ترسی و تۆقاندن وەکو ئاگرێکی بێ ئامان بەرببوە وڵات، بێکاری بەربینگی هەموومانی گرتبوو، برسییەتیەکی کوشندە یەخەی لەبەر هەموومان دادڕیبوو، قۆپچەی بە کراس و کورتەکی هیچمانەوە نەهێشتبوو، کارەبا نەبوو، خەڵکی بە دۆلکە و مەسینە بە دوای ئاودا دەگەڕان، کوشتن و ڕفاندنی نەیاری یەکتری لە لایەن جەنگاوەرانی شەڕی جوانکوژی لە چڵەپۆپە بوو، هەر ئەو شەڕە وەکوو مۆتەکە و کابووس و ئەژیدیهای حەوتسەر چۆکی لەسەر سینگی گوند و شار داکوتابوو. هەرچی لوتکەی چیا و گرد و یاڵی مەملەکەت هەبوو، هەرچی باڵەخانە و شوێنەبەرزەکانی شار هەبوو، بیکەیسی و قەنناس و دۆشکایەکی بە سەرەوەبوو، بە ڕاست و چەپدا تەقەیان دەکرد، شەوکووت و هەڵکوتانە سەرماڵان لە نیوەشەو و دەرکردن و ئاوارەکردنی نەیاری یەکتری لە لایەن هەردوو هێزی سەنگەر لە یەکدی گرتوو، وەکو پەتایەکی کوشندە تەشەنەی کردبوو، بێ هیوایی و نائومێدی هەموومانی گەیاندبووە سەر لێواری کەندەڵانی هەرەس و داڕمان، تەنانەت درەختەکانی سەرشۆستەی شەقام و حەوشەی ناوماڵانیش لە هەڕەتی وەرزی بەهاردا، یەکەیەکە گەڵاکانی خۆیان دەوەراند و قژی سەوزیان دەڕنیەوە.
من خۆم هیچیانم نەبینی، بەڵام بیستم کە شەوانە شەهیدانی وڵات دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و بە خەڵکیان دەگوت حەیف و مخابن بۆ بەفیڕۆچوونی خوێنی ڕژاومان و وەرینی گەڵای تەمەنمان. شەڕ، ئەو شەڕەی هەندێک کەس پێیان دەگوت خۆکوژی، بە جۆرێک وا ترسناک پەلوپۆی بۆ هەموو گوند و کوچە و کۆڵانەکانی شار هاویشتبوو، وزە و توانا و برستی لە یەکبەیەکی هەموومان بڕیبوو، کە وای لە هەموو خەڵکی وڵات کردبوو، هەوڵ بدەن نیشتمان بەجێ بهێڵێن. یەکەیەکەی گەنجانی وڵات، جانتای سەفەریان لەتەنیشت خۆیان دانابوو، لە دەرفەتێک دەگەڕان سێ بەردە لەدوای خۆیان بهاوێژن. ڕۆژێکیان لە گەرمەی شەڕە بێ ماناکاندا، (حوسە)ی برادەرم لە چوارڕیانێکی شار بینی، خۆی لە فیشەکدان ڕەق کردبوو، دیاربوو خۆی و کۆمەڵێک شەڕکەری تووڕە، ئەو شوێنەیان کردبووە سەنگەری تەقەکردن لە شەڕکەرەکانی لایەنی نەیاری خۆیان، لێی چوومە پێش و پێم گوت: کاکە حوسەی برا ئەو شەڕەی دەیکەن خراپە، کێشەی ئێمە شۆڤێنیزمی عەرەبە، بەڵام حوسە بە تووڕەییەوە گوتی: قسەی فەلسەفە و کتێبانم بۆ مەکە و پێشم مەڵێ برا، چونکە لای من برا ئەو کەسەیە شانبەشانی من تەقە لە حزبی بەرامبەرم بکات٠
ئێستاکە دوای چەندان ساڵ و هەوراز و نشێوی دیکە، حزبەکان شێوازی شەڕی ناوخۆیان گۆڕیوە و شەڕەکەیان بردوەتە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئاگادارم دیسان حوسە بە خۆی و کوڕەکانی خزاونەتە ئەو شەڕەوە، بە پارە شەو تا بەیانی لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر، خەریکی جنێوبارانکردنی خەڵکن. 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا