
ڕێگای کوردستان
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوێکی پڕ سامناک و قورسی بەڕێکرد، ترس لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر کە تێیدا بۆنی خوێن و وێرانکاری لێدەهات، باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو.
شرۆڤەکاران هۆشدارییان دەدا کە ڕەنگە ئەمریکا بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی، پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو ببات.
هەڕەشە توندەکانی سەرۆکی ئەمریکا و دیاریکردنی کاتی هێرشەکان، ئاڵۆزییەکانی گەیاندە لوتکە و ناوچەکەی خستە سەر لێواری تەقینەوە.
لەکاتێکدا دۆست و هاوپەیمانەکانی ئێران لە دۆخێکی نائومێدی و چاوەڕوانییەکی تاڵدابوون، دەستێوەردانێکی کتوپڕی پاکستان هاوکێشەکەی گۆڕی.
ئەوەی وەک شین و ماتەم بۆ تاران دەبینرا، کتوپڕ گۆڕدرا بۆ ئاهەنگگێڕان.
ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی ١٥ ڕۆژە، هەناسەیەکی بۆ لایەنگرانی ئێران گەڕاندەوە و لەناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا وەک سەرکەوتووی جەنگ خۆیان نمایشکرد.
بەڵام ئەم ئاهەنگگێڕانە تەنها سەرەتای تاقیکردنەوەیەکی سەختە.
چاودێران پێیان وایە ئەم ١٥ ڕۆژە تەنها هێورکردنەوەیەکی کاتییە و بە کۆتاییهاتنی ئەم وادەیە، ڕاستی و ئاڕاستەی نوێی ململانێکان و چارەنووسی ڕاستەقینەی ناوچەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئایا ئەمە سەرەتای ئاشتییەکی درێژخایەنە، یان تەنها پشوویەکی کورتە پێش زریانە گەورەکە؟