
ڕێگای کوردستان
لە پێشهاتێکی ئەمنیی مەترسیدار و جێگەی نیگەرانییەکی قووڵدا، ئامارە نوێیەکان قەبارەی ئەو مەترسییە گەورەیە ئاشکرا دەکەن کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
بەپێی دواترین داتا و زانیارییەکان، لە ڕێکەوتی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕ و بەردەوامی هێرشە جۆراوجۆرەکان بووەتەوە کە بە تێکڕا ژمارەیان گەیشتووەتە ٣٠٧ هێرشی جیاواز.
ئەم هێرشە یەک لەدوای یەکانە کە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیان خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی زۆر جدییەوە، زیانی گیانیی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
بەهۆی ئەو بۆردوومان و پەلامارە بەردەوامانەوە، تا ئێستا ٨ کەس شەهید بوونە و هەروەها ٥١ کەسی دیکەش بریندار بوونە کە بەشێکیان پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن بەشەکەی تریان هاووڵاتیی مەدەنین.
بەردەوامیی ئەم دۆخە نالەبارە و زۆربوونی ژمارەی قوربانییان، کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و داوا دەکرێت بەپەلە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بنرێت و کۆتایی بە ئامانجگرتنی خاکی هەرێمی کوردستان بهێنرێت.
جگە لە هێرش و بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گروپه چەکدارە شیعەکانی عێراقیش کە لە ئێران نزیکن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە بەشێکی زۆری هێرش و بۆردومانەکان ڕاگەیاندووە.