
رۆژێکی نوێ ، ئافراندنی مێژوویەکی نوێی هاوچەرخ ، هەندێ مرۆڤ وەك مێژوو وان ، نە لەبیردەکرێن ، نە دووبارە دەبنەوە تا تەپڵی قیامەت !
14 ی تەمموز ، یەکێکە لە شۆڕشە هەرە مەزنەکان و مێژووییەکانی سەدەی رابردوو و هاوچەرخی گەلانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوین . مەزن و ناسنامەی ئەو شۆڕشە ( نەك کودەتا ) تەنها لە بەرپاکردن و کۆمەڵێك ریفۆڕم و گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کایەکانی تر قەتیس و بەرجەستەنابێت ، بەڵکو ترس و لەرز و دڵەڕاوکێ و بێئۆقرەیی خستە دڵ و دەروونی داگیرکەران و سەرمایەدارانی جیهانی کە عێراقیان وەك قەڵا پۆڵایینەکە ناسکردبوو ، وڵاتانی ئیقلیمی ، پەرچە کرداری ڵێکەوتەوە .
رۆژنامەی TIMES ی لەندەنی :
" بشێوی لە عێراق ، بشێوی بوونی رۆژئاوایە لە رۆژهەڵاتی ناوین ، ئەگەر شۆڕشەکە سەرکەوێ ، رۆژئاوا کارەساتی تێدا دەکەوێ . "
گۆڤاری The Economist یش دوورتر رۆیشت و بە " هەڕەشە ئامێزی ناوزەد کرد بۆ سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی جیهانی ، ئەسپە سەرکەشەکەی عێراق هەڵاتووە ، دەرگای گەوڕەکە بە کراوەیی جێمەهێڵن ."
لە سەر کەناراوەکانی لبنان ، ئەمەریکا هێزی دابەزاند ، بەریتانیاش لە ئوردن ، هەوااگری مۆساد ، ئێران کەوتە ئامادەباشی ، تورکیاش هێزی رەوانەی سنوور کرد ، میسری جەمال عەبدولناسڕیش لەگەڵ ناسیۆنالیستە عەرەبە توندڕۆ و رەگەزپەرستەکان ، بەعسییەکان و کوردەکان ، هەموویان کەوتنە پیلان و لە 8 ی شوباتی 1963 خەنجەری ژاراوییان لە پشتی حکومەتە نیشتیمانییەکە دا و عێراقیان خزاندە ناو گۆمی خوێن ، ئاشووپ ، کودەتا و ناسەقامگیری کە تا ئێستا خۆشی بەخۆیەوە نەدیوە ،زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆش عێراق بەڕێوەدەبەن ، نەوەکانی ئەو باوك و باپیرانەن کە دەستیان سوورە بە خوێنی گەلانی عێراقی چواردەی تەمموز .
شرۆڤەکاران و ئەکادیمیستان و شارەزایانی بواری مێژوو ، زانستیانە و بێ لایەنانە ، تەنها چاویان لەسەر بەراوردکردن و شێکردنەوە و تەتەڵەکردنی دەستکەوتەکانی قۆناغەکانی سەردەمی پاشایەتی ، سەردەمی کۆماری 14 ی تەمموز و پاش کودەتا شوومەکەی 8 ی شوباتی 1963 تا وەکو ئێستا چی کراوە ، دەستکەوتەکان چین لەرووی سیاسی نیشتیمانی و سەرجەم سێکتەرەکانی ژێرخانی ئابووری و ....... .
گەر چاوپیاخشاندنێکی خێرا بەسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی 14 ی تەمموزدا بگێڕدرێ لە دەستپێکی شۆڕشدا ، لە دامەزراندنی دەوڵەت لەفۆڕمێکی مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز ، لە راگەیاندنی سەربەخۆیی کۆماری عێراق ، دەرچوونی لە کۆتوبەندی رێککەوتنە نێو دەوڵەتی و هەرێمییەکان ، دەستگرتن بەسەر سامانی نیشتیمانی خۆماڵیکردنی ، کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی رەهای چینە باڵا و دەستڕۆیشتووانی بازرگان و ئیمتیازات بەخشینەکان ، گەڕانەوەی دەسەڵات و بڕیار بۆ گەل ، چەسپاندنی مافی گەلی کورد لە دەستوور ، پێکەوە ژیان ،یاسای چاکسازی کشتوکاڵی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی دەرەبەگ بەسەر جوتیاران ، نەهێشتنی بێکاری و هەژاری و ژیانێکی شایستە ، یەکسانی لە ماف و ئەرکدا ، مافپەروەری و دادپەروەری ، وەستانەوە دژی گەندەڵی ، رێزگرتن لە مێژوو و پاراستنی ناسنامەی هەموو پێکهاتەکان ، ئازادی رادەربڕین و پێکهێنانی کۆمەڵە، رێکخراو ، سەندیکا و گردبوونەوە ، یاسای باری کەسێتی و چاودێری کۆمەڵایەتی ، کەمکردنەوەی باج ، پەروەردە و فێرکردن بەخۆڕایی ، تەندروستی ، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ، خزمەتگوزاری گشتی لە بنیادنان و گەشەکردن ، بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵك و ........ ، زەمینەلەرزەیەکی مێژوویی بە ناوەڕۆکێکی نوێ ، وەچەرخانێکی گرنگی بێ وێنەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوین ، شکۆ و ناسنامەی گەڕاندەوە بۆ عێراق و تاکەکانی ، بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی چینە چەوساوەکان ، راستگۆبوون لەگەڵ هاوڵاتی ، دڵسۆزبوون بۆ پەیامەکەیان و کارامە و ڵێهاتووبوون بۆ کارەکانیان .
تا ئێستا شۆڤینیست ، ناسیۆنالیستە نەتەوەپەرستەکان ، بیرتەسك و قین لە دڵەکان ، ئەو هەموو جورج و جانەوەرانەی لە دوای 8 ی شوبات لە دکتاتۆر ، بکوژ ، جەللاد ، دز و .... سەریان لە زێرابەکە دەرهێنا ، ئۆقرەیان لێهەڵگیراوە ، کەوتۆنەتە پەلاماردان و تۆمەتبەخشین ، هەڵڕژاندنی ژەهرە بۆگەنەکەی ناخیان ، بەرامبەر ئەو تەوژمە رۆناکییەی کە تاریکی بەسەر گەلانی عێراقی راماڵی .
14 ی تەمووز ، ئەوەی سەڵماند بۆ گەلانی عێراق و سەرجەم مافخوراوان ، بوو بە مێژوو ، بوو بە قوتابخانە و خوێندنگایەك ، پێشەنگیك بۆ ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان .
ئیدریس سدیق
سێشەممەی 2026 / 7 / 14
