
پێش نزیک بە سیانزە ساڵ لەوەبەر لەڕێگەی فەرمانگەی بەدەستهێنانی کارەوە و بە ئیتیفاق لەگەڵ هەڵاڵە کە ڕێکخراوی کۆمیتەی دیفاع لەمافەکای ژنانی عێڕاقی بەدەستەوەبوو، تەعین کرام. ئەو هاوکاریەی کە فەرمانگەکە ئەیکرد لەسەدا هەشتای مەعاشی ئەداو ڕێکخراوەکەش ئەبوایە لەسەدا بیستی بدات. هەر لەسەرەتاوە هەڵاڵە پێی وتم کە لەسەدا بیستەکەم ناداتێ چونکە ڕێکخراوەکە دەرامەتێکی نیەو منیش قبوڵم کرد واتە لەسەدا سەد کارم دەکرد و لەسەدا هەشتام وەردەگرت. ئەگەر چی هەر لەئەساسەوە زوڵمێکی زۆر گەورەیە لەخۆت و جەستەتی ئەکەی کە بە ئەندازەی ماندووبوون پارەکەت وەرناگری بەڵام چونکە تازە بووم لەسوید و حەزم لەکارکردن بوو بەتایبەت لەگەڵ ڕێکخراوێکی ژنان. بەکورتیەکەی حەماسەتی شۆڕشگێڕانەم زیاتر بوو.
نزیکەی تا دە مانگ پێکەوە کارمان کردو ڕێکخراوەکە هەم کەوتەوە سەرخۆی، هەم بەرنامەی ڕادیۆیی و هەمیش سەنتەرێکمان پێکهێنا بەناوی سەنتەری نینا بۆ داڵدەدانی ژنان.
لەنزیک سەری ساڵ و جەردی ساڵانە کە عادەتەن ئەکەوێتە مانگی دوانزە، لەکاتی کارکردندا بووین کە هەڵاڵە کەوتە گلەیی و ڕەخنە لەوەی ئەو هەموو خۆ ماندوو کردنە بەهیچ ئەڕوات. ڕاپۆرتێکی دامێ کە بە دەست و خەتی خۆی هەموو ئەو بڕە پارانەی کە وەرگیرابوو لە دەوڵەتی سوید و لە شارەوانی بۆ پڕۆژەی جیاوازو چالاکی جیاواز گەیشتبووە یەک ملیۆن کڕۆنی سویدی. هەڵاڵە بەردەوام بوو لەڕەخنەی لەوەی پارەکان هەمووی بۆ بلیتی تەیارەو هات و چۆی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتە ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەکاتی پلینۆم و بێنەو بردەیان سەرف بووە!
کاتێک ڕاپۆرتەکەم بینی ڕێک تووشی شۆک بووم، هاوکات بیستنی ئەوەی کە پارەو کۆمەکی ئەندامانیش بۆ چ کارو چالاکیەک ئەچێ تووشی نەک هەر شۆک بەڵکو ئاگرم کردەوە لە تووڕەییدا.
وتم یانی ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و دڵسۆزی ئەکەین بۆیی جەنابیان بەشداری پلینۆم و کۆبوونەوەی هیچ و بێ ئیستیفادە بکەن؟ یانی من مانگانە لەسەدا بیستی مەعاشم وەرنەدەگرت کە هەر مانگەی نزیک بە دوو هەزار کڕۆن دەکات و لەساڵێکدا دەکاتە 24 هەزار خۆش بووم لەبەر ئەوەی پارە نەبووەو ئێستاش ئەبینم یەک ملێۆن کڕۆنت وەرگرتووە؟
بوو بە موناقەشەیەکی گەرم و هەڵاڵە کاڵەکی بە ئەژنۆی خۆی شکاند کە ئەو ڕازەی لای من درکاند چونکە بەدەمی خۆی گوتی کە خەریکی گەندەڵیە. ئەو حیزبەی کە بەدژی گەندەڵیەو قسە لە ئینتێگراسیۆنی کەمینە دەکات لەسوید پارەکان بەناوی ژنەوە وەردەگیرێت و بۆ کۆمەڵێک مەسئول سەرف دەکرێت!
هێشتا دوای ئەو هەموو ساڵە لەو ڕوو هەڵماڵینە دەستم دەلەرزێ کەلەسەر حیزب و ڕێکخراوێک بنووسم کە بە دڵ و ڕۆح باوەڕم پێی بوو. دوای ئەو ڕووداوە بڕیاری خۆمم دا، هەر هەمان ڕۆژ بە هەڵاڵەم گوت من ئیتر نایەمەوەو دەست لەکار دەکێشمەوە، هاوکات ئابوونە نادەم و واز لە حیزب دێنم. ئەوە سەختترین بڕیاری ژیانم بوو بەڵام یەک لەحزەش پەشیمان نیم کە بەجێم هێشت. دوای ئەوە چوومەوە مەکتەب و لە دواناوەندی هەندێ لە بەشەکانی خوێندن کە پێویستم بوو تەواوم کردوو لەزانکۆ وەرگیرام.
من کە کرێکارێکی هۆشیارم ئاوا زوڵم دەکەن و ئیستیفادە لەهێزی کارم دەکەن دەبێ سبەینێ کە گەیشتنە دەسەڵات چۆن زوڵم لەکرێکارانی نەخوێندەوارو بەدبەخت بکەن؟
پێوانەی من بۆ بیروباوەڕ لەکرداردایە، تۆ بەخۆت بڵێی ئاتەئیست بەڵام لەکاتی ژنهێنان یان شووکردندا مەلا مارەت بکات، بە ئاتەئیستت نازانم، تۆ بەدەم دیفاع لەمافی ژن بکەیت بەڵام بەکچەکەی خۆت بڵێی وامەکەو وابکە با حەیامان نەچێ، ئەوە پێی دەوترێ درۆزن.
من دڵنیام ئەم کارەی هەڵاڵە شاز نیە و زۆربەی ڕێکحراوو حیزبەکانی خۆرهەڵات لێرە خەریکی ئەو کارەن، واتە گەندەڵی بەڵام من نامەوێ بەشدار بم لە دزینی پارەی زەریبەی خەڵک بۆ گیرفانی مەسئولین و بۆ گەندەڵی.
ڕێگا ڕووف
27ی ٢ی ٢٠٢٠