیاسەتی پارتی لەگەڵ فکری دوو ئیدارەییدا نەژیاوە. بەڵگەی زۆرمان لەبەردەستە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەمیشە بەم ئاراستەیە هەنگاو دەنێت بۆ چەواشەکردنی خەڵک. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، ئەوان سەرەتا پارتی بوون، بەڵام بە پلانی دەرەکی جیابوونەوە و ناوی خۆیان ناوە یەکێتی." 
​ڕێبوار مستەفا دەشڵێت: "زۆرجار بەشێک لە داهاتی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بۆ سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی ئەم زۆنە خەرجکراوە؛ ئایا یەکێتی ئەمەی بۆ هەولێر و دهۆک کردووە؟ لە لایەکی دیکەوە، چەندین پڕۆژەی حکومەت لەم سنوورە (گەرمیان) بڕیار و بودجەی بۆ دراوە، بەڵام گرفتی بۆ دروست دەکرێت و ناهێڵن جێبەجێ بکرێت."

​یەکێتی: دوو ئیدارەیی هەڕەشەیەکە کادیرانی خوارەوە باسی دەکەن

​حسێن عەزیز، کادیری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاماژە بە مێژووی ئەم کێشەیە دەکات و دەڵێت: "دوای شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو حکومەت، تەنانەت دوای پڕۆسەی ئاشتی و یەکگرتنەوەی حکومەتیش، هەڕەشەی دوو ئیدارەیی هەمیشە ماوەتەوە، چونکە هێشتا متمانەی تەواو لە نێوان هەردوو هێزەکەدا دروست نەبووە." 
​حسێن عەزیز زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو بەوەی 
هەردوولا یەکتر بە کەمترخەم دەزانن لە دابەشکردنی بودجە، خزمەتگوزاری و دامەزراندن.
وتی: دوو ئیدارەیی چەکێکە حزبەکان بەرامبەر یەک بەکاری دێنن؛ ئەگەر بە فەرمی لەلایەن سەرکردەکانەوە نەوترێت، لەناو بنکەی جەماوەریدا بە ئاشکرا باس دەکرێت.
پێیشی وایە خەڵک باجی دوو ئیدارەیی دەدات نەک حزبەکان؛ بۆیە بەبڕوای ئەو هیچ لایەنێک بۆی نییە بازرگانی بە خوێنی شەهیدانەوە بکات، بەڵکو دەبێت کار بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پێکەوەژیانی سیاسی بکرێت.


​ڕوانگەی هاووڵاتیان و لایەنەکانی دیکە: هەردوولا بەرپرسیارن لەو دۆخە 

​* کاروخ عومەر، مامۆستا و دانیشتووی قەزای کەلار، پێیوایە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا نییە و دەڵێت:
​"حکومەت لە باشترین دۆخیشیدا هەر دوو ئیدارەیی بووە؛ پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی سەروەت و سامانی هەرێم لە نێوان دوو زۆنەکەدا ڕێککەوتوون. حکومەت کراوە بە هۆکارێک بۆ شەرعیەتدان بە تاڵانی و هەردووولا هۆکارن. ئەوان کار بۆ بێبەهاکردنی دەزگا چاودێری و یاساییەکان دەکەن بۆ ئەوەی کەس لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکات." 
​* گۆران ڕەحیم، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان،یش دیدگایەکی جیاوازتری هەیە و دەڵێت:
​"هەرچەندە پەرتەوازەیی و دوورەپەرێزی لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکاندا هەیە و لەسەر ئاستی کرداری دوو زۆنی جیاواز هەن کە تێیدا بە جیاواز مامەڵە لەگەڵ دەروبەر دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی گەڕانەوەی فەرمی بۆ دوو ئیدارەیی بەدی ناکەم."
​گۆران ڕەحیم  پێیوایە کە چەندین فاکتەری ناوخۆیی، ناوچەیی و هەرێمایەتی هەن کە ڕێگرن لەوەی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا