
پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی کشانەوەی کوتلەی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ، هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا هات.
ئەم جیابوونەوەو دابەشبوونە بە بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە ناو جەستەی کوتلەی پاڵپشتیکاری سوودانی ناو دەبرێت، بەو پێیەی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکەی لە کۆی ٤٧ کورسییەوە بۆ تەنها ٢٧ کورسی دابەزیوە.
ئەم پاشەکشە گەورەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە خۆری سیاسیی سوودانی بەرەو ئاوابوون دەچێت و پێگەی لە ناو پەرلەماندا لاواز بووە.
لایەنە جیابووەوەکان سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی ئاودان و گەشەپێدان بە پێشێلکردنی بەڵێنەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن و تەسفیەی حیساباتی شەخسی تۆمەتبار دەکەن.
ئەم دابەشبوونە نوێیە، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی عەلی زەیدی، ئایندەی سیاسیی سوودانی خستووەتە بەردەم دۆخێکی قورسەوە. دروستکردنی فراکسیۆنێکی نوێی پەرلەمانی لەلایەن جیابووەوەکانەوە، گورزێکی کوشندەیە کە هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی نەیارە سیاسییەکانی دەگۆڕێت و کاریگەرییەکانی لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاتر دەردەکەون.
