
یەک
کاتێ دەپرسین ئایا فەلسەفە توانای چارەسەرکردنی هەیە؟ لەوانەیە لە یەکەم نیگادا ئەم پرسە ئاڵۆز و تەنانەت چەواشەکارانەش بێت، ئەگەر بە پێوەری «چارەسەری پزیشکی» لە کایەی دەروونپزیشکی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. فەلسەفە نە نۆرینگەی هەیە و نە ڕەچەتەی دەرمان، تەنانەت بانگەشەی ئەوەش ناکات کە بیمارییە دەروونییەکان بە مانا کلینیکییەکەی چارەسەر دەکات. سەرەڕای ئەمە، مێژوو و ناوەرۆکەکەی پیشانی دەدەن کە فەلسەفە لە بیرۆکەی چارەسەرکردن دانەبڕاوە، بەو مەرجەی بە جۆرێکی تر لێیتێبگەین: نەک تەنیا وەک دەستێوەردانێکی تەکنیکی لە نیشانەکانی دەرووندا، بگرە وەک وەرچەرخانێک لە شێوازی بیرکردنەوە و نەریتی ژیاندا.
تێگەیشتن لەم پرسە ئاسان نییە، مەگەر سەرەتا ئەوە ڕوون بکەینەوە چی وای لە مرۆ کردووە لە بنەڕەتدا پێویستی بەم جۆرە لە «چارەسەرکردن» بێت.
دوو
هەموو دڵەڕاوکێیەک هاوشێوە نییە؛ جۆرێکی کاتی و لاوەکی هەیە کە لە ئەنجامی ڕووداوی دیاریکراوەوە سەرهەڵدەدات: هاوشێوەی جەنگ، هەڕەشە، قەیرانی ئابووری و مەترسیی ڕاستەوخۆ. ئەم دڵەڕاوکێیە، سەرەڕای توندییەکەی، هەر دەکرێت لە ئاسۆیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، یا دەکرێت لە ڕووی بنەماوە کۆنتڕۆڵ بکرێت یا کەمبکرێتەوە بە نەمانی هۆکارەکەی؛ ئەمە دڵەڕاوکێیەکە کە لە دەرەوە بۆ مرۆ دێت.
لە پاڵ ئەمەوە، دڵەڕاوکێیەکی لە جۆرێکی تر هەیە کە پێوەندیی بە ڕووداوەکانەوە نییە و بەوان لێک نادرێتەوە: دڵەڕاوکێیەکی ناوەکی یا بوونگەرایی (Existential Anxiety) کە هاوەڵی سروشتی مرۆڤە (تەنیا لەبەر ئەوەی مرۆڤە). ئەم دڵەڕاوکێیە پەیوەست نییە بە شتێکی دیاریکراو و ڕوو لە بابەتێکی تایبەت ناکات، ئەمەش دەرخەری نادڵنیایی و ئەگەر و فەنابوونە. لێرەدا بە وردی دەکرێت شیکاریی دڵەڕاوکێ (Angst) لە دەقەکانی مارتن هایدیگەر (Martin Heidegger)دا ئامادە بکەین؛ لای ئەم بیرمەندە دڵەڕاوکێ ترس نییە لە شتێک، هێندەی ڕووبەڕووبوونەوەی بوونی مرۆییە (Dasein) بەرامبەر بە ناجێگیریی ڕیشەیی خۆی، و بەرامبەر بەوەی کە فڕێدراوەتە ناو جیهانەوە بێ ئەوەی پاڵپشتێکی کۆتایی هەبێت.
لە ناو ئەم ئاسۆیەدا، دڵەڕاوکێ چیتر وەک پرسێکی دەروونی لێکدانەوەی بۆ ناکرێت، هێندەی ئەوەی بونیادێکی ئۆنتۆلۆژییە: شێوازێکە لە بوون کە تیایدا مرۆ ڕووبەڕووی پرسیاری مانا دەبێتەوە و ناتوانێت پەنا بۆ هیچ دڵنیاییەکی کۆتایی ببات. ئەمە ئەو دڵەڕاوکێیەیە کە ناتوانرێت لێی ڕزگار بین، چونکە نیشانەیەکی نییە بۆ دەستنیشانکردن وەک نەخۆشی؛ بەڵکو دڵەڕاوکێ لێرەدا مەرجی بوونە. لێرەدا پرسیاری فەلسەفە ئەوە نییە: چۆن لە دڵەڕاوکێ ڕزگارمان بێت؟ هێندەی ئەوەیە: چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین؟
سێ
ئەگەر دڵەڕاوکێی بوونگەرایی ڕووبەڕووبوونەوەی نادڵنیایی بێت، هاوکات ئەگەریشە. ئەوەیە کە مرۆ بەرەو پرسیار دەبات و ڕێگری لێدەکات بەوەی کە هەیە ڕازی بێت. ئەم ئەگەرە دوو جەمسەری هەیە: یا دەگۆڕێت بۆ وزەی بیرکردنەوە، یا وەردەگەڕێت بۆ بارێکی گران کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت لێی قوتاربین. لێرەدا فەلسەفە وەک یەکێک لەو ڕێگە کەمانە دەردەکەوێت کە هەوڵی سڕینەوەی دڵەڕاوکێ نادات، هێندەی هەوڵ دەدات بیری لێبکاتەوە. فەلسەفە بەڵێنی ڕزگاربوون نادات، و مرۆ لە پێوەندییەکی کراوەدا لەگەڵ پرسیار دەهێڵێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە کە فەلسەفە مرۆڤ لە ناو دڵەڕاوکێدا نوقم دەکات، هێندەی پێچەوانەکەی ڕاستە: ئامرازی مامەڵەکردنی پێدەبەخشێت، لە ڕێگەی گۆڕینی دڵەڕاوکێ لە بارێکی تەمومژاوییەوە بۆ کەرەستەی بیرکردنەوە.
لەم ئاستەدا، دەتوانین لەوە تێبگەین کە پێی دەڵێین «ڕاوێژکاریی فەلسەفی» کێشەکە هەمیشە نەبوونی وەڵام نییە، هێندەی لە خراپیی خستنەڕووی پرسیارەکانە. پرسیارە تەمومژاوییەکان، یا ئەوانەی پڕن لە گریمانەی تاقینەکراوە، دڵەڕاوکێ دوو هێندە دەکەن. ئەمە ئەوە بوو کە سۆکرات (Socrates) تێیگەیشت کاتێ دیالۆگی کردە میدیۆمێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی باوەڕەکان و ئاشکراکردنی دژایەتییەکان و دووبارە بونیادنانەوەی پرسیار. ئەو دژی پێشکەشکردنی وەڵامی ئامادەکراو بوو، بۆیە لە هەوڵی ڕزگارکردنی هزر بوو لە وەهمەکانی. بەم پێیە، بیرکردنەوەی فەلسەفی دەبێتە ڕاهێنان: شیکردنەوەی چەمک، ئاشکراکردنی گریمانە ناوەکییەکان، و دووبارە داڕشتنەوەی مەسەلەکان. ئەو ژیرییەی لەسەر ئەمە ڕادەهێنرێت لە دڵەڕاوکێ ڕزگاری نابێت، هێندەی توانایەکی زیاتری دەبێت بۆ مامەڵەکردن و بەرگەگرتنی، چونکە لێیتێدەگات.
فەلسەفە تەنیا لە سنووری بیرکردنەوەدا ناوەستێت، و درێژ دەبێتەوە بۆ شێوازی ژیان و هونەری بوون. لێرەدا ئەم تێڕوانینە دەگات بەوەی هەندێک بیرمەندی هاوچەرخ باسی دەکەن، کاتێ دەڵێن؛ فەلسەفەی کۆن «ڕاهێنانی ڕۆحی» بووە نەک تەنیا تیۆری. دیسان ئەمە لای میشێل فۆکۆ (Michel Foucault) دەبینین لە تێزەکانیدا دەربارەی «تەکنیکەکانی خود» (Technologies of the Self) لە نووسینەکانی کۆتاییدا. واتە ئەو ڕەفتارانەی کە مرۆڤ تیایدا خۆی، خۆی دادەڕێژێتەوە. لەم ئاسۆیەدا، ئەرکی فەلسەفە تەریب بە گەڕان بە دوای ڕاستیدا، دەبێتە مەشقکردن لەسەر ئازادی، و بەرگریکردن لەو شێوازانەی کە بەسەرماندا دەسەپێنرێن، و هەوڵدان بۆ داهێنانی شێوەی نوێی ژیان و توانایەکی زیاتر بۆ مامەڵەکردن لەتەک مردن. لێرەدا ڕەهەندە تیمارکەرییەکەی دەردەکەوێت: نەک وەک هێورکەرەوەیەک بۆ ئازار، هێندەی دووبارە داڕشتنەوەی پێوەندیمان لەگەڵ ئازاردا.
چوار
دڵەڕاوکێ، وەک وزەیەک، دەکرێت بە خراپی ئاڕاستە بکرێت. کاتێ فەلسەفە ئامادە نابێت، دڵەڕاوکێی بوونگەرایی ون نابێت، هێندەی پەچەی بەسەردا دەدرێت. لە ئاسۆی بیرکردنەوە دەردەهێنرێت و لە قاڵبی وەڵامی ئامادەکراودا پێشکەش دەکرێتەوە. لێرەدا ئەوەی دەردەکەوێت پێی دەڵێین؛ «هۆشبەری هزری». ئەم هۆشبەرانە نەزانییەکی سادە نین، و جۆرێکن لە دڵنیایی داخراو. ئەوانە ئەو هۆشیارییەن کە ئارامییەکی کاتی و دەستبەجێ دەبەخشن، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پەک دەخەن. مەترسیدارترینیان ئەوەیە کە دەکرێت ناوی بنێین؛ «ئەفیوونی هزری»: ئەوەی وا لە مرۆ دەکات بڕوا بکات کە خاوەنی هەقیقەتی ڕەهایە، لێرەوە پێویستی بە پرسیار نامێنێت و لە ناو ئایدۆلۆژیای داخراودا نوقم دەبێت. لەم حاڵەتەدا، دڵەڕاوکێ ناسڕێتەوە، و دادەپۆشرێت. ئەوەی دادەپۆشرێت لە شێوەی تردا دەردەکەوێتەوە: هاوشێوەی توندڕەوی، توندوتیژیی سیمبۆلی و داخراوی.
کاتێ ئەم هۆشبەرانە بڵاودەبنەوە، دەبنە دیاردەیەکی جەماوەری. پانتایی گشتی تووشی گرژبوون دەبێت، دروشمەکان جێگەی گفتوگۆ دەگرنەوە، و دووبارەکردنەوە و شوێنکەوتنی کوێرانە جێگەی بیرکردنەوە دەگرێت. ئەو کاتە جیاوازیی ڕا نامێنێت، چونکە هەر دڵنیاییەکی داخراو «ئەوی تر» وەک هەڕەشە دەبینێت. بەم شێوەیە، دڵەڕاوکێیەک کە بیری لێنەکرابێتەوە، دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی.
دەبێت جیاکاری بکەین، کە فەلسەفە چارەسەری دڵەڕاوکێی دەروونییەکان ناکات و جێگەی چارەسەری دەروونپزیشکی ناگرێتەوە. بەڵام لەسەر ئاستێکی تر کار دەکات: لەسەر ئاستی ئەو بونیادەی کە دڵەڕاوکێ بەرهەم دەهێنێت. چارەسەری نیشانەکان ناکات، هێندەی مامەڵەی لەتەک دەکات.وەک پێشووتر ئاماژەمان پێ دا فەلسەفە جێگرەوەی چارەسەری دەروونی نییە، هێندەی تەواوکەریەتی.
پێنج
لە هەوڵێکدا بۆ گێڕانەوەی فەلسەفە بۆ ناو پانتایی گشتی، دەکرێت بیر لەوە بکەینەوە کە پێی دەڵێین «دواندنی فەلسەفی»، ئەم شێوازە مەرجدارە بە میتۆد؛ هەموو ئاخاوتنێک فەلسەفاندن نییە. ئەوەی دیالۆگی فەلسەفی جیا دەکاتەوە بریتییە لە ڕەقوڕاستی و وردییەکەی، و توانای بۆ هاندانی بیرکردنەوە بەرەو ڕوونی. بەبێ ئەمە، دواندن و گفتوگۆ دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی تری بێهۆشکردن.
کۆتایی
لە ئەنجامدا، پرسیارەکە ئەوە نییە: کە چیتر پێویستمان بە فەلسەفەیە؟ هێندەی ئەوەی بپرسین چۆن ڕووبەڕووی ئەو دڵەڕاوکێیە دەبینەوە کە بونیادی ئێمەی پێکهێناوە؟ یا دەبێت بیری لێبکەینەوە و بیگۆڕین بۆ وزە و ئازادی، یا دەبێت (بیچەپێنین) بێهۆشی بکەین و بیگۆڕین بۆ (یەقین)دڵنیاییەکی داخراو. بەپێی ئەم مانایە، دەکرێت بێژین؛ فەلسەفە شتێکی زێدە و لوکس نییە، هێندەی پێویستییەکی بوونییە. چونکە فەلسەفە دڵەڕاوکێ کۆتایی پێناهێنێت، و وەک «پرسیار» بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە. فەلسەفە هاوشێوەی پزیشکی تیمار ناکات، و ژیری لە شێواوییە چەمکییەکان (Conceptual Disorders) پاک دەکاتەوە، پێوەندیمان لەتەک خۆماندا ڕێک دەخاتەوە، و ئەگەری ژیان بە هۆشیاری و ئازادییەوە دەکاتەوە. ماوەتەوە بێژم؛ فەلسەفە ئێمە لە دڵەڕاوکێ ڕزگار ناکات، هێندەی فێرمان دەکات چۆن تیایدا بژین بێ ئەوەی بێهۆش بین و خۆمان بەدەستەوە بدەین.
ئاراس سەعید
دووشەممە، ۱۱ی ئایاری ۲۰۲٦
