
ئه‌م پرسیاره بۆ ئه‌مڕۆمان، له جاران چاره‌نووسسازتره. ئه‌مڕۆ له هه‌موو لاوه به‌و ڕێنوێنییانه بۆردوومان ده‌كرێین كه چی بكه‌ین، چۆن گه‌شه‌بكه‌ین، چۆن سه‌ربكه‌وین و هتد. واته "گه‌شه‌پێدانی مرۆیی"، خۆی كردووه به خاوه‌نی ئه‌و پرسانه. پێده‌چێت ورده‌ورده ئه‌م پرسیارانه لێژببنهوه به‌ره‌و ناو ژیریی ده‌ستكرد. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ژیریی ده‌ستكرد ده‌بێته یه‌كێك له وه‌كیله‌كانی ئه‌ویتری گه‌وره و پرسی پێ ده‌كه‌ین، به‌ڵكو لهبهرئەوهی خودی ژیریی ده‌ستكرد قه‌یرانی بۆ چه‌مكێكی وه‌ك "گه‌شه‌ی سرووشتی" خوڵقاندووه.
گه‌شه‌ی سرووشتی، واته به په‌یژه و قۆناغه سرووشتییه‌كانی گه‌شه‌دا بڕۆیت، نۆرهبڕت نه‌كردبێت، ئه‌وه‌ی پێشینانی كه‌لتوری مرۆیی بڕیویانه تۆش بیبڕیت. گه‌ر ئه‌و گه‌شته به ڕه‌وتی سرووشتیی خۆیدا نه‌ڕۆیشتبێت، له جێیه‌كدا ته‌نگژه و به‌ربه‌ست بۆ بكه‌ره‌كه‌ی درووستده‌بێت. بۆ نمونه، گه‌ر سیاسییه‌ك به ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی سیاسه‌تدا نه‌ڕۆیشتبێت، نابێته به‌شێك له پرۆسه‌ی گه‌شه و ململانێكه. گه‌ر هونه‌رمه‌ندێك، ژانه‌كانی هونه‌رمه‌ندبوونی به‌پێی كۆی مێژووی هونه‌ر نه‌چه‌شتبێت، نابێته هونه‌رمه‌ندێكی ڕه‌سه‌ن. گه‌ر نوسه‌رێك به به‌رزی و نزمییه‌كانی بیركردنه‌وه، ژیان، و كه‌لتوردا تێنه‌په‌ڕیبێت ناگات به‌و ڕیزبه‌ندییه ناوه‌كییه‌ی بزانێت ڕه‌سه‌ن چیه و ناڕه‌سه‌ن چیه، ته‌نانه‌ت ساتی زهروورت تێناگات كه پاش ئه‌و پرۆسه‌یه دێته‌دی. زه‌رووره‌ت بۆ هه‌ریه‌كه له‌و بكه‌رانه، واته تێگه‌یشتن و ناوهكیكردنهوهی یاساكانی پێشینان، ڕێسا مرۆییه هاوبهشكردهكان، و سه‌ره‌نجامیش عه‌قڵی نیشتووی بن كه‌لتور.
گه‌شه‌ی سرووشتی ئه‌وده‌م ده‌گاته ئه‌نجام كه یه‌كێتییه‌ك له‌نێوان بكه‌ره‌كه و كایهكهیدا بڕسكێت، له‌نێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا یه‌كانگیرییه‌ك بخوڵقێت. یان به زمانێكی تیۆرییتر، فۆرم و ناوهڕۆك یه‌كانگیر بن. هه‌ر بكه‌رێكی كه‌لتوری، ئازاری كه‌لتوره‌كه‌ی نه‌چه‌شتبێت و نهیگۆڕیبێت بۆ فۆرمی كار ئه‌وا ناتوانێت له زه‌رووره‌ت تێبگات. زه‌رووره‌ت، واته پوخته‌ی ئازاری كه‌لتور خۆی ده‌بێته ڕێسایه‌ك و چاوه‌ڕێده‌كات كه‌سێك له فۆرمێكی ئهفرێنهردا بیری بخاته‌وه. به زمانێكی دی بیڵێین، گه‌شه‌ی سرووشتی ئه‌وده‌م ده‌ڕه‌خسێت كه مه‌ودای ناقۆلا له‌نێوان بكه‌ره‌كه و كاره‌كه‌یدا نه‌مێنێته‌وه. ده‌بێت كاره‌كه‌ی خۆی تا ئه‌و جێیه خۆشبوێت كه ئاماده‌بێت هه‌موو ژانه‌كانی ژینگه‌كه‌ی قبوڵبكات. ئه‌مه‌ش نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بگات به ئامانجه‌كه‌ی، به‌ڵكو وه‌ك پێشمه‌رجێكی په‌تی و بێمهرام. ده‌بێت ئه‌و كه‌سه بگاته دۆخێك، پیشه‌كه‌ی ببێته به‌شێك له له‌ش و گۆشتی. بواری خۆنواندن نه‌مێنێته‌وه. كه ده‌دوێت و ده‌نوسێت، بێ زۆرله‌خۆكردن ڕووبدات. كایه‌كه له گه‌رووی ئه‌وه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سرووشتی بێته‌ده‌رێ. تا ئه‌م یه‌كێتییه ڕوونه‌دات، گرفتێك ماوه هه‌رسنه‌بووه. هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌و ڕێسا دیالهكتییهكهدا كۆده‌بنه‌وه كه پێویسته چه‌ندێتی (الكمیة) بگۆڕێت بۆ چۆنیه‌تی (الكیفیة). واته شته‌كان كهڵهكهببن تاوه‌كو له نوختهیهكدا ءوهرگهڕێن بۆ شتێكی نوێتر (نمونه باوه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئاو تا نه‌وه‌ت و نۆ پله ده‌كوڵێت و له پله‌ی سهتهمدا ده‌بێته هه‌ڵم- واته ده‌گۆڕێت بۆ دۆخێكی نوێ). خۆی ئه‌م بهههڵمبوونه، گه‌رچی بۆ ڕووداوێكی فیزیكی به‌كارهاتووه، كه‌چی میتافیزیكه بۆ كه‌سی كه‌لتوره و هونه‌ری و هتد: نیچه ده‌ڵێت به‌جۆرێك بجووڵێ و بئافرێنه كه دوایی فه‌نا ببیت، واته ببیته هه‌ڵم...
ئه‌وه‌ی به ئه‌زموون ناسراوه (هه‌تا لای باوباپیران)، خاڵی نیه له هه‌ندێك ڕێسای به‌رایی گه‌شه‌ی سرووشتی. ئه‌زموون گه‌ر ئه‌زموونی كۆمه‌ڵایه‌تییش بێت، مرۆ فێری كۆمه‌ڵێك ڕێسا ده‌كات كه له باری تردا ئه‌و دیوه ناوه‌كییه‌ی خۆیان پیشانناده‌ن. له ئاسته فهلسهفییهكهشیدا، ئه‌زموون واته "ئه‌زموونی ئاگایی": ئاگایی، به‌رده‌وام خۆی تێده‌په‌ڕێنێت، كرچییهكانی خۆی جێده‌هێڵێت و جیهان ههرسدهكات. كێشه‌ی مرۆی ساخته ئه‌وه‌یه كه جیهانی ههرسنهكردووه، واته ڕێسا ناوه‌كییه‌كانی كایه‌كه‌ی خۆی ههرسنهكردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وده‌م ده‌ڕه‌خسێت كه به قه‌ولی مه‌ولانای ڕۆمی، مرۆ سه‌ره‌تا كاڵ و خاوه، پاشان پێده‌گات، و له‌كۆتاییشدا ده‌سوتێت. ئه‌م پرۆسه‌یه، به‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامی هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌یه. مرۆ به‌رده‌وام كرچییهكانی ده‌ره‌وه دێنێته ناو خۆی و دواییش كرچیهكانی ناو خۆی به‌ره‌وڕووی ده‌ره‌وه ده‌كاته‌وه و له‌م نێوانه‌دا مه‌زه‌نده‌یه‌كی له‌سه‌ر جیهان ده‌ستده‌كه‌وێت و ئاگایی به‌ره‌و خودئاگایی ده‌بزوێت.
ئه‌مڕۆ، وا ده‌زانین گه‌شه‌كردن ئاسانتر بووه؛ به‌ڵام له‌ڕاستییدا قورس‌تر بووه. ئه‌وه كێیه ئه‌م قۆناغه‌ی كۆتایی مرۆڤایه‌تییش ههرسدهكات و ناوه‌كیی ده‌كاته‌وه و كۆتا حوكمه‌كانی خۆی ده‌دات. ئه‌م جۆره ئاسانییه‌ی ئه‌مڕۆ، به زمانی ڕه‌وانبێژی بریتییه له "سه‌هلی مومته‌نیع"، واته دژواری ئاسان. ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا ئاسان دیاره، به‌ڵام ئاسانێكی نێوانگریكراوه، هه‌ناوی پڕه له ڕابردوویه‌ك كه به‌هه‌وانته نه‌هاتووه. هه‌ر بكه‌رێك بیه‌وێت گه‌شه‌ی سرووشتی ببڕێت، گه‌ره‌كه ڕێسای خه‌ڵوز و ئه‌ڵماسی له‌بیربێت: ئه‌ڵماس هه‌ر خه‌ڵوزه، به‌ڵام هه‌رچی فشار و گوشاره چه‌شتوویه‌تی. ئه‌فرێنه‌ر به‌و كه‌سه ده‌وترێت كه فۆرمێك بۆ فشاره‌كان ده‌دۆزێته‌وه. فۆرم كۆتا قۆناغه، قۆناغی چۆنایهتییهكهیه كه به‌شێوه‌ی ڕووله‌دوا (ڕیترۆئهكتیڤ) شێوه و مانا به ڕابردووی فشاره‌كان ده‌دات. دیاره ئه‌مه‌ش بۆ فه‌زڵفرۆشی نیه، به‌ڵكو بۆ نه‌زم و ڕێكخستنه. له‌باره‌ی ئه‌خلاقییه‌وه، مرۆ ده‌گاته جێیه‌ك شته‌كه ده‌شارێته‌وه وه‌ك له‌وه‌ی نمایشی پێوه بكات.
گه‌شه‌ی سرووشتی، به‌شداربوونه له ئازاره‌كانی مرۆڤدا. كۆژانی مرۆڤ، له تۆدا، له یه‌ك كه‌سدا چڕده‌بێته‌وه. تێنه‌گه‌یشتن له‌م خاڵه هه‌ستیاره، تێنه‌گه‌یشتنه له پرۆسه‌ی گه‌شه‌ش. ئه‌و چاوه‌ی له مرۆڤدا گه‌شه‌ده‌كات، چاوی پاش تێپه‌ڕینه به‌م ئازارانه‌دا كه به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك و شهودی گه‌شه‌یكردووه. كه‌لتوری مرۆیی لێره‌وه نهێنییه‌كان و ئه‌ڵقه شاراوه‌كانی خۆی پێشكه‌شی ئه‌و كه‌سه ده‌كات كه پێبه‌پێ له‌گه‌ڵیدا هاتووه. گه‌شه‌ی سرووشتی، واته فۆرمبه‌خشین به‌و شكست و سه‌ركه‌وتنانه‌ی كه مرۆڤ وه‌ك ڕه‌گه‌زێك پیا تێپه‌ڕیوه.
