
م. زرار قادر خەیلانی
تکایە مانا و مەبەستی دەستەواژەی قەناعەت پێکردن و قەناعەت پێهێنان تێکەڵ بە یەکتر مەکەن.
1. قەناعەت پێکردن: بۆ نموونە: دەگوترێ خواردن بۆ (٥) کەس ئامادەکرابوو، کەچی (٢) کەسی دیکەش لەناکاو هاتن پەیدا بوون. ناچار خواردنی ئەو (٥) کەسەیان بەسەر (٧) کەس دابەشکرد. ئیتر بە هەرحاڵ قەناعەتیان بەو بڕە خواردنە کرد. بۆیە گەر مرۆ قەناعەت بە شتێک بکات، بیر لە زیادەڕۆیی ناکاتەوە و دڵناگێڕێت. خاڵە شێخ ڕەزا دەڵێت: بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندۆک.
2. قەناعەت پێهێنان: بۆ نموونە: دەگوترێ کابرایەک بە هەڵە لە چەمکێک حاڵی ببوو، واتە بە هەڵە لە کێشەیەک گەیشتبوو، بەڵام پاش ئەوەی بە دروستی کێشەکەی بۆ ڕوونکرایەوە، نموونە و پەندی جوانیان خستەڕوو، ئیتر ئەویش ڕاوبۆچوونی گۆڕا و قەناعەتی بە قسەکان هات. واتە گەیشتە قەناعەت کە ئەو بە هەڵەچووە. جا ئەگەر مرۆ قەناعەتی بە شتێک هەبێ؟! هەڵوێست وەردەگرێ و داکۆکی لێ دەکات.
