
فاتیح سەلام
ساڵی 1960 لە رومادی، کەسێک هەبوو بەناوی حاجی بەدری، دەیگێڕێتەوە و دەڵێت:
- پەیکەرێکی سەرکردە " عەبدولکەریم قاسم " هەبوو لە گۆڕەپانی سینەمای رومادی، کە بە دەستی راستی سڵاوی دەکرد، من تازە هاوسەرگیریم کردبوو، باری داراییم زۆر خراپ بوو،
هەموو بەیانییەک دەچوومە بازاڕەکەی نزیک قاوەخانەی عروبە بەرامبەر بینای سینەماکە، سابەڵکو کارێک بدۆزمەوە و شتێ پارە پەیدا بکەم بۆ بژێوی خێزانەکەم.
رۆژێک لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە بازاڕەکە وەستام، هیچ کارێکم دەست نەکەوت. شەوێ کاتێک هیچ پارەیەکم پێ نەبوو، کۆمەڵێک گەنجی دەوڵەمەندم بینی کە بە نهێنی، دوور لە چاوی خەڵکەوە، لە نزیک دوکانی پیاوێکی مەسیحی بە ناوی خالید، شەرابیان دەخواردەوە.
گەنجەکان لە حاڵەتی پێکەنین و سەرخۆشیدا بوون، پێشنیاریان کرد کە منیش لەگەڵیان دانیشم و شەراب بخۆمەوە!
منیش چووم و دانیشتم، چونکە برسیم بوو، سوور بوون لەسەر ئەوەی کە منیش بخۆمەوە دوای ئەوەی خواردنە لاوەکییەکانم خوارد، بە شێوەیەکی بێ وێنە دەستم بە خواردنەوەی شەراب کرد، چونکە نەمدەزانی ئەنجامەکانی یەکەم جار خواردنەوەی شەراب چی دەبێت.
لێرەدا زانییان کە من سەرخۆش بووم و هاوسەنگیم لەدەست داوە، بۆیە دەستیان کرد بە پێکەنین و رابواردن پێم، داوایان لێ کردم کە پێڵاوەکانم دابکەنم و هەردووکیان بە پەتێک پێکەوە ببەستم، منیش وام کرد..
پاشان پێیان وتم ئێستا دەڕۆیت و ئەو پەتە دەخەیتە ملی ئەو پەیکەرەی زەعیم .
منیش بێ ئاگا لەخۆم، هەستام و چووم خستمە ملی پەیکەری سەرکردە!!!
پۆلیسەکان منیان بینی و من بە خۆم نەهاتمەوە تاوەکو لە گرتووخانە خۆم بینییەوە!
دوای چەند ڕۆژێک
پۆلیسەکان بە دەستبەسەری بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تایبەت، گواستمیانەوە بۆ زیندانێک کە نەمدەزانی کوێیە!
بۆیە بە پۆلیسەکەم وت:-
- ئێوە بۆ کوێم دەبەن؟
وەڵامی دامەوە:-
- بۆ ئاسایشی بەغدا!
کاتێک گەیشتینە فەرمانگەی ئاسایشی بەغدا، داوایان لێ کردم خۆم بشۆم و خۆم ڕێک بخەم!
پاشان سواری ئۆتۆمبێلێکی جێپی سەربازیان کردم، کە بە شەقامەکانی بەغدادا دەڕۆیشت چووینە ناو بینای وەزارەتی بەرگری.
کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم، هەستم کرد قاچەکانم قورس بوونە و لەترسا نەمدەتوانی بڕۆم، تا بە زەحمەت گەیشتم و خۆمم بینییەوە لە بەردەم سەرکردە عەبدولکەریم قاسم وەستاوم، کە لە پشت مێزێکی دارەوە دانیشتبوو.
هەر کە لە بەردەمیدا وەستام، سەری بەرز کردەوە و سەیرێکی کردم، هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێ کرد!
سەرکردە داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد بڕۆنە دەرەوە، تەنها من و ئەو لەو ژوورەکەدا ماینەوە، کە تەنها کورسییەکی تێدابوو ئەو لەسەری دانیشتبوو، یەکێکی تر لە تەنیشت مێزی نووسینگەکە بوو، من فرمێسک لە چاوەکانم هاتە خوارەوە بە شێوەیەک کە پێشتر و دواتر نەمدیبوو، بۆ ماوەیەک سەیری کردم، وام هەستم دەکرد زیاتر لە سەد ساڵە لێرەم، بەڵام لە راستیدا لە دە خولەک تێپەڕی نەکردبوو.
وتی سەرت بەرز بکەرەوە کوڕم...؟؟
هەر کە چاوەکانم کەوتە سەر چاوەکانی، میزم بەخۆما کرد! بە شێوەیەکی بێ ئیرادە و بە گریانێکی تاڵەوە دەگریام..
پێی وتم:-
- ئارام بە کوڕم، مەترسە..!!!
بە پەنجەی ئاماژەیی ئاماژەی بە کورسییە بەتاڵەکە کرد لە بەردەمیدا بوو، پێی وتم:-
- دانیشە کوڕم..
هەوڵم دا قسە بکەم بۆ داوای لێبوردن، بەڵام نەمتوانی و وشەکان لە گەروومدا گیر بوون و منیش دشداشەکەم دەپێچایەوە بۆ شاردنەوەی شوێنەواری میزکردنە لە سەر کورسییەکە! ئەویش بە دڵسۆزی وەک باوکێکی میهرەبان، بە سۆزەوە وتی:-
- دانیشە و گرنگی پێ مەدە.. بۆیە شەرمم کرد لەسەر کورسییەکە دانیشم لە ترسی ئەوەی کە بە شوێنەواری میزکردنەکە پیسی بکەم.
وتی:-
- دانیشە کوڕم..
دانیشتم دوای ئەوەی هەستم بە کەمێک ئارامی کرد..
پێی وتم:-
- تۆ سەر بە چ پارتێکیت؟
پێم وت:-
- گەورەم، من پیاوێکی هەژارم و سەر بە هیچ پارتێک نیم!!
پێی وتم:-
- کوڕم، ئایا ڕێگەپێدراوە کەسێک پێڵاو بخاتە سەر سەر و ملی باوکی خۆی؟
بۆیە دەستم کرد بە گریان و بە دەنگێکی لەرزیو و شڵەژاوەوە وەڵامم دایەوە:-
+ نەخێر گەورەم
پێی وتم:
- ئەی بۆچی ئەو کارەت کرد؟
منیش هەموو وردەکارییەکانی چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە کە چۆن هاوڕێ خراپەکان لە ساتێکی سەرخۆشیدا، برسێتییەکەمیان قۆستەوە و ئەم کەتنەیان پێدام!
سەرۆک پێکەنینێکی لە ناخی دڵەوە کرد کە ڕوخساری گەشایەوە، وەک ئەوەی لە ژیانیدا هەرگیز بەو شێوەیە پێنەکەنیبێت !
دووبارە پێی وتم:
-من بە تەواوی باوەڕت پێ دەکەم، چونکە من ڕاستگۆ بە ڕاستگۆییەکەی و درۆزن بە درۆکەی دەناسم!!
بۆیە دوگمەی زەنگەکەی نزیکی خۆی کە لە پشتی کورسییەکەی لەسەر دیوارەکە جێگیر کرابوو، دەستی پیانا، بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەفسەرێک کە لە سییەکانی تەمەنیدا بوو و سکرتێری بوو، بێتە ژوورەوە.. پێی وت:-
- هەموو ئەوەی لە مووچەکەم ماوەتەوە بۆم بهێنە...
ئەو ئەفسەرە ڕۆیشت و دوای چارەکە کاتژمێرێک گەڕایەوە و زەرفێکی پێبوو، بینی کە هەموو ئەوەی لە ناوی دابوو دە دینار بوو، بۆیە ڕووی وەرگێڕا بۆ لای دیوارەکە بۆ ئەوەی لە زەرفەکە دەری بهێنێت و بیخاتە گیرفانمەوە، پێی وتم:-
- ئەم دە دینارە وەربگرە و بڕۆ بۆ شەقامی رەشید، خۆت بشۆ و ڕیشت بتاشە و جلوبەرگێک بۆ خۆت بکڕە کە شایستەی ڕاستگۆیان بێت! کە چوویتەوە بڕۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی رومادی، بە بەڕێوەبەرەکەی بڵێ سەرکردە سڵاوت لێ دەکات، بۆ ئەوەی کارێکت بۆ بدۆزنەوە کە بژێوی ژیانت پێ دابین بکەیت.. ئاگاداربە کە هەرگیز نەبیستم کە شەراب دەخۆیتەوە..
بە بێ باوەڕی هاتمە دەرەوە وەک ئەوەی ژیانم دووبارە پێ درابێتەوە، ئەمە چیرۆکی منە لەگەڵ سەرکردە، بۆیە من ئەوم خۆش دەوێت و هەرگیز لەبیرم ناچێت تاوەکو زیندووبم لە ژیاندا.
