ئەم چەند ڕۆژە بەردەوام گوێمان لە کۆمەڵێک چیرۆکی ناخهەژێن دەبێت؛ تەنانەت گوێگرتن لەو چیرۆکانە مرۆڤ دەخاتە گێژاوێکی بیرکردنەوە و خەمۆکییەکی قووڵەوە، تا ئەو ڕادەیەی گومان لە بوونی خۆی وەک مرۆڤ دەکات. کۆمەڵێک پرسیار ڕووبەڕوومان دەبنەوە: ئاخۆ ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون، وەک ئێمە مرۆڤێکی ئاسایی بوون، یان چەند پلەیەک لەسەرووی توانا و بوونی مرۆڤێکی ئاسایییەوە بوون؟ ئەو دایک و باوک و منداڵانەی لەوێ بوون، چۆن بەرگەی ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەیان گرت؟ ئەوانەشی لە ژیاندا مانەوە، ئەو ڕووداوانە تراومایەکی قووڵی لە دەروونیاندا دروست کردووە؛ ئاخۆ ڕۆژانە چەند جار لە سوچێکی هزر و بیرکردنەوەیاندا زیندوو دەبنەوە؟
چیرۆکی دەروونهەژێنی ئەم ژنانە، سەردانی مۆزەخانەی ئاوشڤێدزی بیر خستمەوە کە پێش چەند ساڵێک بینیم. هەریەک لەم یادەوەرییانە مرۆڤ دەخەنە فەزایەکی ئازاربەخش و گومانەوە، کە زەحمەتە نە عەقڵ و نە لۆژیک بتوانێت یارمەتیت بدات لەو بازنەیە دەرچیت.
ئاوشڤێدز (Auschwitz) یان بە پۆڵەندی ئۆشڤیەنچیم (Oświęcim)، گەورەترین و ناسراوترین کەمپی کۆکردنەوە و لەناوبردنی جوولەکە، ڕۆم (قەرەچەکان) و دیلەکانی سوپای سۆڤیەت بوو، کە لە ساڵی ١٩٤١ دامەزرا و تا ساڵی ١٩٤٥ (کاتێک سوپای سۆڤیەت ڕزگاری کردن) بەردەوام بوو. ئەم کەمپە بووەتە هێمایەکی جیهانی بۆ تیرۆر، جینۆساید و هۆلۆکۆست؛ لەو شوێنەدا زیاتر لە ١.١ ملیۆن کەس گیانیان لەدەست دا کە زۆربەی ڕەهایان جوولەکە بوون.

بەشی بێرکێناو (Birkenau): ئەمە ناوەندی سەرەکیی کوشتار بوو. لە ساڵی ١٩٤١ دەست بە دروستکردنی کرا و زۆربەی ژوورەکانی گاز و فڕنەکانی سووتاندنی لاشە لەم بەشەدا بوون. ژن، منداڵ و بەساڵاچووەکان لەم بەشە دادەنران و کۆمەڵ کۆمەڵ دەیانبردنە حەمامەکان، بەو ناوەی کە خۆیان بشۆن، بەڵام لەوێ گازی ژەهراویی "زایکلۆن بی"یان تێدا بەردەدانەوە و لە ساتێکدا دەمردن. پاشان تیمێک (کە هەر لە زیندانییەکان پێکهاتبوون) لاشەکانیان دەبردنە فڕنە تایبەتەکان بۆ سووتاندن.

بەشی مۆنۆڤیتس (Monowitz): کەمپێکی کاری زۆرەملێ بوو بۆ دابینکردنی هێزی کار بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان.

لە مۆزەخانەکەدا، ئەو شتانەی لە کاتی ڕزگارکردنیدا مابوونەوە لەناو شووشەدا پارێزراون: ددان، قژی ژنەکان، پارچە قوماشی جلوبەرگ، ئیسقان و شانە... بینینی ئەمانە هەمووی تێکەڵەیەکە لە ئازار و ترسی مردن بە گازی ژەهراوی. کەشوهەوای مۆزەخانەکە خەمگینی و تووڕەییەکی زۆری لە دەروونماندا دروست دەکرد؛ بیرمان لەوە دەکردەوە دەبێت نازییەکان چ جۆرە دڕندەیەک بن، بەتایبەتی کاتێک بردیانینە ژووری حەمام و فڕنەکان. ئەمانە و چەندان چیرۆکی تر لە پشت هەر دیمەنێکەوە بوون کە دەمانبینی. ئێستا ئەم شوێنە بووەتە مۆزەخانە و ساڵانە ملیۆنان کەس لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەکەن.

ئەی ئێمەی کورد؟

چیرۆکەکان هێندە دڵهەژێنن، تەنانەت گوێگرتن لێیان هەستەکانت لە گۆمی شەرمەزاریدا نوقم دەکات.
ژنێک دەگێڕێتەوە کە چوار منداڵی هەبوو، دوانیان بەبەرچاوی خۆیەوە گیانیان لەدەست دا؛ چەند ڕۆژێک دایکەکە و دوو منداڵە ماوەکە لەبەردەم تەرمی ئەو دوو منداڵەدا دەکروزانەوە. دەبێت ئەمە چ ئازارێک لە هەناوی ئەو دایکە و چ ترسێک لە دڵی ئەو دوو منداڵەدا دروست بکات؟ پاشان تەرمی ئەم دوو منداڵە لەگەڵ چل منداڵی تر دەخرێنە سەر عەربانە و لە دەرەوەی زیندانی نوگرە سەلمان فڕێ دەدرێنە بەردەم سەگە ڕەشەکان. ئەمە تەنیا چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو هاژەی ڕووبارێکی بریناوییە کە هەموو چرکەیەک ڕاتدەچڵەکێنێت. دڵی ئەو دایکە لە چیاکانی زاگرۆس بەهێزترە کە بەرگەی ئەمەی گرتووە.
خوشکێک دەگری چونکە بە چاوی خۆی بینیویەتی چۆن سەگە ڕەشەکان دڵ و جەرگی تەرمی برا بچووکەکەیان دەرهێناوە و خواردوویانە. دایکێک باس لەو سەموونە بۆنناخۆش و ئاوە گەرمە ژەهراوییە دەکات. هەمووان باس لەو کێبڵەی "عەجاج" دەکەن کە وەک مۆتەکەیەکی ڕۆژانە بووە؛ هەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکەدا، جەستەی هەمووان چاوەڕوانی ئازاری ئەو کێبڵە بوو. دایکێک چۆن خۆی بەسەر منداڵەکەیدا داوە تا کێبڵەکە لە کۆرپەکەی نەکەوێت. دایکێک لە ترسی هەڕەشەکانی عەجاج، تەنانەت نەیوێراوە بگری. ئەی هەموو ئەو کچ و ژنانەی دەستدرێژیی سێکسییان کرایە سەر و لەناو بیری یادەوەرییەکانیاندا بە قوڕ سواغیان داوە؟
من لێرەدا دەوەستم لە گێڕانەوە... هەمووتان دەموچاوی ڕەشهەڵگەڕاوی دایکان، کچان و منداڵانی ڕزگاربووی  ئەنفالتان بینی؛ لە نیگای هەریەکێکیان هەزاران هاواری کپکراو دەبینرێت. بۆنی برینە سارێژنەکراوەکانیان، جلە ڕەشەکانیان، هەموو وێنە ڕەنگاوڕەنگەکانی سروشتی کوردستانت لا ڕەش دەکەن. دەڵێن پاش ماوەیەک فرمێسک وشک دەبێت، کەچی فرمێسکی ئەمان سەرچاوەی ئۆقیانووسەکانە. ئەی هەنیسکی ئەو پیاوانەی ئەوکات منداڵ بوون و ئێستا باوکن، هەنیسکەکانیان وەک بوومەلەرزە وایە و هەموو جەستەیان دەلەرزێنێت. گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە لە چەند خولەکێکدا ئاسانە، بەڵام چیرۆکە ڕاستەقینەکە کە مانگەکانی خایاند، هەزاران لاپەڕە بەشی ناکات.
ئێدی جاکو (Eddie Jaku) و میشێل بۆرنستێن (Michael Bornstein) دوو جوولەکەی ڕزگاربووی هۆلۆکۆستن کە چیرۆکی کەمپەکانیان لە دوو کتێب دا تۆمار کردووە؛ ئەمە جگە لەوەی چەندان فیلم لەسەر ئەو کارەساتە بەرهەم هێنراوە.

لێپرسراوێتیی هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان

ژنێکی گەرمیان داوای دادگاییکردنی ئەو جاشانە دەکات کە لە هەولێر داڵدە دراون. دەڵێت: "عەجاج بدەنە دەستی من، هەر ڕۆژە و شوێنێکی لێ دەبڕم... لەسێدارەدان کەمە بۆ ئەو. وازم لێ بێنن با دەم نەکەمەوە، هەر تەنیا عەجاج؟ ئەی ئەو جاشە خۆفرۆشانەی لە هەولێر داڵدەیان داون؟ ئەوانیش دەبێت بە دەردی عەجاج بچن."
لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: دەبێت ئەم ژنە چ ئازارێکی دەروونی وەک "باوەگوڕگوڕ" بسووتێنێت کە سزای سێدارەی بەلاوە کەم بێت؟ ئەرێ قسەی ئەو ژنە ویژدانی کەسی خەبەر نەکردەوە؟ ئەو جاش و خۆفرۆشانەی مەدالیای ئازایەتییان لە سەدام وەرگرت و دەکەوتنە گیانی خەڵکی ناوچەکە، ئێستا لە کوێن؟ هەموو دەزانین لە پەنای حزبە دەسەڵاتدارەکاندا شاهانە دەژین. ئەوانە دەبوو پاش ڕاپەڕین، لە دادگا ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.
ئەی وەفای حزبە دەسەڵاتدارەکان چی بوو بۆ ڕزگاربووانی ئەنفال؟ وەڵامەکە دەروونهەژێنە. تەنیا دیمەنی ژیانی ئەو ژنانەی کە ئێستا هەزاران چرچولۆچی دەموچاویان شایەتی خەمیانە، یان ئەو کوڕ و کچانەی بە گریانەوە کارەساتەکان دەگێڕنەوە، بەسە بۆ تێگەیشتن. ئەمە تەنیا تراومای دوو نەوە نییە، بەڵکو تراومای مێژوویی نەوەکانی دوای خۆشیانە.
دەبوو ژیانێکی شایستە و ئاسوودە بۆ ئەم دوو نەوەیە مسۆگەر بکرایە. حزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوور کە سەروەت و سامانی کوردستان بۆ ژیانی شاهانەی خۆیان و نەوەکانیان بەکاردەهێنن، دەکرا تەنیا بە بەکارهێنانی ڕێژەیەکی یەکجار کەم لەو سامانە، ژیانێکی ئاسوودە بۆ ئەم خەڵکە دابین بکەن. کەی ئەمە دەکرێت؟ کاتێک کە ویژدانیان خەبەری بێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا