
گەنج ڕەوف زوهدی
باڵندەکان بۆ فڕین پێویستیان بە پاسپۆرت نییە و دارەکانیش بێ ئەوەی باج بە خاک بدەن یان بەڵگەنامەی موڵکایەتییان هەبێت، ڕەگ بە ناخی زەویدا دا ناکوتن. لەبەر ئەوەی سروشت لە بنەڕەتدا هەموو شتێک بەبێ پرسیار و مەرجی پێشوەختە دەبەخشێت. تەنها مرۆڤە،ئەو بوونەوەرەیە گوایە خاوەنی باڵاترین شارستانییەتە،کە بۆ مانەوەی خۆی لەسەر ئەم زەوییە، دەبێت بەردەوام باج بدات بۆ ئەوەی شایستەیی خۆی بسەلمێنێت.
لێرەدا پرسیارەکە لەسەر خودی "کارکردن" نییە؛ مرۆڤ لە مێژوودا هەمیشە کاری کردووە بۆ بەرهەمهێنان. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن ژیان لە مافێکی سروشتییەوە گۆڕا بۆ قەرزێک کە دەبێت هەموو مانگێک بە ترسی نەدانەوەی، خەبەرمان بێتەوە؟
لە مێژووی دووردا، مرۆڤ لە هێزە بێبەزەییەکانی سروشت دەترسا؛ لە لافاو، سەرما و ئاژەڵە کێوییەکان. بەڵام ئەمڕۆ، مرۆڤی هاوچەرخ زۆرتر لەو سیستەمە دەستکردانە دەترسێت کە خودی خۆی دروستی کردوون. ترسی بەردەوام لە دەربەدرکردن و لە دەرکردنی خانووەکەی، ترسی لەدەستدانی لەناکاوی سەرچاوەی بژێوی، و دڵەڕاوکێی نەسەلماندنی بوونی خۆی.
ئەم ترسە گشتگیرە ڕەگێکی سروشتیی نییە، بەڵکو دەرەنجامی جیهانێکە کە تێیدا مرۆڤ زیاتر لەوەی خەریکی "ژیان کردن" بێت، خەریکی دابینکردنی مەرجە سەپێندراوەکانی ژیانە:
خانوو:لە دیوار و سەقفێکی پارێزەرەوە، دەبێتە مۆڵەتێکی کاتیی مانەوە.
کار:لە پرۆسەیەکی داهێنەرانەی بەرهەمهێنانەوە، دەبێتە ناسنامەی فەرمیی بوونی.
پارە:چیتر تەنها ئامرازی ئاڵوگۆڕ نییە، بەڵکو دادوەرێکە بڕیار دەدات کێ مافی بەشدارییکردنی لە ژیاندا هەیە و کێ پەراوێزخراوە .
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە کوردستاندا، ئەم هەستە قووڵتر و بریندارکەرترە. ئەمەش تەنها بەهۆی ڕێژەی هەژارییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو جەمسەرگیریی و بێسەروبەریی و تەمومژاوییەوەیە کە وایکردووە خەڵک هەست بکەن چارەنووسیان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان بڕیاری لەسەر دەدرێت.
کاتێک گەنجێک لە نێوان تەمەنی بێکاریدا نازانێت بەیانی چ دەرگایەکی لێ دەکرێتەوە؛ کاتێک مامۆستایەک نازانێت دەستکەوتی ماندووبوونی مانگەکەی کەی و چۆن دەگاتە دەستی؛ کاتێک هاوڵاتییەک لە دۆخی دڵەڕاوکێدایە کە ئایا یاسا پارێزگاری لێ دەکات یان پەیوەندی دەسەڵاتی حزبی و خێڵەکی ئیتر لێرەدا کێشەکە لە سنوری قەیرانی ئابووریی سادە دەردەچێت. ئیتر کێشەکە دەبێتە "قەیرانی مانا"
مرۆڤ بەبێ نان بۆ ماوەیەک بەرگە دەگرێت، بەڵام بەبێ مانا و ئومێد، توانای ژیانی نامێنێت.
لەبەر ئەوە، قەیرانی بنەڕەتیی لە کوردستان تەنها قەیرانی ژمارە، مووچە و بودجە نییە، بەڵکو قەیرانی دزینی داهاتووە .
کاتێک زۆرینەی خەڵک هەست دەکەن هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر سبەینێی خۆیاندا نییە، مانای هاوڵاتیبوون مایەپوچ دەبێت.
کۆمەڵگەیەک لەو کاتەدا ئازادە کە هاوڵاتیی بونەکەی تەنها وەک "بوونەوەرێکی زیندوو" مافی مانەوەی پێ نەبڕێت، بەڵکو وەک ناوەندێکی سەربەخۆ هەست بکات خاوەندارێتی لە ژیان و بڕیارەکانی خۆی دەکات. شکۆی مرۆڤ بە قەبارەی موڵک و ماڵ و ژمارەی حساباتە بانکییەکان ناپێورێت، ئەوەندەی بەو ئاستە لە ئاسایشە دەپێورێت کە بتوانێت بەبێ ترس بژی.
گەورەترین پرسیاری سەردەمی ئێمە و هێڵە فکرییە ڕەخنەییەکەی کە دەبێت لەسەری بوەستین ئەوەیە: چۆن دەتوانین جیهانێک و فەزایەکی گشتی بنیات بنێینەوە، کە تێیدا مرۆڤی کورد دووبارە هەست بکات بۆ خودی "ژیان کردن" دروست بووە، نەک بۆ تەمەن بەڕێکردن لە پێناو دابینکردنی مەرجەکانی مانەوەدا؟
