ستار ئەحمەد

مێژووی درووستبوونی شارستانییەت و قەوارەی  ڕامیاری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەواهی ئەوە دەدات کە نەتەوەی کورد بەردەوام لە هەوڵی چەسپاندنی ناسنامەی خۆی و داڕشتنی جۆرێک لە دەسەڵاتداریی سەربەخۆدا بووە. لە نێو ئەو هێزە سیاسی و سەربازییانەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا توانییان ناوەندێکی بەهێزی بڕیاردان لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە شاری هەولێر دابمەزرێنن، مێرنشینی هەزبانی (دەوڵەتی هەزبانییەکان) دەسکەوتێکی شارستانی و نەتەوەیی بەرچاو بوو. هەزبانییەکان تەنیا بنەمالەیەکی حوکمڕان نەبوون، بەڵکو مۆدێلێک بوون لە پێداگریی کوردبوون و ڕێکخستنی تواناکانی ناوچەکە لە بەرامبەر زێدەڕۆیی و پەلاماری دەرەکی.
پێگەی نەتەوەیی و کوردبوونی هەزبانییەکان لە سەردەمێکدا دەرکەوت کە ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی ململانێی توندوتیژی جێنشینی و هێزە ناوچەیییە ناكوردەکاندا بوو. دەسەڵاتدارانی ئەم مێرنشینە بە ژیراییەکی ڕامیاریی باڵاوە پشتیان بە ڕەچەڵەک و هۆزە کوردییەکانی ناوچەکە بەست، بە تایبەت هۆزەکانی دەشتی هەولێر و مەخموور و حەویجەی ئێستا، بۆ ئەوەی ببنە کۆڵەکەی سەرەکیی سوپا و کارگێڕیی دەوڵەتەکەیان. ئەم هەڵوێستە بە کردەوە واتا و ناوەڕۆکی کوردیبوونی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا بەرجەستە کرد، چونکە پشتیوانیی ناوخۆیی و ڕەسەنایەتیی کۆمەڵایەتییان کردە بنەمای ڕەوایەتیی دەسەڵاتەکەیان، نەک ملکەچبوون بۆ میرنشینە بێگانەکان.
ژیریی و دانایی میرانی هەزبانی، بە تایبەت سەردەمی زێڕینیان لە ژێر دەسەڵاتی ئەبو ئەلهەیجای هەزبانی و میرەکانی دواتریدا، لەوەدا ئاشکرا بوو کە توانییان لە نێوان هێزە گەورەکانی وەک بوویهییەکان و سەلجوقییەکاندا هاوسەنگیی هێز بپارێزن. کاتێک شەپۆلی هێرشەکانی غوزەکان بەرەو هەولێر و ناوچە کوردییەکان ئاراستە کرا، هەزبانییەکان وەک قەڵغانی بەرگریی نەتەوەیی ڕاوەستان و شارەکەیان لە وێرانکاری پاراست. ئەم بەرگرییە تەنیا بەرگریکردن نەبوو لە خاک، بەڵکوو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەیەکی کوردی بوو کە لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەخۆیەوە دەبینی.
لە لایەکی ترەوە، شاری هەولێر لە سایەی دەسەڵاتی هەزبانییەکاندا لە شارۆچکەیەکی ئاساییەوە بووە ناوەندێکی گرنگی شارستانی و ڕۆشنبیری. میرانی دەوڵەتەکە گرنگییەکی زۆریان بە دروستکردنی بینای گشتی، قەڵا، و ناوەندی زانستی دەدا، کە ڕێگەی خوش کرد بۆ ئەوەی زانایان و ئەدیبان لە ناوچە جیاوازەکانەوە ڕووی تێبکەن. ئەم پشتیوانییە ڕۆشنبیرییە بووە هۆی ئەوەی کە هەولێر ناسنامەی مێژوویی و ڕۆشنبیریی خۆی بپارێزێت و بنەمایەک دابمەزرێنێت کە دواتر لە سەردەمی مڤفر الدین كۆكبری و ئەتابەکییەکاندا گەیشتە لوتکەی گەشە سەندن.
مێژووی دەسەڵاتداریی هەزبانییەکان تەنیا لاپەڕەیەکی کۆن نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی مێژوویی زیندووە لەسەر توانای کورد بۆ خۆبەڕێوەبردن و داڕشتنی ڕامیاری سەربەخۆ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. ئەو مێرنشینە سەلماندی کە کوردبوون لە هەولێردا خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی دێرینی شارستانی و سەربازییە، و توانیی هەولێر وەک ناوەندێکی نەبەز و ئاوەدان لە مێژووی ناوچەکەدا بهێڵێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا