
ستار ئەحمەد
مێژووی کورد، وەک تابلۆیەکی تراجیدی، تژییە لەو وێنانەی کە تێیدا نەتەوەیەک لە لوتکەی قوربانیداندان و لە نزمترین ئاستی چنینەوەی بەرهەمی سیاسیی دایە. کاتێک باس لە سایکس بیکۆی نوێ دەکەین، نابێت تەنها چاومان لەسەر مێزی وڵاتانی داگیرکەر بێت، بەڵکو دەبێت سەیری ئەو مێزە پڕ لە تۆزە بکەین کە لە ناوخۆدا بۆ کوشتنی کات و سڕینەوەی یەکتر دامانناوە. شەرمەزاریی گەورە ئەوە نییە کە مێژوو دووبارە دەبێتەوە، چونکە مێژوو بۆ ئەوانەی نایخوێننەوە وەک بازنەیەکی داخراو وایە؛ شەرمەزاری ئەوەیە کە تاکی کورد و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی، هێشتا چێژ لە ڕۆڵی قوربانی دەبینن و نەیانتوانیوە ببنە کاراکتەری بڕیاردەر. ئێمە نەتەوەیەکی سەیرین؛ لە کاتی کارەساتدا لوتکەی مەردایەتی و یەکڕیزی نیشان دەدەین، کاتێک خوێن دەڕژێت بۆ کەرکووک و کۆبانێ و عەفرین دەگرین و وەک یەک جەستە دەلەرزین، بەڵام هەر کە تەمومژەکە ڕەوییەوە، دەگەڕێینەوە سەر پیشەی کۆنی خۆمان کە ئەویش خۆخۆری و پەرستنی بتە حیزبییەکانە. ئەمە ئەو درزە گەورەیەیە، دوژمنانمان باشتر لە خۆمان دەیبینن و وەک خاڵێکی لاوازی دەروونی بۆ سوڕاندنمان بەکاریدەهێنن.
هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشکۆییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سایکۆلۆژیای کوردی هێشتا لە قۆناغی بەرگریدا ماوەتەوە و نەپەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی بنیادنان. ئێمە فێربووین چۆن دژی دوژمن بوەستینەوە، بەڵام فێرانەبووین چۆن بۆ خۆمان بژین. ئەوەی وایکردووە کەمینەکانی وەک دروز و عەلەوی و جولەکە ببنە خاوەن قورسایی و حیسابیان بۆ بکرێت، تەنها چەک و پارە نەبووە، بەڵکو هەبوونی مەرجەعیەتێکی فیکری بووە کە لەسەرووی بەرژەوەندیی خێڵ و حیزبەوە بووە. جولەکە پێش ئەوەی وڵات دروست بکات، ئیرادەی تاکی جولەکەی لە هەموو جیهانەوە بۆ یەک خاڵ کۆکردەوە، بەڵام کورد لە کاتێکدا داوای دەوڵەت دەکات، کەچی لە ناوخۆدا هەزار دەوڵەتۆکەی دەروونی و ناوچەیی و حیزبی دروست کردووە. ئێمە لە جەنگەکاندا تانک و تۆپمان تێکشکاندووە، بەڵام لە شەڕی مێشکدا بەرامبەر بە پڕوپاگەندەی داگیرکەران دۆڕاوین. کاتێک گەنجی کورد لە سۆشیاڵ میدیا وزەی خۆی لە جنێودان بە براکەی خەرج دەکات لە پێناو حیزبێک کە تەنها لە کاتی دەنگداندا دەیناسێت، ئەمە مانای وایە ئێمە هێشتا بریندارێکی فیکریین و پێویستمان بە نەشتەرگەرییەکی دەروونیی قووڵ هەیە.
ئەنجامی ئەم بێ مەرجەعیەتییە ئەوەیە کە جیهان وەک جەنگاوەری بەکرێگیراو یان کارتێکی کاتی تەماشامان دەکات. کاتێک جۆلان دەدرێت بە ئیسرائیل و ڕێککەوتن لەسەر حسابی کورد دەکرێت، ئەوە نیشانەی بێوەفایی ئەمریکا و وڵاتان نییە، بەڵکو نیشانەی بێسەودایی و پەرتەوازیی ئێمەیە. تا ئەو کاتەی یەک مەرکەزی بڕیاری کوردی نەبێت کە بە زمانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی قسە لەگەڵ دونیا بکات، هەر کاتێک بەرژەوەندیی زلهێزەکان لەگەڵ تورک و عەرەب و فارس یەکی گرتەوە، ئێمە دەبینە قوربانیی یەکەم. ئەمە گاڵتەجاڕییەکی مێژووییە کە تەنها لە کاتی لێقەوماندا هاواری یەکڕیزی دەکەین؛ یەکڕیزییەک کە لەسەر بنەمای ترس دروست بێت، بە نەمانی ترسەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئەوەی پێویستمانە یەکڕیزییەکە لەسەر بنەمای باوەڕو ستراتیژیەت بێت، نەک پەرچەکردارێکی کاتی بۆ ڕزگاربوون لە جەنگ.
چارەسەری ئەم زامە قووڵە، تەنها لە یەک خاڵدایە: سەپاندنی ئیرادەی نەتەوە بەسەر ئیرادەی حیزبدا. دەبێت تاکی کورد لەوە تێبگات، حیزب ئامرازە نەک ئامانج. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو حەسوودی و تەماحکارییە سیاسییە بهێنرێت کە وڵاتی کردووەتە قوربانیی پۆست و پلە. ئەگەر نیشتمانێکمان نەبێت، ململانێ لەسەر دەسەڵات هیچ نییە جگە لە شەڕکردن لەسەر میراتی مردوویەک. پێویستە ناوەندێکی بڕیاری ستراتیژی دابمەزرێت ، ڕاوێژکار و پسپۆڕانی هەموو لایەنەکان و کەسانی بێلایەن تێیدا بڕیاری چارەنووسساز بدەن، بڕیارێک کە هیچ حیزبێک نەتوانێت لێی لابدات. گۆڕینی سایکۆلۆژیای کوردی لە پاشکۆبوونەوە بۆ دروستکەری داهاتوو پێویستی بەوەیە کە ئیتر بوەستین لە شیوەن بۆ خیانەتی بێگانە و دەست بکەین بە چاککردنی ماڵی خۆمان. تا کاتێک لە ناوخۆدا سەقامگیریی فیکریمان نەبێت، لە هیچ بوارێکی تریشدا سەقامگیری بەدەست ناهێنین. کاتی ئەوە هاتووە بڵێین: بەسە بۆ جنێودان، بەسە بۆ پەرستنی کەسایەتی، و کاتی ئەوەیە ببنە خاوەن بڕیاری کوردی، هەتا مێژوو جارێکی تر وەک تەنزێکی تاڵ بەسەرماندا تێنەپەڕێتەوە.