
دانا حمید
مەرگی سەردەشت عوسمان، لە ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەکەی گرنگتر، ڕووداوێکی هزرییە کە دەتوانرێت وەک تاقیگەیەک بۆ شیکردنەوەی تاریکترین میکانیزمەکانی دەسەڵاتی مۆدێرن بەکاربهێنرێت. ئەم کەیسە تەنیا چیرۆکی تیرۆری خوێندکاری زانکۆ و ڕۆژنامەنووسێک نییە، بەڵکو گەشتێکی ناچاریی جەستەیەکی یاخییە لە لووتکەی کردەی ڕاستگۆیی بوێرانە بۆ قووڵایی ژیانی ڕووتی بێبەها. تێگەیشتن لەم گەشتە، تێگەیشتنە لەو لۆژیکە ساردەی کە دەسەڵاتێک لە ڕێیەوە مافی سڕینەوەی ئەو جەستانە بەخۆی دەدات کە گوتارە فەرمییەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. سەرەتای گەشتەکە، کردەی بوێریی و ڕاستگۆییە «پاریزیا-Parrhesia»یە، ئەو چەمکەی میشێل فۆکۆ لە فەلسەفەی یۆنانییەوە وەریگرتووە و ئاماژەیە بۆ ئەو ساتەوەختەی کە تێیدا تاک، بەبێ هیچ داڵدەیەک، ڕاستییەک دەدرکێنێت کە دەزانێت ژیانی دەخاتە مەترسییەوە. سەردەشت عوسمان، بەتایبەتی وتارە ڕەخنەییەکانی بووە پاریزیاستێکی نموونەیی. سەردەشت لە چوارچێوەی «یاریی ڕاستی» دەسەڵاتدا، یاساکانی شکاند. لەبری ئەوەی لە سنووری هێڵە سوورەکاندا قسە بکات، ڕاستەوخۆ ناوکی پیرۆزییەکانی حیزب و دەسەڵاتی کردە ئامانج. ئەمە تەنیا ڕەخنەگرتن نەبوو، بەڵکو کردەیەکی سیاسی-ئەخلاقی بوو کە تێیدا «خۆی» کردە گرەو لەپێناو «ڕاستی»دا. بەم کارەی، سەردەشت لە بوونەوەرێکی بایۆلۆژییەوە بوو بە جەستەیەکی سیاسی؛ جەستەیەک کە بووە هەڵگری زانینێکی جێگرەوە و مەترسیدار بۆ سیستەمی «دەسەڵات-مەعریفە»ـی باڵادەست.
لێرەوە، قۆناغی دووەمی گەشتەکە دەست پێدەکات، کە تێیدا دەسەڵاتی بایۆپۆلەتیک، وەک فۆکۆ باسی دەکات، ئەم جەستە یاخییە وەک «مەترسییەکی بایۆلۆژی» بۆ سەر «تەندروستیی کۆی سیستەم»ـەکە دەبینێت. گوتاری سەردەشت وەک ڤایرۆسێک سەیر دەکرا کە دەتوانێت نەخۆشیی یاخیبوون و پرسیارکردن لەناو جەستەی کۆمەڵگادا بڵاو بکاتەوە. بۆیە، دەبوو ئەم جەستەیە کەرەنتینە بکرێت و لە کۆتاییدا بسڕدرێتەوە بۆ پاراستنی ڕووبەری ژیانی سیستەمەکە. بەڵام ئامرازی ئەم سڕینەوەیە چۆن کار دەکات؟ لێرەدایە کە دەبێت لە فۆکۆوە بپەڕینەوە بۆ جۆرجیۆ ئاگامبێن. ئاگامبێن فێرمان دەکات کە دەسەڵاتی باڵا و سەروەر لە ڕێگەی دروستکردنی «دۆخی نائاسایی-ڕیزپەڕ»ـەوە کار دەکات. لەم دۆخەدا، کە یاسا بۆ پاراستنی خۆی، خۆی هەڵدەپەسێرێت، دەسەڵات دەتوانێت هەر تاکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی دابماڵێت و بیکاتە هۆمۆساکەر؛ واتە ژیانێکی ڕووت کە دەتوانرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی کوشتنەکەی وەک تاوان بناسرێت، و لە هەمان کاتدا ناتوانرێت بکرێتە قوربانییەکی پیرۆز.
سەردەشت عوسمان، لە ساتەوەختی ڕفاندنییەوە، بە کردەیی کرایە هۆمۆساکەر. ئەو لەژێر چەتری یاسای شار و پاراستنی هاووڵاتیبوون دەرهێنرا و خرایە ناوچەیەکی تاریک و خۆڵەمێشییەوە کە نە یاسای تێدا بوو، نە ئەخلاق. لەوێ، جەستەی سەردەشت بووە تەنیا ژیانێکی ڕووت کە دەزگاکانی دەسەڵات، بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی، دەیانتوانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. ئەمە نهێنیی دۆزینەوەی تەرمەکەیەتی لە دەرەوەی جوگرافیای فەرمی حیزب (پارتیی) دەسەڵات (لە موسڵ)؛ هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی تەنانەت شوێنی تاوانەکەش لە دەرەوەی «ناوچەی یاسا» بێت. سیناریۆی فەرمیی دواتریش، کە تاوانەکەی خستە ئەستۆی «دوژمنێکی دەرەکی»، تەواوکەری ئەم پڕۆسەیە بوو: هەوڵێک بوو بۆ داپۆشینی ئەو ڕاستییەی کە خودی دەسەڵاتی باڵا، لە ڕێگەی میکانیزمی دۆخی هەڵاوێردراوەوە، ژیانی ڕووت بەرهەم دەهێنێت و دەیسڕێتەوە. کەواتە، چیرۆکی سەردەشت عوسمان، چیرۆکی گۆڕانی پاریزیاستێکە بۆ هۆمۆساکەر. ئەو وەک تاکێکی بوێر و خاوەن هەڵوێست، ڕاستییەکی کوشندەی گوت، و سیستەمیش وەک وەڵامێک، ئەو و هەموو مافەکانی لێ سەندەوە و کردییە ژیانێکی ڕووت (هۆمۆساکەر) کە سڕینەوەی، هیچ لێکەوتەیەکی یاسایی نەبێت. میراتی فیکریی سەردەشت، تەنیا بانگەواز نییە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی قووڵە لەو توانایەی دەسەڵاتی مۆدێرن هەیەتی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو مرۆڤانەی کە لە دەرەوەی یاسا دەژین و دەمرن. خوێندنەوەی ئەم کەیسە، ناچارمان دەکات بپرسین: ئەمڕۆ، کام جەستەی تر لە باشووری کوردستان لەسەر لێواری بوون بە هۆمۆساکەر ڕاوەستاوە؟
