
زاهیر باهیر
ئابی 2026
بەشی دوەم وکۆتایی
لێرەدا من قسەم لەسەر زاراوەی ' بەریەککەوتنی کولتوورە ' کە زەمینەی دروستکردنی ئەم دەستەواژەیە بوونی ئەو جیاوازییە کولتوری و نەریت ئادابەیە کە هەیە لە نێوان میللەتاند. ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ ململانێ، یان تێنەگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخان کولتووری جیاوازدا. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە جۆرێك لە تێگەیشتن لە مێژو و پێناسینی کولتوورە جیاوازەکە مامەڵە بکرێت .
کاتێك ئەو تێگەیشتن و زانیارییە نییە دەربارەی کولتوورەکانی دیکە ئیتر لە نەزانییەوە بێت یاخود گوێ پێنەدان بێت مشتومڕێکی توند و تیژ، توڕەیی و ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێکان زاڵ دەبێت و جێگای گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن دەگرێتەوە ، کە لەوانەیە تەنها تێنەگەیشتنێك بێت، هیچ دژواری و ناکۆکییەکی تێدا نەبێت.
بێ گومان هەندێك ئادابی کۆمەڵایەتی یا دینی هەن لەوانە نەناسینی مافی ژنان و بە کەمگرتنیان، نایەکسانییان، بەشوودانیان بە زۆر، بەشوودانی
کچانی منداڵ ، خەتەنەکردنی کچان، دژایەتیکردنی هاوڕەگەزخوازان و ترانس، ئەمانە دەبێت ڕووبەروویان ببینەوە بەڵام نەك بە بەکارهێنانی توندوتیژی و شەڕ و شۆڕ. بەدڵنیاییەوە ئەم جۆرە ئاداب و نەریتە و پەیڕەوکردنی لە وڵاتانی ئەوروپا و پیشەسازی پێشکەوتودا بەیەکدادانێك لە نێوانی ئادابی ئەوان و ئاداب و نەریتی ئەمان دا دروست دەکات .
ئەو جیاوازییە گەورەیەی کە هەیە لە نێوانی بەیەکادانی کولتوور و تێنەگەیشتن و نەناسینی کولتوری جیاواز، ئەو جیاوازیانە دەکرێت وەك حەتمی یان مەحاڵ دەربکەون و زاڵ ببن کە چەقبەستووانە بۆ چەواشەکردنی لایەنە جیاوازەکانی دیکە بەکاربهێنرێت. لە ڕوی سیاسیشەوە دەتوانرێت ئیستغلال بکرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دوژمنایەتی، جیاکاری، یان تەنانەت ململانێی خوێناوی.
لە بەرامبەردا قسەکردن لەسەر "تێگەیشتن لە کولتووری یەکدی" جەخت لەسەر گفتوگۆ و فێربوون و ڕێزگرتنی یەکتر بکرێتەوە و خەڵك هان بدرێت پێش تێگەیشتن لە داب و نەریت یان
بیروباوەڕی جیاوازیان کە هەیانە، پێش ئەوەی حوکمیان لەسەر بدەن. تێنەگەیشتن لە کولتوورێکی تر تیشك دەخاتە سەر بوونی پێویستی پەروەردە و پەیوەندی. گفتوگۆی ڕێزدار و ئامادەیی بۆ تێگەیشتن لە کەسانی دیکە دەتوانێت پێشوەختە نەزانین و نەناسینی کولتورەکان کەم بکاتەوە هەر ئاواش مەترسی ململانێکانیش. ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵك لەسەر هەموو بەهایەك یان ئادابێك ڕێکبکەون. دەکرێت بە قووڵی لە کولتوورێکی دیکە تێبگەین لە کاتێکدا کە هێشتا لەگەڵ هەندێك لە داب و نەریت یان بیروباوەڕەکانیدا ناکۆك بین. خودی ئەمەش ئاماژە دەبێت بۆ تێگەیشتن لە نێوان کەسانی پاشخانی کولتووری جیاوازدا.
ئایا لە سای ئەم سیستەمەدا دەکرێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت ؟
پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم دەستەواژەکە بە هەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی لێکدانەوەی بۆ کراوە و بۆ دەکرێت. ڕووداوەکەی سێبتەمبەری 2001 کارایی زۆر خراپی لەسەر چەمکی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵ و کۆمۆنێتی کولتور جیاواز بە شێوەیەکی نەرێیانە
هەبووە و لێکدراوەتەوە. چونکە گرفتی ئەم پرسە ئەوەیە کە زاراوەی "بەریەککەوتن" ئاماژەیە بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە و تەنانەت توندوتیژیش. هانی خەڵک نادات سەرەتا بیر لە دیالۆگ، تێگەیشتن، یان هاوکاری بکەنەوە. بۆیە کاتێك سیاسەتمەداران یان میدیاکان ئەو دەربڕینە بەبێ ڕوونکردنەوە بەکاردەهێنن، دەتوانێت ترس و دوژمنایەتی بەرامبەر کولتوورەکانی دیکە بەهێزتر بکات. زۆرێکیش لە خوێنەران ئەو دەستەواژەیەیان بەو مانایە لێکداوەتەوە کە جیاوازی شارستانیەتەکان بە شێوەیەکی سروشتی قەدەریان هەیە شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن.
کاتێکیش کە قسە لەسەر گۆڕینی زاراوەکە دەکرێت بە زاراوەیەکی دیکە، زۆرێك لە چەپەکان ، سیاسییەکان ، زانایان ڕایان وایە کە تەنها گۆڕینی ناوەکە بەس نییە. ئەگەر حکومەتەکان، میدیاکان، یان بزووتنەوە سیاسییەکان بەردەوام بن لە وێناکردنی کولتوورەکانی دیکە وەك دوژمن، ڕەنگە لە کۆتاییدا زاراوەیەکی نوێ هەمان مانای نەرێنی بەدەستبهێنێت. بە واتایەکی تر، هەم زمان و هەم شێوازی بەکارهێنانی گرنگە.
ئەوان دەڵین ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە و لە زۆرێك لە چوارچێوەکاندا بەکارهێنانی زاراوەیەکی کەمتر ڕووبەڕووبوونەوە، باشترە. چەمکێك دەبێ تا دەتوانێت بە وردی واقیع وەسف بکات بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ململانێ سروشتییە یان شتێکی حەتمییە.
ئەوە ڕاستییە کە زمان کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە و ئەو زاراوانەی کە پێشنیاری دوژمنایەتی حەتمی دەکەن دەتوانن بەشداری بکەن، بە تایبەت لە قۆناغەکانی گرژی سیاسیدا، ڕەنگە شەڕەنگێزی و لە هەندێک حاڵەتدا پشتگیری لە شەڕ بخولقێنێت. بەڵام گۆڕینی وشەکان بە تەنیا ناتوانێت ئەو مەترسیانە لەناو ببات، هەتا ئەگەر ڕوونکردنەوەی وردتر و گفتوگۆی گشتی بەرپرسیارانەشی لەگەڵدا بێت. ڕەنگە کردنی ئەوانە تا ڕادەیەك پرسەکە کاڵ بکاتەوە بەڵام لە ڕەگوڕیشە هەڵیناکێشێت.
کەواتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەکەوێتە سەر تێروانین و ئاراستەی فکری کەس و لایەنەکان کە ئەمەش وا دەکات کە وەڵامەکە ڕێژەیی بێت. هەرچی چەپەکان و ڕیفرۆمیستەکان هەن زاراوەکە
دەخەنە ناو مشتومڕی گشتی و سیاسیی سەرەکییەوە. زۆربەیان ئەوەی کە لە سەرەوە بەیانم کرد لایان پەسەندە . بەڵام لابەلاکردنەوەی تەواوی کێشەکە لای ئەوان بەستراوە بە دەسەڵات وەرگرتن، دەوڵەت و گۆڕانکاری بۆ دەسەڵات و دەوڵەتێکی دیمۆکراسی کە نوێنەرایەتی تەواوی گەل بکات. بە ڕای ئەوان ئەو کاتە ئەم پرسەش دەبێتە یەکێك لە پرسەکانی دەوەڵەت و دامەزراوەکانی کە دەتوانن بوار بۆ دانوستان و فێربوون و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بخولقێنن.
بەڕای من کێشەکە تەنها زاراوە نییە، هەروەها لە پرۆسەی گۆڕانی دەسەڵات و دەوڵەتیشدا لابەلا نابێتەوە. شێوازی تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان کولتوور و گەلە جیاوازەکان. ئەوەندەی من بزانم ڕێبازی ئەنارکیستی ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە بوونە گەورە و جێگیرەکان کە پێیان دەوترێت "شارستانیەتەکان" بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ یەکتردا ناکەونە ململانێ . بێ گومان زۆر یان کەم موسڵمانان هەن دژایەتی پاوانخوازی ئیسلامی دەکەن و ڕۆژئاواییش هەن دژایەتی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا دەکەن. هەروەها دەشکرێت موسڵمانانێك و
ڕۆژئاوایی هەبن کە هاوکارییەکی تەواو باشیان هەبێت.
بەڕای من ڕەنگە دروستتر بێت کە دەستەواژەی "ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندی" لە جێگای دەستەواژەی " بەیەکادانی کولتوری جیا یاخود شارەستانی جیا" دابنرێت. کێ هەیە نکوڵی لەوە بکات کە کولتوری هەندێك لە وڵاتە ئیسلامییەکان، وەکو سعودییە ، پاکستان و دەولۆتکەکانی کەنداو و ئەوانی دیکە لەگەڵ ئەمەریکا و بریتانیاو وڵاتانی ئەوروپادا زۆر جیاوازن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ' جیاوازی ئەو کولتورە نابێتە بەکارهێنانی توندوریژی و جەنگ لە نێوانیاندا، چونکە لە بەرژەوەندی یەکدیدا پەیوەندییەکانیان یەکە ، هەر کاتێکیش بەرژەوەندی نێوانیان نەما پەیوەدنییان گەیشتە ڕادەیەك، بێ گومان ململانێی پاوانەخوازی و دەسەڵات دەکەوێتە بەینیانەوە، لە هەندێك کاتیشدا ڕەنگە بگاتە جەنگ . لەو کاتەشدا زاراوەی کولتووری جیاواز و بەیەکادانی کولتوورەکان بۆ ناکۆکی جەنگەکان دەبنە پاساو.
جیاوازی مرۆڤایەتی بە ناچاریی، ناکۆکی و ململانێ بەرهەم ناهێنێت. ململانێ و ناکۆکی کاتێك
سەرهەڵدەدات کە جیاوازییەکان بەهۆی سیستەمی دەسەڵات و باڵادەستی و کێبڕکێ و لێبوردەیی، بگۆڕدرێن بۆ دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان.
لەم قۆناخەی ئێستادا کە هێشتا دەوڵەت و پایە سەرەکییەکانی، جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵی پلەبەندیی / هیرراشی هەن و بەردەوامن دەکرێت لە ئێستادا بەشێك لە خەباتمان کەمکردنەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵات بەخۆوە بگرێت کە جیاوازی و پەیوەندی نێوان خەڵك دەگۆڕن بۆ بەرژەوەندخوازی و هەژموون و دوژمنایەتی و توندوتیژی. واتە زەروورە ئەرکی هەنووکەیمان هاندانی دروستبوونی ، دروستکردنی کۆمەڵگە و کۆمۆنێتی ئازاد، ئاڵوگۆڕی کولتووریی، سەربەخۆیی/ئۆتۆنۆمی تاك بێت. هەروەها خەبات دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت بە هەموو شێوەکانییەوە ، هاوپشتی نێونەتەوەیی، نەك ئەوەی کە ئەمڕۆ ناوی لێنراوە شارستانیەت، ناسیۆنالیزم، دەسەڵاتی دەوڵەت، ململانێ و کێبڕکێی میلیتاریی، کۆمەڵی پلەبەندیی ، هەرەمیی و دەسەڵاتی ئایینی یان ئایدیۆلۆژی
