​کەرکووک، وەک چەقێکی مێژوویی و فرەڕەهەند، هەمیشە پێشەنگی بزاڤی ڕۆشنبیری و زانستی بووە، کانییەکی دانەبڕاو بووە لە داهێنان، شیعر, نووسین و ڕۆژنامەگەری، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم شارەدا دەگوزەرێت، گوزارشت لە قۆناخێکی سەخت و تەموومژاوی دەکات کە تێیدا بێباکی و گوێنەدانی دەسەڵات بەرامبەر بە باری ڕۆشنبیری گەیشتووەتە لووتکە. ئەم پشتگوێخستنە نەک تەنیا سستبوونی ڕەوتی ڕۆشنبیری لێدەکەوێتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی سڕینەوەی هێدی هێدیی شوناسی هۆشیاریی کۆمەڵگەیەک کە ساڵانێکی درێژە لەژێر قورسترین گوشارەکاندا بەرگەی گرتووە و سەنگەری زانستی چۆڵ نەکردووە. دەسەڵاتی ڕامیاری و کارگێڕی، لەبری ئەوەی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان وەک کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی شوناس و پێشخستنی مرۆڤ تەماشا بکات، بە تەواوی پشتی تێکردوون و خستوونیەتیە پەراوێزێکی تاریکەوە، ئەمەش وایکردووە کە کەرکووکی داهێنان، لە ڕووی ژێرخانی کولتوورییەوە بەرەو داڕمان بچێت.

​ئەم گوێنەدانە بە ڕوونی لە جومگە سەرەکی و بڕبڕەی پشتی ڕێکخراوەیی شارەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە کاتێک دەست بۆ برینەکانی یەکێتیی نووسەران یان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەبەین، لە ڕاستیدا دەستمان خستووەتە سەر بەسوێترین کێشەی بێباکی و فەرامۆشکردنی دەسەڵات. ئەم ناوەندانە کە پێویست بوو ببوایە بە بنکەی بڕیاردان، نوێبوونەوە، ئەفراندنی ئەندێشەی نوێ و ڕێبەرایەتیکردنی دەنگی ئازادی کۆمەڵگە، ئێستا بە دەست چەقبەستووییەکی زۆرەوە دەناڵێنن. یەکێک لە گەورەترین نیشانەکانی ئەم داڕمانە ڕێکخراوەیی و کارگێڕییە، ئەنجام نەدانی کۆنفرانس و دەنگدانە، ساڵانێکی درێژە ئەم ناوەندانە لە دۆخێکی سڕبوودا هێڵراونەتەوە، هیچ جۆرە دەنگدانێکی پیشەیی و دیموکراتی تێدا ئەنجام نادرێت بۆ ئەوەی خوێنێکی نوێ، ئەقڵییەتێکی نوێ و نەوەیەکی پڕ وزە بێنە پێشەوە و شێوازی کارکردن بگۆڕن. ئەم ڕێگرییە ناڕاستەوخۆیە یان ئەم کەمتەرخەمییە گەورەیەی دەسەڵات لە دابیننەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ نوێکردنەوەی ڕەوادان بەم ڕێکخراوانە، وایکردووە کە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان تووشی جۆرێک لە پیربوون و پەککەوتن ببن، کاتێک دەنگدان کورت دەکرێتەوە و ئەنجام نادرێت، متمانە لە نێوان ڕۆشنبیر و ناوەندە فەرمییەکەی خۆیدا نامێنێت، تاکی داهێنەر هەست بە بێهیوایی دەکات و دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هیچ خواستێک نییە بۆ چاکسازی و پێشخستنی ڕەوشەکە.

​ژێرخانی هەر بزاڤێکی ڕۆشنبیریی زیندوو، پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی بەردەوام هەیە، بەڵام دەسەڵات بە تەواوی شادەماری دارایی لەم دامەزراوانە بڕیوە و هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکردوون. بێ بودجەیی تەنیا بە واتای نەبوونی پارە نایەت، بەڵکو بە واتای کوشتنی هەموو جۆرە چالاکییەک دێت، کاتێک یەکێتیی نووسەران یان سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هیچ جۆرە بودجەیەکیان لەبەردەستدا نەبێت، چۆن دەتوانن کۆڕی ڕۆشنبیری، فێستیڤاڵی وێژەیی و دیداری زانستی ساز بکەن..؟

 چۆن دەتوانن بەرهەم و دەستنووسی نووسەرانی شارەکە چاپ و بڵاو بکەنەوە کە زۆربەیان لەبەر بێدەرامەتی لە سووچی ماڵەکاندا تۆزیان لێ نیشتووە..؟ ئەم ڕەوشە ناهەموارە وایکردووە کە ڕێکخراوەکان تەنانەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی خۆیشیان دەستکورت بن، ئەمەش سووکایەتییەکی گەورەیە بە پێگەی داهێنەران و نووسەرانی شارەکە. تەرخان نەکردنی بودجە بۆ کەرتی ڕۆشنبیریی کەرکووک پەیامێکی ناڕاستەوخۆی دەسەڵاتە کە پێمان دەڵێت هۆشیاری، کولتوور و وێژە لە دواپۆلێن و کۆتایی خشتەی بایەخدانی کارگێڕی و ڕامیاریدان و هیچ بەهایەکیان پێ نادرێت.

​ئەم پشتگوێخستنە سیستماتیکە دەبێتە هۆی دروستبوونی کەلێنێکی گەورە لە نێوان دەسەڵات و چینی هۆشیاری شارەکەدا، کاتێک نووسەر یان ڕۆژنامەنووس دەبینێت کە تەواوی کایەکانی ژیان برەو پێدەدرێت یان ململانێی توندی لەسەر دەکرێت بەڵام کایەی زانست بە تەواوی فەرامۆش کراوە، تووشی جۆرێک لە نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و هزری دەبێت. ڕۆژنامەگەریی کەرکووک کە هەمیشە دەنگێکی بوێر و مێژوویی بووە لە پاراستنی ڕاستییەکاندا، ئێستا بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی و ڕێکنەخستنی ڕێڕەوە پیشەییەکانی لە ڕێگەی دەنگدانێکی پاک و بێگەردەوە، لەبەردەم مەترسیی لاوازبووندایە. دەسەڵاتداران لەوە تێناگەن کە هێزی ڕاستەقینەی کەرکووک تەنیا لە سەرچاوە سروشتییەکانیدا نییە، بەڵکو لەو سامانە مرۆیی و ئەقڵییە داهێنەرەدا کڵپە دەسەنێت کە دەتوانێت مێژوو بنووسێتەوە و ڕووداوەکان ئاراستە بکات.

​گرێکوێرەی سەرەکی و ستەمە گەورەکە لێرەدایە؛ کە ناوەندی دەسەڵات لە بەغدا، تەواوی چاوی لەسەر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و یەکێتیی نووسەرانی گشتیی عێراقە و تەنیا ڕەوادان و پاڵپشتی دەبەخشێتە ئەو ناوەندانەی کە لەژێر ڕکێفی خۆیدان، بەڵام بەهیچ شێوەیەک گوێ بە ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی کورد نادات و وەک پێکهاتەیەکی دابڕاو و بێگانە تەماشایان دەکات. ئەم شارە خێرنەدیوە لە هەردوولاوە بووەتە قوربانی؛ نە ناوەند ئاوڕی لێدەداتەوە و نە هەرێمیش وەک پێویست خەمەکەی هەڵدەگرێت، بەڵام لایەنی ناوەند بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، کار بۆ پەراوێزخستنی قەڵەمە کوردییەکان دەکات و دەیەوێت شوناسی ڕۆشنبیریی ڕەسەنی شارەکە کاڵ بکاتەوە. ئەم فەرامۆشکردنە دووسەرەیە وایکردووە کە داهێنەرانی کورد لە کەرکووکدا لەناو نیشتمانی خۆیاندا هەست بە نامۆیی و بێدەرەتانی بکەن، بە جۆرێک کە چەپڵە و دەست خۆشی بۆ ناوەندە فەرمییەکانی دەرەوەی شارەکە بێت و بێبەشی و چەوسانەوەش بۆ نووسەرانی ناو جەرگەی کەرکووک .

​ئەنجامی ئەم بێباکییە، چۆڵبوونی گۆڕەپانی ڕۆشنبیرییە لە چالاکی ڕەسەن، گۆڕینی ناوەندەکانە بۆ شوێنی بێدەنگ و مات کە تەنیا ناویان ماوە و ناوەڕۆکیان لێداماڵدراوە. کاتێک کۆنفراس ناکرێت، کاتێک گۆڕانکاری لە دەستەکاندا ناکرێت و دەرگا لەبەردەم گەنجانی خاوەن بیرۆکەی نوێدا دادەخرێت، شارەکە بەرەو جۆرێک لە وشکبوونی هزری هەنگاو دەنێت. ئەرکی دەسەڵات تەنیا بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کاروباری گشتی نییە، بەڵکو زیندوو ڕاگرتنی گیانی کۆمەڵگەیە کە لە کولتوور و ئەدەبدا بەرجەستە دەبێت. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و بێدەنگبوونی دەسەڵات بەرامبەر بە داواکارییەکانی ڕێکخراوە وێژەیی و ڕۆژنامەوانییەکان، هێمایەکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشەی شارستانی لە کەرکووکدا، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەم ڕوانینەدا بکرێت و بودجەی شایستە و زەمینەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن و چالاکییەکان بخرێتە گەڕ پێش ئەوەی چرای داهێنان لەم شارە دێرینەدا بە تەواوی کز بێت.

​ئەم کەمتەرخەمییە نەک هەر کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی تاکی نووسەر و ڕۆژنامەنووس داناوە، بەڵکو سیمای شارستانیی کەرکووکیشی لەبەردەم ناوچەکانی تردا کز و لاواز کردووە، چونکە کاتێک میوانێک یان توێژەرێک ڕوو لەم شارە دەکات، دەیەوێت لە ڕێگەی بەرهەمە ئەدەبییەکان، گۆڤارە هزرییەکان و چالاکییە هەمەجۆرە کولتوورییەکانەوە ئاشنای مێژوو و دیرۆکی ئەم خاکە بێت، بەڵام کاتێک دەبینێت ناوەندە فەرمییەکانی وەک یەکێتیی نووسەران و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەبەر بێبودجەیی دەرگاکانیان داخراوە یان تەنیا وەک تەلاری بێ ڕۆح وەستاون، تێدەگات کە چۆن ئەقڵی بەڕێوەبردن لەم شارەدا بە تەواوی لە گرنگیی زانست دابڕاوە. دەسەڵاتداران وا ڕاهاتوون کە هەموو شتێک بە پێوەری بازرگانی و ململانێی ڕامیاریی کاتی بپێون، وایان زانیوە کە پاڵپشتیکردنی نووسەران جۆرێکە لە بەخشش یان پیاوەتی، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکێکی یاسایی، نیشتمانی و ئاکارییە، کە لەسەر شانی هەر دەسەڵاتێکی هۆشیار فەرزە، چونکە بێدەنگ کردنی دەنگی خامە و سڕکردنی بزاوتە پیشەییەکان، ڕێگە خۆش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی نەزانین، دواکەوتوویی و سڕانەوەی ئەو مێژووە زێڕینەی کە کەرکووکی پێ دەناسرایەوە.

​نەبوونی کۆنفرانس و ڕێگریی ناڕاستەوخۆ لە ئەنجامدانی دەنگدانی پاک، جۆرێک لە گەندەڵی و ڕەوا نەمانی بەسەر ئەم دامەزراوانەدا سەپاندووە، چونکە مانەوەی هەمان ئەو دەموچاوانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەبێئەوەی لە لایەن دەستەی گشتییەوە هەڵبژێردرێنەوە، متمانەی پیشەیی لەناو دەبات و وا دەکات کە تەنانەت ئەندامانیش خۆیان بە دوور بگرن لە چوونە ناو ئەم ناوەندانە. نووسەری لاو و ڕۆژنامەنووسی گەنج کاتێک دەبینێت دەرگای نوێبوونەوە گیراوە و دەسەڵاتیش پاڵپشتیی لایەنێک دەکات کە دۆخی چەقبەستووی پێ باشترە، ناچار دەبێت پێنووسەکەی بشکێنێت یان هێزی خۆی لە شوێنی تردا خەسار بکات، ئەمەش گەورەترین زیانە کە بەر سامانی مرۆیی شارەکەدا دەکەوێت. کەرکووک پێویستی بە تەقینەوەیەکی هزری و گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە لە کایەی ڕۆشنبیریدا، ئەمەش بەدی نایەت مەگەر بەوەی کە سندوقەکانی دەنگدان بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو هۆڵەکانی یەکێتیی نووسەران و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، تا پێگەی ڕاستەقینە بدرێتەوە دست ئەو کەسانەی کە خەمخۆری ڕەسەنی وشە و ڕاستین، نەک ئەوانەی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی کاتی و خۆنزیک کردنەوە لە ناوەندەکانی هێز لەوێدا نیشتەجێ بوون.

​هاوكات، بڕینی تەواوەتیی بودجە و نەبوونی هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی دارایی، وایکردووە کە ناوەندە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکان نەتوانن تەنانەت گۆڤارێکی وەرزی یان ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی دەربکەن کە گوزارشت لە ڕووداوەکان و ژیانی خەڵکی کەرکووک بکات، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی میدیایی و هزریی دروست کردووە کە لایەنی تر بە ئاڕاستەی جیاواز پڕی دەکەنەوە. دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسی لە کەرکووک دەبێت لەوە تێبگات کە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی تەنیا بە چەک و هێزی سەربازی نابێت، بەڵکو بە هێزی هۆشیاری و زانستە، کە لە ناو دڵی کایە ڕۆشنبیرییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک تۆ پشت لە ڕووناکبیر دەکەیت، لە ڕاستیدا دەرگا بۆ تاریکی و شێواندنی دۆخەکە دەکەیتەوە. بۆیە ئەرکی جەماوەر و تەواوی دەنگە ئازادەکانە کە لە ڕێگەی لاپەڕەکانی ڕۆژنامە و گشت کەنالەکانەوە گوشارێکی بەردەوام دروست بکەن، تا دەسەڵات ناچار بکرێت بودجەیەکی تایبەت و شایستە بۆ کەرتی ڕۆشنبیریی کەرکووک دابین بکات و کاتی کۆنفرانس و دەنگدانەکان دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی شەرعییەت و شکۆ بۆ ڕێکخراوە دێرینەکانی شارەکە بگەڕێتەوە و کەرکووک وەک هەمیشە بە زیندویی و پێشەنگی بمێنێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا