
برونۆ ڕۆدریگێز، وەزیری دەرەوەی کوباو ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی ئەو ووڵاتە، لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە تێکدانی ئاشتی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ڕۆدریگێز ڕایگەیاند، گەمارۆی وزە و نەوت لەلایەن ئەمریکاوە هاوشێوەی گەمارۆی دەریایی تاوانی جەنگە، کە ئامانج لێی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوبایە. ئاماژەی بەوەش کرد ناتوانرێت باس لە پاراستنی ئاشتی بکرێت بەبێ ئاوڕدانەوە لە کۆمەڵکوژییەکانی فەلەستین و دەستدرێژییەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی کوبا هۆشداریی دا لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی هەر ئەگەرێکی هێرشی سەربازیی ئەمریکا و گوتی، ئەو دەستدرێژییە دەبێتە هۆی حەمامی خوێن و هەزاران کوبی لەپێناو نیشتماندا دەمرن، لەبەرانبەریشدا گەنجانی ئەمریکی لەپێناو سیاسەتێکی ئیمپریالیستی فاشیستیدا دەبنە قوربانی.
لە کۆتاییدا، ڕۆدریگێز داوای هاوسۆزی نێودەوڵەتی کرد بۆ وڵاتەکەی و جەختی کردەوە کە گەلی کوبا تا دوا دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاکەکەی دەکات و دروشمی (نیشتمان یان مەرگ،ئێمە سەردەکەوین)ی بەرزکردەوە.
